مایا تیمورزاێڤنا ئەمیری*
وەرگێڕانی د. سوارە شاکەلی
ئەم بابەتە(1) باس لە بنەچەی کورد و هەندێک لایەنی ژیانی کورد لەسەر خاکی ئەرمینیا و ئەو فاکتەرانە دەکات کە رەوتەکانی پەیوەندیی نێوان گەلی کورد و گەلی ئەرمەن لە ماوەی سەدەکانی 18 و 19 دەخاتەڕوو.
رەچەڵەکی کورد، لەسەر خاکی ئەرمینیای ئەمڕۆ بۆ پێش سەردەمی بنیاتنانی دەسەڵاتی ئەرمەنی دەگەڕێتەوە.
روانگەیەک هەیە، کە عەشیرەتە کۆچەرییەکانی کورد لە هەردوو بەری بەرزاییەکانی ئارارات دەژیان، هەر بەپێی بۆچوونی توێژەری ئەڵمانی (م. واگنەر)، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا هۆزەکانی کورد نەک لە بەری ئارارات، بەڵکو لە باشووری ئەرمینیای روسیادا ژیاون، بەڵام لە باشوور و خۆرهەڵاتی لەوەڕگە بەرزەکانی دەریاچەی گۆچکەشدا ژیاون، بەشێک لەو هۆزانەی کورد زۆر بە باشی لەگەڵ هۆزە کۆچەرییە ئێزدییەکاندا تێکەڵ بوون.(2)
وەکو مێژوو، تەنانەت تا ئەم دواییانەش، کوردی کۆمارەکانی ترانسقەوقاز (خوارووی قەوقاز/ وەرگێڕ)، ژێردەستەی دەوڵەتی عوسمانی و شای ئێران بوون.
لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا کورد بە تایبەتی ئەوانەی خەریکی ئاژەڵداری بوون، (زۆربەی کوردە موسڵمانەکان)، لە گەڕان بە دوای لەوەڕگەی نوێدا، سنوورەکانی ئەرمینیای مۆدێرنیان بەزاندووە. زۆرێک لەو کوردانە کەسوکاریان هەبووە، کە لەو ناوچانەدا ژیاون.
لە سەدەی 16 و 17دا. یەریڤانیش وەک هەموو ناوچەکە، گۆڕەپانی شەڕە وێرانکەرەکانی عوسمانی و سەفەوی (جەنگی تورک و فارس)، بە کاردەهێنرا، ئەم رەوتە کاریگەریی جددی لەسەر پڕۆسەی دیمۆگرافیای ناوچەکە هەبوو.
ژمارەی دانیشتوانی ئەرمەن بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد. هەر لەو ماوەیەدا کورد لە ناوچەکە نیشتەجێ بوو.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی (1713 - 1804)، گواستنەوەی خاناتی کەرەباخ بۆ سەر روسیا، کورد، وەک یەکێک لە نەتەوەکانی پێکهاتەی گەلانی روسیادا دەرکەوت. وادەر دەکەوت، ژێردەستە نوێیەکانی روسیا، کە لە ناخەوە زۆر سەرسام نەبوون بەو یاسا و رێکارە نائاشنایە نوێیانەی کە بۆیان دەردەکرا. هەر لەسەر ئەم بابەتە، لە هەندێک ناوچەدا بەهۆی نەگونجانیانەوە لەگەڵ ئەو بارودۆخە نوێیەدا، کە بۆیان هاتبووە ئاراوە، لە هەندێک ناوچە گواستنیانەوە بۆ یەریڤان.(3)
چەندین شوێنی نیشتەجێبوونی کورد لە ئەنجامی کۆچی گەورەی دانیشتوانی کورد لە چارەکی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، دوای ئیمزاکردنی پەیمانی (تورکمانچەی) نێوان روسیا و فارس لە ساڵی 1828(4) و هەروەها لە ساڵی 1829 لە پەیماننامەی (ئەدریانۆپلی) نێوان روسیا و دەوڵەتی عوسمانی، هاتنەئاراوە.(5)
بەم شێوەیە زەوییە نوێکان و هەموو ئەو گەلانەی کە نیشتەجێیبوون، کەوتنە ژێر دەستی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای روسیا. بە پێی ئەم پەیماننامانە، بەشێک لەو خاکەی کە کورد و ئەرمەنی تێیدا نیشتەجێبوون، کەوتنە سەر قەڵەمڕەویی روسیای قەیسەری، لە ئێران ناوچەکانی: سەڵماس، خوی، ورمێ و... هتد. هەروەها لە تورکیا: وان، ئەرزڕۆم، قارس و... هتد. هەم دانیشتوانی کورد و هەم ئەرمەن روویان لە خوارووی قەوقاس کرد.
