ئامادەکردنی: هاوار نەسرەدین
نووسین لەپێناوی چیدایە؟ بیرکردنەوە لە چییەتی نووسین، لە هزری زۆر کەسدا هەیە، بەڵام باوترین پێناسە سەبارەت بە نووسین، بریتییە لەوەی بیرکردنەوەیەک لەسەر پرسێک لە کەسێکەوە بۆ زۆرترین کەس بگوازرێتەوە. واتە خوێنەر لە هەندێک شت ئاگادار بکرێتەوە، کە پێشتر ئاگایان لێی نەبووە. بەڵام هەندێکجار، هەندێک نووسەر لەڕێی نووسینەکانیانەوە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ دەهێننە ئاراوە، زۆر گەورەتر لە گواستنەوەی زانیاری و ئاگادارکردنەوە، بە جۆرێک کە چارەنووسی مرۆڤ بە نووسینەکانیان دەگۆڕن. ئەوەش تەنیا لەڕێی گواستنەوەی زانیارییەوە ناکەن، بەڵکو لەڕێی گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤەوە دەکرێت. نامیلکەی لۆجیکی ساغڵەم لە نووسینی تۆماس پەین، یەکێکە لەو نووسینە دەگمەنانەی رەوتی مێژووی گۆڕیوە.
ئەم بابەتە سەبارەت بە یەکێک لە نووسینە گرنگەکانی مێژووی ئەمریکا و جیهانە. نامەیەکی کورتی 47 لاپەڕەییە، کە رۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕا تا بۆچوونی خەڵکی ئەمریکا بگۆڕێت. ئەوەش گۆڕینی بۆچوونی خەڵکی داگیرکراوی ئەمریکا بوو تاکو راپەڕن و خۆیان لە ژێردەستەیی حکومەتی بەریتانیا رزگار بکەن.
ئەو نامیلەکەیە تەنیا 47 لاپەڕەیە، ناوی لۆجیکی ساغڵەمە و لە ساڵی 1776 لەلایەن تۆماس پەینەوە نووسرا. واتە 247 ساڵ لەمەوبەر و هەشت ساڵ بەر لە دروستکردنی شاری سلێمانی. کتێبەکە بۆ خەڵکی ئەمریکا نووسرا، ئەمریکای ئەو کاتە لەلایەن حکومەتی پاشایەتی بەریتانیاوە بڕیاری لەبارەوە دەدرا. هەروەها ئەمریکا دابەشکرابوو بەسەر چەند پارێزگایەکی جیاوازدا. پاشا و پەرلەمانی بەریتانیا، لە ئەوروپاوە بڕیاریان لەسەر ژیان و چارەنووسی خەڵکی ئەمریکا دەدا.
پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەمریکا
کتێبەکەش لەکاتێکدا نووسرا و بڵاوکرایەوە، کە هێشتا مانای سەربەستی و رزگاربوون لە دەستی داگیرکەر، بۆ خەڵک نامۆ بوو. بۆیە ئاڵۆزی و ناڕەزایی لە نێوان خەڵکی ئەمریکا و یەکە سەربازییەکاندا دروست ببوو. ئەمریکا لە دۆخی شەڕی ناوخۆ و راپەڕیندا بوو. هاوکات بیرۆکەیەک و ئایدیایەک نەبوو بۆ گۆڕینی سیستمی حکومڕانی و دەربازبوون لە دەسەڵاتی بەریتانیا. تا ئەوکاتەی ئەو نامیلکەیە لە شاری فلادلفیا بڵاوکرایەوە، لە سەرەتاوە کەمترین کەس نووسەری نامیلکەکەیان دەناسی. واتە نەناسراوێک و کەسێکی نامۆ، قسە بۆ خەڵک و وڵاتی داگیرکراوی ئەمریکا دەکات، بەڵام 150 هەزار دانەی لێ فرۆشرا. بووە یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەمریکا. دواتر نیوەی خەڵکی ئەمریکا یان نامیلەکەکەیان خوێندەوە یان چەند بابەتێکیان لەبارەیەوە خوێندەوە. نووسەری نامیلکەکە، پیاوێکی تەمەن 37 ساڵ بوو بە ناوی (تۆماس پەین)ەوە، تۆماس پەین ئەو کاتە تەنیا ساڵێک و چەند مانگێک بوو گەیشتبووە ئەمریکا و لەوێ دەژیا.
