هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ژەهراوی کراوە و دەڵێت: چەند ساڵێك لەمەوبەر بە بڕێکی زۆر زەرنیخ و جیوە هەوڵی کوشتنم درا.
فیدان بەرلەوەی ببێتە وەزیری دەرەوە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی(میت) بوو، ئەو ماوەیەی ژەهرخوارد کراوە، دەگەڕێتەوە بۆ چوار یاخود پێنج ساڵ لەمەوبەر، واتە سەردەمی سەرۆکایەتیی میت و لەو بارەیەوە لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت: ژەهرخوارد کراین، لە شیکاریی پزیشکیدا دەرکەوت، کە بە زەرنیخ و جیوە ژەهراوی کراوم.
ئەو هەوڵە بە ئاڵنگاریی بەردەم کارەکەیان وەسف دەکات، باسی لەوەشکرد: کە پێشتر نەیویستووە باسی رووداوەکە بکات، وتیشی: دوژمنمان لە هەموو شوێنێك هەیە، نەك تەنها لە ناوخۆدا.
هەرچەندە نەچووە وردەکاریی هەوڵی کوشتنەکەی، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد، کە لە دەرەوەی تورکیا هەوڵەکە دراوە.
هاکان فیدان لە ساڵی 2010 تا ناوەڕاستی ساڵی 2023 سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا بوو.
کوردستانی نوێ