بە درێژایی سەدەی 19ـەمدا لە ئیمپڕاتۆریای روسیادا، کورد بەبێ هیچ رێگرییەکی ئەوتۆ لەگەڵ مێگەلەکانیاندا لە کۆچ و شوێن گۆڕکێدا بوون.
لە نیوەی دووەمی سەدەی 19ـەمدا، کورد بە شێوەیەکی سەرەکی لەم ناوچانەدا سەرقاڵی کۆچکردن بوون، لە یەکە ئیدارییەکانی: یەریڤان، ئیچمادینسسک و سورمانلێنسک سەربە پارێزگای یەریڤان.(6) لە ساڵی 1828 بەپێی بەندەکانی رێکەوتننامەی ئاشتی (تورکمانچە)، خانی یەریڤان و (هەروەها خانی نەخچەڤان) هاتنە سەر قەڵەمڕەویی ئیمپڕاتۆریای روسیا و لێرەوە پارێزگای ئەرمینیا پێکهێنرا.(7)
لە سەروبەندی جەنگدا، ژمارەی دانیشتوانی ئەرمەن لە ناوچەکەدا زۆر کەمیکرد. بەشێکی زۆریان هەڵهاتن بۆ تەفلیس، بۆ نموونە: لە 1827 ئەرمەن لە کۆی گشتی دانیشتووانی یەریڤان تەنها 20 ٪ ی پێکدەهێنا، کۆی 80 ٪ی دانیشووانەکەی موسڵمانەکان بوون؛ (کورد، تورک و فارس) بوون. بەڵام لە پاشهاتی ئەمەدا، سەرکردەکانی ئەرمینیا توانییان لە رێگەی سەرکردە سەربازییە روسەکان و بە رێگەی دیپلۆماسی، وەک مەرجی پێشوەختە ئەوە بەسەر ئێراندا بسەپێنن کە (گواستنەوەی ئەرمەن لە فارسەوە بۆ خۆرهەڵاتی ئەرمینیا)، لەگەڵ ئەوەشدا کۆچکردنی موسڵمانەکان بۆ فارس ئەکتیڤتر بوو، لە کۆچکردنی ئەرمەن بۆ ئەرمینیا(8) هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە لە سەرەتای سەدەی رابردووەوە، زۆرێک لە کوردەکان بۆ ئەم ناوچانە هەڵهاتوون لە تورکیاوە بۆ ئەرمینیا. ئەمەش زیاتر لەو کورد و کوردە ئێزدییانە پێکهابوون کە دانیشتووانی شارەکانی قارس و وان بوون، چونکە ئەم شارانە لە ماوەی (1878 - 1918)، بەشێک بوون لە ئیمپڕاتۆریای روسیا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بوو کە بەشێکی زۆری تورکەکانی نیشتەجێی ئەم ناوچانە ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ ئەو ناوچانەی کە دانیشتوانەکەیان بە زۆرینە تورک بوون. هەربۆیەشە دیمۆگرافیای دانیشتوانی قارس گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هات، بە شێوەیەک لە کۆتایی سەدەی 19ـەمدا دانیشتوانی قارس لەم نەتەوانە پێکدەهاتن؛ کورد، ئەرمەن، جوو، ئۆسیتی، کەبەردین و کەراپاپاخی و یۆنانی و لە پاش ئەمانەش مۆڵۆکانی و دوخۆبۆری.(9)
لە هەموو سنووری قەڵەمڕەویی دەوڵەتی عوسمانییەوە کورد روویان لەو ناوچانە دەکرد بۆ نیشتەجێبوون.