تۆماس پەین
تۆماس پەین کتێبەکەی بەبێ ناوی نووسەر بڵاوکردەوە. داوای لە خەڵکی ئەمریکا کرد، گرنگی بەوە نەدەن کێ کتێبەکەی نووسیوە، بەڵکو گرنگی بەو بۆچوون و قسانە بدەن کە لە کتێبەکەدا تۆمارکراوە. جەخت لەوەش دەکاتەوە لەژێر کاریگەریی کەسدا نییە و لەسەر داوای هیچ لایەن و حزب و دەوڵەتێکدا ئەو نامیلکەیە نەنووسراوە. تەنیا بۆچوونی تاکەکەسی خۆیەتی و داواش دەکات خەڵکی ئەمریکا هەر بەو روانینەوە کتێبەکەی بخوێننەوە. پاشان خۆیان بۆچوون و بیرۆکەکانی هەڵبسەنگێن.
هەرچەندە کتێبەکە زۆر بنەماییانە قسە لەسەر چەند پرسێکی گرنگ دەکات، بەڵام زۆر بە سادەیی و زمانێکی روون و رەوان نووسراوە. بێ ئەوەی نووسینەکەی بە چەمکە قورسەکان ئاڵۆز بکات و قسەی فەیلەسووفەکان وەک خۆی بگوازێتەوە، دەست بە نووسین دەکات، بەو ئامانجەی زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا لێی تێبگەن. بۆیە لە دانیشتنە تایبەتەکان و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، تەنانەت لە کافیتریا و چایخانەکاندا دەخوێنرایەوە. بیرۆکەی نامیلکەکە تاوتوێ و شەنوکەو دەکرا. تا وایلێهات، زۆرترین کەس کەوتنە ژێر کاریگەریی بۆچوونەکانییەوە.
خۆتان رزگار بکەن
نامیلەکەی لۆجیکی ساغڵەم، لە سەرەتاوە بەمجۆرە دەستپێدەکات: «ئەی خەڵکە داگیرکراوەکەی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا لە ئەمریکا، ئەو کێشەیەی ئێوە لەگەڵ سیستمی پاشایەتی بەریتانیا و چاڕلزی سێیەمدا هەتانە، چارەسەر نابێت. تەنیا رێگەچارەش ئەوەیە خۆتان رزگار بکەن و لەژێر رکێفی بەریتانیا بچنە دەرەوە. خۆتان راپسکێنن و زنجیری داگیرکاری بەریتانیا بپچڕن. تا خۆتان ببنە خاوەنی خۆتان».
دواتر دەست بە روونکردنەوەی دۆخەکە دەکات. تا دەگاتە ئەوەی پێشبینی بۆ داهاتووی ئەمریکایەکی ئازاد دەکات و بۆ خەڵکی روون دەکاتەوە ئەگەر ئەمریکا سەربەخۆ بێت و لەژێر رکێفی بەریتانیا بچێتە دەرەوە، چۆن دەبێت؟
حکومەت بۆچی باشە؟
پاشان دەپرسێت: «خەڵک بۆچی پێویستی بە دەوڵەت و حکومەتە؟» ئەوەش یەکێکە لە پرسیارە گرنگەکانی تۆماس پەین لە کتێبەکەیدا. کۆمەڵگە و دەوڵەت چۆن دروست دەبێت؟ باسی دۆخی سروشتی مرۆڤ و کۆمەڵگەی سروشتی دەکات، واتە ئەو دۆخەی کە مرۆڤ لەناو سروشتدا و بەبێ حکومەت ژیاوە. لەو دۆخەدا دابەشکردنی کار دێتە ئاراوە، لەناو کۆمەڵگەدا بەنا دیوار و خانوو دروست دەکات و دارتاش کەشتی و بەلەم دروست دەکات و راوچی و جووتیارەکان خواردن دابین دەکەن. بۆیە خەڵک لە نێوان خویاندا بەڵێن دەدەن کارەکانیان بە جوانی جێبەجێ بکەن، بۆئەوەی کەس لەکاری خۆیدا کەمتەرخەم نەبێت. دواتر چاودێرێک دەستنیشان دەکرێت تا کاروبار و ئەرکەکان رێکبخات. لەو کاتەدا حکومەت دێتە کایەوە.
کەواتە ئەوە خەڵکە متمانە و ئەرک دەداتە دەوڵەت. هەروەها خەڵک لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا حکومەت و دەسەڵاتدار دەهێنێتە ئاراوە. بەڵام دوای فراوانبوونی کۆمەڵگە و زۆربوونی دانیشتوان، ئەرک و کاری کۆمەڵگە زۆر و ئاڵۆز دەبێت، هەربۆیە حکومەت و ئەرکەکانی حکومەتیش ئاڵۆز دەبن.