ئیمپراتۆریای روسیایان بەشێوەک لە پارێزگاریکەر لەخۆیان تەماشا دەکرد. بەتایبەت لە لایەن ئێزدییەکانەوە، کە چەندان سەدە بوو دەچەوسێندرانەوە، تەنانەت لەلایەن کوردەکانیشەوە.
هەر ئەمەش پەیدابوونی کوردانی ئێزدی لە کۆمارەکانی خوارووی قەوقاس روون دەکاتەوە. لە دوای ئیمزاکردنی رێکەوتنامەی قارس لە ساڵی (1921)(10)، ئەم سنوورانە دیسانەوە خرانە سەر قەڵەمڕەویی دەوڵەتی عوسمانی. کورد بوون بە دیلی ئەو بارودۆخەی کە هاتە ئاراوە، وەک هەموو نەتەوە گەورەکانی دیکە کە لە ماوەی 40 ساڵی لەوەوبەردا کۆچیان کردبوو بۆ ئەو ناوچانە و تیایدا نیشتەجێ ببوون.
کشانەوەی ئمپڕاتۆریای روسیا لەم ناوچانە، کارێکی کرد، ئەو نەتەوانەی کە هاتبوونە ژێر دەسەڵاتییەوە، بکەونە بارودۆخێکی ترسناکەوە. ژیانکردن لەم شارانەدا بوو بە خاڵێکی ترسناک بۆ هەموو ئەو نەتەوانەی، کە لە مێژ نەبوو لە ناوچەکانی دیکەی دەوڵەتی عوسمانی دا دەژیان و کۆچیان کردبوو بۆ ئەو ناوچانە، بە ئامانجی پارێزگاری کردن لە بەها کەلتورییەکانیان. هەندێک لە خێزانەکان بۆ ناوچەکانی قەوقاس کۆچیان کرد، ئەمەش تەنها ئەو خێزانانە بوون کە توانای کۆچکردنیان هەبوو.
چەند کوردێکی ئەرمینیا ساڵی 1898
کۆچی کورد بۆ ئەرمینیا
کاتیک کورد کۆچیان کرد بۆ سەر خاکی ئەرمینیای نوێ، دەستیانکرد بە درێژەپێدانی ژیانی پێشوویان (بەشێوەیەکی گشتی بە ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵ بوون). دراوسێیەتیان لەگەڵ ئەرمەندا، تایبەتمەندییەکەی خۆی لەئارامیدا دەبینییەوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتە هەمیشە لە نزیک یەکترەوە ژیاون، تەنانەت لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا.
زۆرێک لە کورد تەنانەت ژیانی خۆیان دەخستە مەترسییەوە لەپێناوی ئەوەی ئەرمەنەکانیان لای خۆیان حەشار دەدا. ئەمە لەکاتێکدایە، کە خۆشیان بەر شاڵاوی راگواستن و جینۆساید بوونەوە.
ئەرمەنەکان لەنێو کوردەکاندا دۆستیان هەبوو، کە لە کاتە سەختەکاندا لە بەرامبەر تورکدا هاوکارییان دەکردن. هەروەها ئەرمەنیش توانیان ببنە نێوەندگیر لە نێوان سەرکردە سەربازییەکانی روسیا و بەگەکانی کورددا.(11) کاتێك شاڵاوی قڕکردنی ئەرمەن دەستیپێکرد لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە، زۆرێکیان توانییان پەناگە بۆ خۆیان لەنێو کورددا بدۆزنەوە، بۆ نموونە لە دێرسیم نزیکەی (20) هەزار ئەرمەن لەناو کوردەکاندا خۆیان حەشاردا.(12) کوردەکان لەکاتێکدا بەدەست هەژارییەوە دەیانناڵاند، لە هەمانکاتدا ئەو پارچە نانەی کە هەیانبوو، لەگەڵ ئەرمەنەکاندا دەیانکرد بە دوو کەرتەوە.
بەگەکانی کورد چەندین جار ئەرمەنەکانیان لەوە ئاگادارکردۆتەوە کە دەوڵەتی تورک ئامادەکاریی دەکات بۆ هێرشکردن لە دژی ئەرمەنەکان.(13)
مێژوونووسی کورد یاموڵکی(14) ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە: «(3|4)ی ئەو ئەرمەنانەی، کە لە ئەنادۆڵ لە شاڵاوی جینۆساید رزگاریان بوو، لەلایەن کوردەوە پارێزران و حەشاردران».
کوردانی ئەرمینیا لە سەدەی 19دا
راگواستنی کورد
دروستبوونی ئەرمینیای سۆڤیەتی، پاڵی بە زۆرێک لە موسڵمانانی ناوچەکەوە نا لە یەریڤان دەربچن. کاتێك یەریڤان بوو بە پایتەختی کۆماری ئەرمینیای سۆڤیەت، زۆرێك لە کوردە موسڵمانەکان بەر شاڵاوی راگواستن کەوتنەوە بەرەو کازاخستان، هەربۆیە شاڵاوی بە مەسیحیکردن بە تەواوەتی باڵی بەسەر یەریڤانی پایتەخت و تەواوی ئەو وڵاتەدا کێشا کە ئەمەش یەکێك بوو لە هەنگاوە ستراتیژییەکانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ناوچەکەدا.
راگواستنی کورد لە ئەرمینیا لە ساڵی 1937 زیاتر لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان سۆڤیەت و تورکیادا زەقبۆوە. هەروەک زۆرینەی رەهای دانیشتوانی کوردی موسڵمانی ئەو ناوچانە، بە ماوەیەکی زۆر پێش پێکهێنانی حکومەتی ئەرمینیا، کۆچیان کردبوو بۆ ئەم ناوچانە، کە لە سەدەی 20ــەمدا لە ئەرمینیا هەڵهاتن.
تورک و ئەڵمان لە جەنگی دووەمی جیهاندا هاوپەیمان بوون، ئەوەی دەیتوانی کورد لەگەڵ تورکدا یەکبخاتەوە، نزیکیی بیروباوەڕی ئایینی ئەو دوو گەلە بوو. هەرواش دەیتوانی ببێتە مایەی هەڕەشە لەسەر سنوورەکانی باشووری یەکێتیی سۆڤیەت. ئەمە لە کاتێکدابوو، کورد لە یەکێتیی سۆڤیەتدا هەستیان بە خراپیی بارودۆخیان نەدەکرد، وەک هەموو پێکهاتە و کەمینەکانی دیکەی یەکێتیی سۆڤیەت.
هەرەسهێنانی سۆڤیەت
پاش رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، زۆرێک لە کوردەکان لە ئەرمینیا و جۆرجیاوە بۆ روسیا کۆچیان کرد، بەشێکی دیکەشیان بۆ وڵاتانی دیکە. هەرەسهێنانی سۆڤیەت و پڕۆسەی دیموکراسی دەرگای واڵاکرد بۆ کوردەکانی قەوقاز، تا پەیوەندیی لەگەڵ کوردەکانی تورکیا و ئێران و عیراق و وڵاتانی دیکەی جیهاندا ببەستن. حزبە سیاسییە کوردییەکان (بەگشتی پارتە سیاسییەکانی کورد لە تورکیا و عیراق)، بە شێوەیەکی کارا کەوتنە پەلکێشکردنی کوردەکانی کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بۆ ناو ریزەکانیان و پەلکێشکردنیان بۆ نێو حزبەکانیان و ژیانی سیاسیی نەتەوەیی کورد.