لەو دۆخە ئاڵۆزەدا هاووڵاتی نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێت و نوێنەرەکان لە پەرلەمانەوە، بڕیار لە چارەنووسی وڵات و کۆمەڵگەکە دەدەن. ئەوەش بەپێی پێداویستی و خواستی کۆمەڵگە و هاووڵاتیان دەبێت. هەروەها پێویستە پەرلەمان و نوێنەری هاووڵاتیان و حکومەت، ئازادیی هاووڵاتی بپارێزن و رێ لە پێشێلکردنی ئازادییەکان بگرن.
حکومەت شەڕێکی پێویستە
تۆماس پەین پێیوایە ئەگەر مرۆڤ بیتوانیایە لە کۆمەڵگەیەکدا بژی بەبێ ئەوەی سنووری ئازادیی یەکتر ببەزێنن، هیچ کات مرۆڤایەتی پێویستی بە حکومەت نەدەبوو. حکومەت بژارەیەکی باش نییە، چونکە حکومەت شەڕە بەڵام شەڕێکی پێویست، حکومەت شەڕ و بەڵایەکە بۆ ئەوەیە شەڕانگێزی مرۆڤ کۆنترۆڵ بکات و کەموکورتییەکانی مرۆڤ پڕبکاتەوە. بە پێچەوانەی کۆمەڵگەوە، کۆمەڵگە لە ئەنجامی هاوڕێیەتی و دۆستی و خێزانەوە دێتە ئاراوە. کۆمەڵگە رەهەندێکی پێویستی و ئاسایی هەیە. کەواتە حکومەت رەوایەتی خۆی لە هاووڵاتیانەوە وەردەگرێت و هاووڵاتی بۆ پاراستنی خۆی حکومەتی هەڵبژاردووە، بەڵام ئەگەر حکومەت خراپ و گەندەڵ بوو، چیتر رەوایەتی و شەرعییەتی نامێنێت.
ئەنجامی هەموو پاشایەتییەک خۆسەپێنییە
لەم سۆنگەیەوە تۆماس پەین دێتە سەر باسکردن لە سیستمی پاشایەتی و دەپرسێت بۆچی پاشایەتی بۆ خەڵکی ئەمریکا گونجاو نییە؟ تۆماس پەین بە هەموو شێوەیەک پاشایەتی رەتدەکاتەوە، چونکە پاشایەتی دەسەڵاتی رەها و خۆسەپێن دەهێنێتە ئاراوە. هاوکات پاشایەتی بەریتانیا بەراورد دەکات بە سیستمی سوڵتانە عوسمانییەکان و دەڵێت: «ئەگەر پاشایانی بەریتانیا وەک سوڵتانە عوسمانییەکان خۆسەپێنی رەها نین، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی کۆمەڵگە. چونکە کۆمەڵگەی ئینگلیز رێگە نادات پاشاکەیان بە تەواوی خۆی بسەپێنێ. ئەگینا دەسەڵاتی پاشایەتی لە کۆتاییدا هەر خۆسەپێنە.
پاشا کەسێکە دەسەڵاتی رەهای پێدراوە، تەنانەت دەسەڵاتی پاشا لە سەرووی یاساوەیە، کەواتە ئەنجامەکەی جگە لە دەسەڵاتێکی خۆسەپێن هیچی تری لێ چاوەڕوان ناکرێت».
بەڵگەکانی رەتکردنەوەی دەسەڵاتی پاشا
بۆ رەتکردنەوەی دەسەڵاتی رەهای پاشا، کۆمەڵێک بەڵگە دەهێنێتەوە، بەڵگەی ئایینی یەکێکە لە بەڵگەکانی. بۆیە دەڵێت: «سەرجەم مرۆڤایەتی لە دروستبوونییەوە بە یەکسانی دروستکراوە، بەڵام سیستمی پاشایەتی، ئەو یەکسانییەی خوا بە مرۆڤی داوە، پێشێلی دەکات».
بەڵگەی لۆجیکی
هەروەک دەنووسێت: «پاشایەتی و گواستنەوەی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ، لۆجیکی و ئەقڵانی نییە. کچ و کوڕی پاشا بەچ پێوەرێک لە داهاتوودا دەبنەوە بە پاشا و دەسەڵاتدار؟ ئەوە دژی بنەمای یەکسانیی مرۆڤە. داخۆ مرۆڤ مافی بڕیاردانی لەبارەی چارەنووسی خۆیەوە هەیە؟ ئەگەر لە ئێستاوە پاشای داهاتوو دیاری کرا، کەواتە لە ئێستاوە مافی بڕیاردان لە نەوەکانی داهاتوو سەنراوەتەوە و ئەو بڕیارە داگیر و زەوتکراوە». پاشان دەپرسێت: «ئەوەی ئێستا پاشایە، بەچی پێوەرێک بۆتە پاشا؟».