لە دروستکردنی پەیوەندیی بەهێزدا، دیاسپۆرای کورد لە ئەوروپا رۆڵێکی گرنگیان گێڕا.(15) کۆمەڵە کوردییەکان هەوڵیان دەدا رۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە خزمەتکردن بە چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە تورکیا و عیراقدا. بۆ نموونە لە ئەرمینیا و ئارەزبایجان و جۆرجیا کۆمەڵە کوردییەکان هەوڵیان دەدا کونسوڵخانەی کوردستان بکەنەوە، کە پێکهاتبوو لە باشووری کوردستان، (کە دەکاتە باکووری عیراق).(16)بەشێکی زۆریان روویان لە کوردستان کرد تا لە پێناوی بە دەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ کوردستاندا خەبات بکەن.
حکومەتەکانی ئەرمینیا و جۆرجیا نەیانتوانی خۆیان لەم بابەتە بەدوور بگرن، لەگەڵ ئەوەشدا هەریەکێک لەم حکومەتانە بەشێوەی تایبەتی خۆی، چارەسەرکردنی پرسی کورد دەبینێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەیوەندیی ئەو وڵاتانەی کوردیان تێیدا نیشتەجێیە (تورکیا، عیراق، سوریا و ئێران)، لەگەڵ حکومەتەکانی جۆرجیا و ئەرمینیا جیاوازە. هەر لەم رووانگەیەشەوە چارەسەرکردنی دۆزی کورد بە قازانجی لایەنەکان نییە، هەروەها یەکخستنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردیش کارێکی ئەستەمە، چونکە ئەم پرسە پەیوەستە بە هۆکاری سیاسی و ئابوورییەوە. هەربۆیە ئەو هەوڵە سیاسییانە پڕوپاگەندەن کە باس لە یەکخستنی کورد دەکەن، بە پێچەوانەوە، کار لەسەر دوورخستنەوەی کورد دەکەن لە یەکتری و دوورکەوتنەوە لە ئێزدییەکانیش دەکرێت.
حکومەتی ئەرمینیا خوێندنەوەی بۆ کورد و ئێزیدی ئەوەیە کە دوو نەتەوەی جیاوازن.
کوردانی ئەرمینیا لە سەدەی 19دا
حکومەتی ئەرمینیا و کورد
ئەرمینیا هەندێک کەمووکوڕی هەیە لە پێگەی جیۆپۆلەتیکیدا، بۆ نموونە هیچ دەرچەیەکی بۆ سەر رێگەی ئاوی نییە، هاوسنوورە لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی: روسیا، تورکیا، جۆرجیا و ئازەربایجاندا. لە ئەرمینیا کاریگەریی ئابووریی ئێران بە هێزە، لە ئێرانیشدا ژمارەی ئەو ئەرمەنانەی کە نیشتەجێین، کەم نییە. لەگەڵ ئازەربایجاندا بەهۆی کێشەی ناگۆڕنی کەرەباخەوە تا ئەم دواییانەش لە پەیوەندییەکی جەنگدا بووە، لەگەڵ جۆرجیادا هەرچەندە لە رووکەشدا وا دەردەکەوێت کە لە پەیوەندییەکی باشدا بن، بەوپێیەی تەنها دوو وڵاتی کریستیانی قەوقازن، بەڵام پەیوەندییەکی پڕ زەحمەت و ئاڵۆز لەنێوانیاندایە.
لە ئەرمینیای ئێستادا، کورد تێکەڵاوی کۆمەڵگەی ئەرمەنی بوون. بە رەسمی لەناو پەرلەمانی ئەرمینیادا دان بە کورد و ئێزدیدا نراوە وەک دوو نەتەوەی جیاواز، هەردوو نەتەوەکەش نوێنەریان نێردراوە بۆ پەرلەمان.
سوارەی حەمیدییە
جیاکردنەوەی کورد لە ناوخۆی خۆیدا لە ئەرمینیا پێدەچێت بگەڕێتەوە بۆ سوارەی
حەمیدییە(17). لە سەردەمی جینۆسایدی گەلی ئەرمەندا، هەرچەندە لە جینۆسایدا هەموو نەتەوە غەیرە موسڵمانەکان بەرکەوتن و تەنانەت کوردە ئێزدییەکانیش 400 هەزار کەسیان بەر کۆمەڵکوژی کەوتن. بەڵام ئەرمەنەکان پێیانوایە کورد قڕیان کردوون و لە هەمان کاتدا پێیانوایە ئەو ئێزدییانەی نیشتەجێی ئەرمینیان پەیوەندییان بە جینۆسایدکردنی ئەرمەنەوە نەبووە، بەڵام ئەگەر ئێمە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی عوسمانی لەبەرچاوبگرین، ئەم کارە لەخۆوە نەبووە، لە سەرەتای ساڵی 1890، لە دەوڵەتی عوسمانیدا، پاش شاڵاوەکانی (زەکی پاشا) کە دەکاتە وەچەی چەرکاز پاشا، کە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم زۆر پێی ئاشنا بووە، ئەم دەرەنجامانەی خوارەوە دەرچوون: لە خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵ، کە بە بۆچوونی ئەو، هەموو شتێک پشتگوێ خرابوو. لەلایەکی دیکەوە مۆسکۆییەکان لە زۆر رووەوە «لە پێش ئەوانەوە» بوون، هەربۆیە راگەیەندرا: کە سوارەیەکی سوک و ناڕێکخراو بە ناوی حەمیدییە لە کوردەکان دروستبکرێت.(18) بڕیار بوو فەوجەکانی حەمیدییە بە پلەی یەکەم لە ناوچەکانی تەنیشت سنووری روسیا لەسەر بنەمای خێڵەکی پێکبهێنرێن.(19) بەو شێوەیە ویستیان کوردیش یەکبخەن لە هێزێکدا بە هەمان شێوەی کازاخەکانی روسیا، کە خزمەت بە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی ئیمپراتپریای عوسمانی بکەن.
ئامانجەکانی دەوڵەتی عوسمانی
پێکهێنانی سوارەی حەمیدییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوڵتانەوە، بۆ چەند ئامانجێك بوو؛
1-دەیانویست کوردەکان یەکبخەن و بیانکەنە هێزێکی گەورە و بەهێز لە بەرامبەر روسیا و پاشانیش وەک هێزێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئێرانی دراوسێیان.
2-هەوڵیاندا کۆتایی بە ئازادییە تەقلیدییەکانی کورد بهێنن، بەوپێیەی لەو سەردەمەدا راپەڕینەکانی کورد زۆرتر بوون، لەم رێگەیەشەوە هەموو هۆزەکان بخەنە ژێر چاودێریی توندی ئیدارەی عوسمانییەوە.
وەک سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم وتوویەتی: (لە یەکەم خاڵدا ئەرکمانە کارێک بکەین کورد بتوێنینەوە.) لە هەمان کاتدا ئەو چاکسازییە سەربازییەی لەنێو کورددا کراوە، بەپێی پلانی دەسەڵاتدارانی عوسمانی، بڕیار بوو چەکێکی بەهێز بداتە حکومەت بۆ شەڕ و بەرهەڵستکاری بزووتنەوە رزگاریخوازەکان.
هەربۆیە بە دامەزراندنی سوارەی حەمیدییە تورکەکان دەیانتوانی سێ ئامانج بەدەستبهێنن:
-بەکاریانبهیێنن لە دژی روسیا و ئێران و دانیشتوانە کرستیانەکانیان. لەبەرامبەریشدا چینی سەرەوەی کۆمەڵگەی کوردی (ئاغا و دەرەبەگەکان)، لەنێو حکومەتدا پلە و پۆستیان وەردەگرت. دەسەڵاتی تورکیا زۆر دڵفراوانانە، میدالیا و پۆست و پارەیان دەبەخشییەوە. زۆرێکیان لەو دەسەڵاتدارانەی کورد بانگهێشتی کۆشکی سوڵتان کرد. هەموو ئەمانە بۆ ئەوە رۆیشتن، کە هەموو خاوەن نفوزەکانی کورد چوون بۆ ئیستانبوڵ، لە پاشهاتی ئەمەشدا، سوارەی حەمیدییە بەکارهێنرا بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەی نێوان نەتەوەکان، هەر ئەمەش سیاسەتی سوڵتان بوو لە خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵدا.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا سوارەی حەمیدییە نەیتوانی لە ئاستی ئەو ئومێدانەدا بن، کە لێیان چاوەڕوان دەکرا، نەیانتوانی دەست بەسەر هەموو کورددا بگرن، لە هەموو ئەو حساباتەنەی، کە دەسەڵاتدارانی تورک کردبوونی.