لێرەدا هاتنەئارای سیستمی پاشایەتی لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا شرۆڤە دەکات و دەڵێت: «پێشتر و لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا، لەکاتی راودا یان لەکاتی جەردەیی و رێگرییدا یاخود لە شەڕدا، کەسێک لە هەموان ئازاتر و شارەزاتربووە، ئەو کەسە بووەتە سەردار و گەورەی گروپەکە، ئەو کەسە بەهۆی لێوەشاوەیی خۆی کەسەکانی تری رێکدەخست و ئەرکەکانیانی دیاری دەکرد. دواتر سەرەنجیان دا ئەگەر ئەو کەسە بمرێت، دوور نییە کەسانی تر شۆڕش بکەن و هێرش بکەنە سەر گروپەکە و بەرژەوەندیی و ژیانیان بخەنە مەترسییەوە. بۆ ئەوەی ئاژاوە دروست نەبێت، کوڕی ئەو کەسە کرا بە سەردار و مۆدێلی پاشایەتی لەوەوە دروست بوو. ئەوە لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا هاتووەتە ئاراوە و چیتر بۆ کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان و کۆمەڵگە نوێیەکان گونجاو نییە».
تۆماس پەین پاشایەتی لە رەهەندی کار و رەهەندی ئیلاهی دادەماڵێت و دەڵێت: «پاشا نوێنەر و جێگرەوەی خودا نییە. پاشا لە خەڵکی تر زیاتر نییە و میراتگرییەکەی ناڕەوایە، چونکە دوور نییە کەسانی گێل و نەفام و نەزان بەهۆی میراتەوە ببنە پاشا و ژیان و بەرژەوەندیی خەڵک و کۆمەڵگە بکەوێتە ژێر دەستیانەوە، زۆرجار بەهۆی مردنی پاشاکانەوە ئەوەی دێتە سەر دەسەڵات یان منداڵە یان زۆر پیرە کەسانی دەربار و ئەوانەی لە دەوری پاشادان و هەلپەرستن، دەسەڵات زەوت دەکەن و لە پشتی پەردەوە حوکمی کۆمەڵگە دەکەن».
بەڵـگەی واقیعی
هەروەها تۆماس پەین جگە لە بەڵگە تێورییەکانی، بەڵگە لەسەر دۆخی ئەو دەمەی ئەمریکا دەهێنێتەوە و دەڵێت: دەسەڵاتی پاشایەتی رێگە لە ئاژاوە ناگرێت، چونکە تا ئەو ساڵەی کتێبەکەی تێدا نووسراوە، لە ئەمریکا 8 شەڕی ناوخۆ و 19 جار شۆڕشکراوە. هەرچەندە تۆماس پەین لە نامیلەکەکەیدا بە زمانێکی توند و رەق قسە لەسەر پاشا و سیستمەکەی دەکات، بەڵام لە جێگەیەکدا زۆر بە توندی هێرش دەکات و دەڵێت: «پاشا نە سەربازە و نە دادوەرە و نە ئیشێکی دیاریکراوی هەیە تا خزمەتی خەڵک بکات. تەنیا لە گەشتوگوزار و راودایە. هەردووکیشی قورس لەسەر خەڵک دەکەوێت و خەرجییەکانی پاشا لەسەر کۆمەڵگە زیاد دەکات».
بەڵگەی جوگرافی
لە درێژەی بەڵگەهێنانەوەکانیدا، تۆماس پەین دەپرسێت: «چۆن دوورگەیەکی بچووک دەتوانێت قاڕەیەکی گەورە بەڕێوە ببات؟ تەنانەت ئەوە لەگەڵ یاساکانی سروشتیشدا ناگونجێت. ئەوروپا و ئەمریکا دوو سیستمی جیاوازن و خواست و دابونەریت و بەرژەوەندی و داهاتوویان بە تەواوی جیاوازە.
جیابوونەوە لە بەریتانیا و سەربەخۆبوونی ئەمریکا تەنیا لەپێناو باج و کەمکردنەوەی خەرجییەکاندا نییە، بەڵکو لەپێناوی سەربەخۆبوونی بڕیارە بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو. سەربەخۆیی لە قازانجی دارایی گرنگترە. کەواتە ئەمریکا لەپێناوی پارەدا شەڕ ناکات، بەڵکو لەپێناوی سەربەخۆبوون و مانەوەی خۆیدا شەڕ دەکات». لێرەدا تۆماس پەین شوناس و شکۆی ئەمریکا نابەستێتەوە بە بەرژەوەندیی دارایی و سیاسییەوە، بەڵکو گرنگی بە پاراستنی سەربەستی ئەمریکییەکان دەدات.
پەیوەندیی ئەمریکا و بەریتانیا
راستە تۆماس پەین خۆی بەریتانییە، بەڵام وەک ئەمریکییەکی نیشتمانپەرەوەر قسە دەکات و چیتر خۆی بە بەریتانی نازانێت، بگرە لە نامیلکەکەیدا دەبێتە ئەمریکییەکی پلە یەک. بە روونی دەڵێت: «پێویستە ئەمریکا بەدوای سەربەخۆییەوە بێت و بەخێرایی لە ئینگلیز جیاببێتەوە. هیچ رێگەچارەیەک نییە جگە لەوەی سەربەستی و سەربەخۆیی ئەمریکا بە شەڕ بەدەست بهێنرێت». بەهەموو شێوەیەک لەپێناوی سەربەخۆیی ئەمریکادا دژی ئینگلیز دەوەستێتەوە و بە چەندین شێوەی جیاواز بەڵگە دەهێنێتەوە و دەڵێت: «راستە ئەمریکا لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بووە و پەرەیسەندووە، بەڵام ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە ئەمریکییەکان لەسەر پێی خۆیان بوەستن و خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن. ئەمریکا قەرزاری بەریتانیا نییە. ئەگەر بەریتانیا هەر خەرجییەکی لە ئەمریکادا کردبێت، ئەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بووە، ئەو خەرجیانە ماڵ نیین بەسەر ئەمریکاوە. بگرە ئەمریکا لەپێناوی بەریتانیادا باجی زۆری داوە. هەروەها بۆ دابینکردنی خەرجییە زۆرەکانی شەڕ و خەرجییەکانی پاشا، خەڵکی ئەمریکا ناچاربوون باجی زۆر بدەنە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا. بەجۆرێک زۆربوونی باج، خەڵکی ئەمریکای بێزار کردووە. هەروەها ئەمریکییەکان بە زۆر و گوشاری بەریتانییەکان شەڕیان لەگەڵ فەرەنسا و ئیسپانیادا کردووە، چونکە ئەو وڵاتانە دوژمنی بەریتانیا بوون. خۆ ئەگەر ئەمریکا سەربەخۆ بێت، ئەو وڵاتانە دوژمنی ئەمریکا نین و چیتر نابنەوە بە دوژمن. بە پێچەوانەوە بە جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی ئەمریکا لە بەریتانیا، خەڵکی ئەمریکا بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا دەکەن و پەیوەندییەکی سیاسی و بازرگانی باشیان دەبێت».
ئەوروپا دایکی ئەمریکایە
لە درێژەی هەوڵەکانیدا بۆ روونکردنەوەی ئەو درزەی لە نێوان بەریتانیا و ئەمریکادا هەیە، تۆماس پەین دەڵێت: «راستە کاتی خۆی و دوای دۆزینەوە دوورگەی ئەمریکا، چەند بنەماڵەیەک لە بەریتانیاوە چوونەتە ئەمریکا، بەڵام خۆ بەریتانیا دایکی ئەمریکا نییە، بەڵکو ئەوروپا دایکی ئەمریکایە و بەریتانیا داگیری کردووە. خەڵکی ئەمریکا لە دەستی دەسەڵاتدارە خێڵەکی و مەزهەبییەکانی ئەوروپا هەڵهاتوون و خۆیان لەو شەڕانە دوورخستۆتەوە تا لە جێگایەکی تری جیهان ژیانێکی نوێ دروست بکەن. نیشتمانێکی نوێیان هەڵبژاردووە. ناکۆکی خێڵەکی و مەزهەبی لە ئەمریکادا نەماوە و ئەو خەڵکە ئەو ناکۆکیانەیان لە ئەوروپا بەجێهێشت».
ئەمریکا دەبێتە داگیرکەر؟
لەبارەی پرسی ئەوەی ئەمریکا بە پشتیوانی و یەکگرتوویی لەگەڵ بەریتانیادا دەتوانێت فراوان ببێت و ببێتە زلهێزی جیهان؟ تۆماس پەین دەڵێت: «خەڵکی ئەمریکا خوازیار نین بچن هەموو دنیا داگیربکەن، ئەوە بەریتانیایە دەیەوێت دنیا داگیربکات، نەک خەڵکی ئەمریکا، خەڵکی ئەمریکا دەیەوێت لەگەڵ هەموو دنیادا بازرگانی بکەن. ئەوەش دواتر بە ئاشکرا رەنگدانەوەی دەبێت. بۆ نموونە کاتێک ئەمریکا دەچێتە وڵاتانی تر، وەک داگیرکەر یان بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیح ناچێت، بەڵکو وەک بازرگان دەچێت. وڵاتانی ئەوروپا لە سەردەمی ئیمپریالیزمدا، کاتێک دەچوونە هەر وڵاتێکی تر، یان بە تەواوی خاک و حکومەتەکەیان دەخستە ژێر رکێفی خۆیانەوە، یاخود ئایینی مەسیحییان تێدا بڵاودەکردەوە». هەربۆیە باسی بازرگانی ئەمریکا و وڵاتانی تر و چەند باسێکی تری تۆماس پەین لە راگەیەنراوی سەربەخۆیی ئەمریکادا ئاماژەی پێ دەکرێتەوە.