سەرۆک هۆزەکانی کورد، کە کرابوون بە سەرۆکی فەوجەکانی حەمیدییە، دەسەڵاتی سەربازییان بەدەست هێنا. دەسەڵاتدارانی سوڵتان لە سیاسەتە نوێیە کوردییەکانیاندا سەرکەوتوو بوون، کە کوردیان لە دژی ئەرمەنەکان هاندا، حەمیدییەیان کرد بە ئۆرگانێکی حکومی بۆ تاڵانکردنی ئەرمەنە کریستیانەکان(20).
-لە سەرەتای ساڵانی 1890 یەکەکانی سوارەی حەمیدییە رێگەیان پێدرا باج لە دانیشتوانی کریستیان و موسڵمان کۆبکەنەوە.
هەموو وێرانکارییەکان، لەلایەن دەسەڵاتی سەربازی و پۆلیسی تورکیاوە رێکخرابوون، بێ دانانی سزا بۆ ئاژاوەگێڕان، کە دەستدرێژییان دەکرد بە مەبەستی خراپترکردنی پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمەن، هەر ئەم هەنگاوەش ئامانجەکانی سەرانی تورکیای بۆ بەدیهاتن، مسۆگەر کرد.
سوارەی حەمیدییە بوو بە هێزێكی بەکرێگیراو، سەرباری ئەو خاڵانەی کە لەسەرەوە باسمان کرد، کاری راوڕووت و تاوانکاریی و کوشت و بڕییان دەکرد. حەمیدییە توانی بەشێک لە ئەرکەکانی بەجێبهێنێت، لە بەرامبەر ئەرمەن و ئاشووری و کورد و هەموو ئەو نەتەوانەی کە حکومەتی ئەوسای تورکیا دەیویست گۆشەگیریان بکات و بیانچەوسێنێتەوە و وەدەریان بنێت.
هەڵوێستی ئەرمەنەکان بەرامبەر بە کورد تا رادەیەکی زۆر بەو مێژووە هاوبەشەی، کە ئەزموونیان کردووە، دیاری دەکرێت. ئەرمەنەکان هێشتا بە ئازاراوە ئەو رووداوە وەبیر دەهێننەوە، کە تێکەڵ بە هەست و سۆزیان بووە، بەڵام سیاسەت هەمیشە هەر ئامڕازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکە بەکاردەهێنێت. دەستەکانی سوارەی حەمیدییە کەرەستەیەک بوون لە دەستی سوڵتاندا، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پەیوەندیی کورد و ئەرمەنەکان دانا.
پەراوێزەکان:
1. لەم وتارەدا کوردانی ئێزدی و کورد وەک یەک نەتەوە تەماشا کراون. هەرچەندە لەمڕۆدا زۆرێک زۆر رادیکاڵانە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن، کە کوردە ئێزدییەکان و کورد دوو نەتەوەی جیاوازن، ئەم پرسە گفتوگۆ هەڵدەگرێت لە ناوەندە زانستییەکاندا و تا کۆتایی توێژنەوەی لە بارەوە نەکراوە. لە جیهاندا، لەگەڵ ئێزدییەکاندا وەک گروپێکی سەربەخۆی ئایینی لەنێو نەتەوەی کورددا مامەڵە دەکەن. نووسەر.