تۆماس پەین دەڵێت: «بەرژەوەندیی خەڵکی ئەمریکا لەوەدایە لەگەڵ تەواوی جیهاندا لە مامەڵەی بازرگانیدا بێت، چونکە ئەمریکا زێڕ و زیوی نییە (ئەو کاتەی تۆماس پەین نامیلکەکەی بڵاوکردەوە، هێشتا زێڕ لە ئەمریکادا نەدۆزرابووەوە). هەروەها بە هۆی نەبوونی زێڕ و زیوەوە، بەندەرەکانیان سەقامگیرە و چەتەکان هێرش ناکەنە سەر ئەو بەندەرانە. ئەمریکا گەنمەشامی و لۆکە و چەند بەرهەمێکی تری کشتوکاڵیان هەیە و هەموو ئەوروپا کڕیارە، چونکە پێویستیان پێیەتی. بۆیە ئەمریکا دەتوانێت پەیوەندییەکی بازرگانی دوولایەنە و ئاشتییانە لەگەڵ ئەوروپادا دەستەبەر بکات. لەوەشدا هیچ پێویستی بە بەریتانیا نابێت. ئەوەش لەکاتێکدایە ئەرورپا بەردەوام جێی ململانێ بووە و دەیان ساڵ وڵاتانی ئەوروپا لە شەڕی ناوخۆدا بوون».
تۆماس پەین و زۆربەی ئەمریکییەکان لە هەوڵدا بوون، ئەو شەڕ و ململانێیانە نەبرێت بۆ ئەمریکا.
یاسای بەریتانیا دژی ئەمریکایە
لە نامیلەکەکەیدا، تۆماس پەین تەنیا بیر لە تێکدان و رووخانی دەسەڵاتی بەریتانیا لە ئەمریکا ناکاتەوە، بەڵکو رێگەچارەیەک بۆ ژیانی خەڵک لە دەرەوەی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا وێنا دەکات. بۆیە باسی حکومەتێکی ئازاد دەکات لە دوای سەربەخۆییەوە. خەڵکی ئەمریکا ناتوانن دوای سەربەخۆیی پشت لە خواست و مافەکانی خۆیان لە بەرامبەر پاشایەتی بەریتانیا بکەن. بەڵکو پێویستە دادوەرانە بڕیار بدرێت. چونکە شەڕ لە نێوان ئەمریکا و بەریتانیا دروست بووە و سەدان کەس لە ئەمریکییەکان لەلایەن بەریتانیاوە کوژراوە. لە سەردەمی ژێردەستیدا هەر یاسایەک لە ئەمریکا دەربچێت، پێویستە بچێتە پەرلەمانی بەریتانیا. ئەوانیش بڕیار لە دژی خۆیان نادەن و بەرژەوەندیی خۆیان ناخەنە مەترسییەوە، بۆیە ئەوە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا نییە و پێویستە بە یەکجاری لەژێر رکێفی بەریتانیا بچنە دەرەوە.
مۆدێلێکی سیاسی و حکومەت
لەو هەیکەلە حکومییەی تۆماس پەین پێشنیازی دەکات و دواتریش شێوازێکی لەو چەشنە لە ئەمریکادا دروست دەبێت، نوێنەرانی هەرێم و پارێزگا جیاوازەکانی ئەمریکا کۆدەبنەوە. ساڵانە ئەو نوێنەرانە دەگۆڕدرێن. لەناو ئەو نوێنەرانەدا سەرۆکێک بەشێوەی دەوری هەڵبژێردرێت و دوای ماوەکەی خۆی، دەگۆڕدرێت. هەروەها هەر یاسایەک بۆ ئەوەی کاری پێ بکرێت، پێویستە 3/5 ئەو نوێنەرانە بە بەڵێ دەنگی لەسەر بدەن. لە ئەمریکادا کەس نابێتە پاشا، بەڵکو یاسا پاشایە. لە حکومەتی خۆسەپێندا خودی پاشا یاسایە، بەڵام لە حکومەتی ئازاددا یاسا پاشایە.
هێزی ئەمریکییەکان لە یەکێتی و چەکدایە
تۆماس پەین دەڵێت: «راستە ئەمریکییەکان بە جدی کار بۆ سەربەخۆیی دەکەن، بەڵام پێشتر لە زەین و بیرکردنەوەیاندا سەربەستی و سەربەخۆیی هەبووە. تەنیا کاتەکەیان نەزانیوە. کەواتە لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا پێکەوەبوون و یەکێتی هێزە، هێزی ئەمریکییەکان لە پێکەوەبووندایە و لە ژمارەیاندا نییە. هێز لە یەکێتیدایە. ئەمریکا خاوەن هێزی دەریایی و هێزی پیادە و دەیان و سەدان پارچەی چەک و تۆپهاوێژە. توانای دروستکردنی چەک و دروستکردنی تۆپهاوێژ و دروستکردنی کەشتیی هەیە. توانای ئیدارەدانی سوپا و بودجەی تایبەتی هەیە، راستە لە بەرامبەر بەریتانیادا ژمارەی سەرباز و توانا سەربازییەکانیان کەمە، بەڵام ئەو کەمبوونە هۆکاری یەکێتی و یەکبوونیانە، ئەگەر زۆربن ناتوانن یەکگرتوو بن.
سەربەخۆیی پرسێکی تەواو ناوخۆییە
سەربەخۆیی و سەربەستی پرسێکی تەواو کەسی و ناوخۆییە، لە سەربەخۆییدا نابێت پشت بە وڵاتانی دەرەوە ببەستی، تەنانەت ئەگەر ئەو وڵاتانە دوژمنی وڵاتە داگیرکەرەکەش بن.
وڵاتانی تری وەک ئیسپانیا و فەرەنسا و پورتوگال لە پرسی سەربەخۆییدا، ناتوانن هاوکاری ئەمریکا بن، چونکە لەو کاتەدا دەبنە دوژمنی بەریتانیا و لەگەڵیاندا دەکەونە کێشەوە. ناشتوانن لایەنگری ئەمریکا و سەربەخۆییخوازەکان بن. باشتر وایە ئەمریکییەکان نامە بۆ ئەو وڵاتانە بنووسن و تێیانبگەیەنن کە چەندە ستەم و نادادییان لە بەرامبەردا کراوە. بەو جۆرە هەوڵبدەن بیانکەنە هاوپەیمان و هاوڕای خۆیان.
بە دروستکردنی پەیوەندی و نامە ناردن، دەتوانن پەیوەندییەکی سەربەخۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دروست بکەن». بەو جۆرە تۆماس پەین دڵنیایی دەداتە ئەمریکییەکان کە لەدوای سەربەخۆیی هەر رووداوێک رووبدات، بە باشە بۆ ئەمریکا دەشکێتەوە و جێی ترس و نیگەرانی نییە. لەکاتێکدا ئەو نامەیە دەنووسرێت کە ئەمریکییەکان لە جەنگدان لەگەڵ بەریتانیادا. بۆیە داوا دەکات: «ئێستا کاتی ئەوەیە دەستپێبکەن و کار بۆ سەربەخۆیی بکەن». واتە لەو کاتەدا روونی دەکاتەوە ئامانج لەو شەڕەدا چییە و کارێک دەکات شەڕەکە بێ بەها و بێ ئەنجام نەبێت. چونکە ئەزموونیان لە شەڕدا پەیداکردووە. فەرماندەکانیان توانای بەرنگاربوونەوەی سەربازییان هەیە، هەر واشبوو. جۆرج واشنتۆن کە جەنەڕاڵ و فەرماندەیەکی باڵا بوو لە سوپادا و ئەزموونی چەند شەڕێکی هەبوو، وەک شەڕی هاووڵاتییە رەسەنەکانی ئەمریکا و چەند لایەنێکی تر، دواتر بووە یەکەم سەرۆک کۆماری ئەمریکا.
لە دۆخی شەڕدا، تۆماس پەین هەوڵی دەدا رەوتی شەڕەکە بەرەو کەناری سەربەخۆیی ببات، واتە هەوڵی دەدا مانا و بەهایەکی گەورەتر بداتە شەڕەکە و قبووڵی نەبوو بێ رۆڵ و بێ کاریگەریی دابنیشێت و بەشداریی لەو دۆخەدا نەکات. هەربۆیە دوای ئەوەی نامیلکەکەی 150 هەزار دانەی لێ بڵاوبۆوە و خوێنرایەوە، خەڵکێکی زۆر پەیوەندییان بە بەرەکانی شەڕەوە کرد و بوونە جەنگاوەر. بەڵام بە ئامانجێکی بەرزتر و گەورەتر، ئەوەش ورەی زۆری دا بە ئەمریکییەکان.