2.АристоваТ.Ф. Материальная культура курдов XIX ‒ первой половины XX в.: проблема традиционно-культурной общности. М.: Наука, 1990.‒ 228 с.
3. لە ساڵی 1810 نزیکەی 140 خێزان لە کەرەباخەوە هەڵهاتن بۆ لای کوردەکانی یەریڤان، گازندەی ئەوەیان هەبووە، کە روسەکان بەرامبەر بە فارسەکان پارێزگاریان لێ ناکەن و تەنها باج و سەرانەیان لێ وەردەگرن. بڕوانە راپۆرتی سەرهەنگ ئەسێیڤ بۆ ژەنەراڵ تۆرماسۆڤ نێردراوە لە 15 ئابی 1810 سەرچاوە:
Победоносцева Кая А.О. Курды в истории и политике России на Ближнем Востоке в XIX-начале XX вв. Дисс. ... канд. ист. наук, С-Пб., 2017. ‒ 168 с., с. 52. URL: https:// disser.spbu.ru/files/disser2/disser/h4dn8PKZQN.pdf.
4. ئەم رێکەوتننامەیە کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر ئەو ئەرمەنانەی، کە نیشتەجێی سەر خاکی فارس بوون. وەرگیڕ.
5.Адрианопольский договор. URL: https://histerl.ru/lectures/19_vek/adria-nopolskiy-dogovor.htm.
6 . Аристова Т.Ф. Указ. соч.
7 . Туркманчайский мирный договор 1828 года. Полный текст. URL: http://nik2nik.ru/node/36
8 . هەمان سەرچاوە.
9 . Карский договор 1921 года. URL: http://www.doc20vek.ru/node/4149
10. رێکەوتننامەی قارسی ساڵی 1921 لە بارەی دۆستایەتی نێوان گەلانی ئازەر و ئەرمەن و جۆرجی وەک کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤێیەت، لەلایەکەوە تورکیا و لەلایەکی دیکەوە یەکێتیی کۆمارە یەکگرتووەکانی یەکێتیی سۆڤیەت نێوەندگیری بوون. لە 13 ئۆکتۆبەری 1921 لە قارس، لە کۆنفرانسێکدا، کە درێژە پێدەری کۆنفرانسی 26 ئەیلولی هەمان ساڵ بوو، لە چوارچێوەی جێ بەجێ کردنی کۆنفرانسی مۆسکۆ لەنێوان یەکێتی کۆمارە یەکگرتووەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و تورکیادا کرا، لەبەر رێکەوتنی پێشوەختەی 16 ئازاری 1921. هەر بەپێی ئەم رێککەوتننامەیە، قارس و ئەردۆگان خرانە سەر تورکیا. چیای ئاراراتیش کەوتە ناو سنووری تورکیاوە. هەرئەمەش هۆکاری سەرەکییە، کە کۆماری ئەرمینیا دان بە رێکەوتننامەی قارسدا نانێت. بڕوانە؛
URL: http://www.doc20-vek.ru/node/4149.
11 .Гасратян М.А., Лазарев М. С, Мгоян Ш.Х. Курдское движение в Новое и Новейшее время. М.: Наука,1987.‒ 303 с.
12 .هەمان سەرچاوە.
13 . هەمان سەرچاوە.
14 . مستەفا پاشای یاموڵکی (25 کانوونی دووەمی 1886 بۆ 25 ئایاری 1926)، وەرگێڕ.
15. Гафарлы О. Курдская диаспора на Южном Кавказе и его связи с террористической организацией – РПК. URL: www.bilgesam.org
16 هەمان سەرچاوە.
17 . هێزی هەمیشەیی سوارە، کە بە ناوی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمەوە ناونرا.
18 . Гасратян М.А., Лазарев М. С, Мгоян Ш.Х. Курдское движение в Новое и Новейшее время.
19 . هەمان سەرچاوە.
20 . Гасратян М.А., Лазарев М. С, Мгоян Ш.Х. Курдское движение в Новое и Новейшее время.
* ئەندامی پەیمانگەی ئاسیا و ئەفریقا