لەو کاتەدا لە ئەمریکادا خەڵکێکی زۆر دژی سەربەخۆیی بوون، هەروەها خەڵکێکی زۆر و فەرماندەی سەربازی و لێپرسراوی حکومی و فەرمانبەرانی خەزێنە و وەرگرتنی باج و زۆر خەڵکی تریش، پشتیوانییان لە دەسەڵاتی پاشایەتی بەریتانیا دەکرد، هاوکات خەڵکێکی زۆریش هەبوون بڕوایان نەدەکرد ئەمریکییەکان بتوانن سەربەخۆ بن و خۆیان خۆیان بژێنن و خۆیان بەڕێوەبەرن. بەڵام سەربەخۆخوازەکان بە نووسین و وتووێژ و خۆسەلماندن، زۆر کەسیان هێنایە ریزی خۆیانەوە و لە ئەنجامدا سەرکەوتن.
تۆماس پەین کێیە؟
تۆماس پەین (1737-1809) تەنیا 15 مانگ پێش ئەوەی نامەی لۆجیکی ساغڵەم بنووسێت، لە رێی بنیامین فرانکلین-ەوە لە بەریتانیاوە دەچێتە ئەمریکا. بەهۆی نالەباریی دۆخی ئابوورییەوە، دەچێتە لای فرانکلین و ئەویش هاوکاریی دەکات بۆئەوەی بچێتە ئەمریکا. پەین بەرگدروو بوو، لە دوکانەکەی باوکی، خۆی بنیاتنابوو، دواتر ماوەیەک لەسەر کەشتییەکان کاری دەکرد و حەزی لەوەبوو دنیا ببینێت. ماوەیەکیش باجی کۆدەکردەوە، ئەو کارانە کردبوویان بە کەسێکی قسەخۆش و رووخۆش، حەزی لە وتووێژ و وتاربێژی بوو، بە باشی قسەی دەکرد و بۆچوونەکانی خۆی دەردەبڕی. ماوەیەک وەک عەریزەنووس لە لەندەن کاری کرد، هەروەها لەناو لێپرسراوە حکومییەکاندا لۆبی بۆ هەندێک پرس دەکرد، تا جێبەجێ بکرێت. لەوێوە فێری سیاسەت بوو. گەیشتە ئەو بڕوایەی هەرکاتێک بۆچوونێکت هەبوو، پێویستە خەڵکانی تر بێهێنیتە سەر بیروڕای خۆت، بۆئەوەی جێبەجێ بکرێت. فێری نووسینی شەفاف و روون بوو، بۆئەوەی زۆرترین کەس بکاتە هاوڕای خۆی.
کاتێک رۆیشتە ئەمریکا، گۆڤارێکی دەرکرد. فرانکلین نامەی بۆ هاوڕێکانی نارد تا هاوکاری پەین بکەن لە ئەمریکا. پەین رۆیشتە شاری فلادلفیا، کە ئەو کاتە پایتەختی رۆشنبیریی ئەمریکا بوو، هەروەها مەڵبەندێکی گەورەی فیکر و فەلسەفە بوو. لەوێوە بیرۆکەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دوور لە گەندەڵی پاشایەتی بەریتانیای لەلا گەڵاڵە بوو. کەشی شۆڕش لە ئەمریکادا باڵادەستبوو، ساڵێک بەسەر شەڕی نێوان ئەمریکییەکان و بەریتانیەکاندا تێپەڕببوو. هات و وتی شەڕەکە دەبێ بۆ جیابوونەوە بێت، نەک بۆ گۆڕینی بۆچوونی پاشایەتی. راستە ناتوانرێت سەرکەوتنی شۆڕشی ئەمریکییەکان و گۆڕینی بۆچوونی گەورەپیاوانی ئەمریکا بۆ سەربەخۆیی، هەمووی بخرێتە ئەستۆی تۆماس پەینەوە، بەڵام ئەو نامەیە زۆرترین کاریگەریی دروستکرد لەپێناو سەربەخۆیی ئەمریکادا. لە راگەیەنراوەکەی سەربەخۆبوونی ئەمریکادا بە ئاشکرا کاریگەرییەکەی دەبینرێت.
سەرچاوە:
www.youtube.com. Watch?v=tYFhMVZbQc.
تۆماس پەین
جۆرج واشنتۆن
بنیامین فرانکلین
لە ئەمریکادا کەس نابێتە پاشا بەڵکو یاسا پاشایە
جەنگی سەربەخۆیی ئەمریکا