یادی سەركردەی نەمر جەبار فەرمان

11:08 - 2023-08-09
کوردستان
493 جار خوێندراوەتەوە

جەبار فەرمانی سەركردە، لە پێناسە و باسكردن گەورەترە، لەوە باڵاترە بە چەند دێڕ و بابەت و بگرە بە كتێبیش مێژووی ئەو بگێڕینەوە.
ئەو پیاوە هەڵكەوتووە هەر خۆی مامۆستایەكە لە قوتابخانەی مێژوودا، ئەزموونە دەوڵەمەندەكەی وانە و رێبازە بۆ ژیان، بۆ ژیانی سەربەرزانە، بۆ ئازادی و سەرفرازی، بۆ خەبات، بۆ كوردایەتی و كوردەواری.
كاك جەبار؛ پاڵەوانی سەردەمی زێڕینی شۆڕشی نوێیە، پاڵەوانی ئەو سەردەمەی كە هەر باسكردنیشی ئارامبەخشی دەروون  و مایەی شانازییە. ئەو یەكێكە لە پایە بەهێز و سەرەكییەكانی ئەو رۆژگارە، ئەو سەردەم و كاتەی كە كورد لەوپەڕی بەهێزیدابوو و خاوەنی شۆڕشێكی بەهێزیش بوو، ئەوكاتە بوو جەبار فەرمان فیلەتەن و نەخشەكێشی داستانەكان بوو.
كاك جەبار؛ خاوەن سروشتێكی بەهێز و باوەڕێكی پتەوبوو، یاخیبوونێك لە ناخیدا هەبوو كە هیچ هۆكارێك نەیتوانی كاریگەریی لەسەر دابنێت، یان لانیكەم كاڵیبكاتەوە، خاوەن سروشتی یاخیبوون بوو، یاخیبوون لە زوڵم و ستەم، لە داگیركاریی سەر نەتەوەكەی. خۆشەویستیی خاك و نەتەوە و نیشتمان لای جەبار فەرمان، جێگەی هەموو شتێكی گرتبۆوە، هەر ئەو خۆشەویستییەش لە كوڕی بنەماڵەیەكی خانەدان و هەبووی خانەقینەوە، لە مامۆستا و خاوەن ژیان و گوزەرانێكی تێروتەسەلەوە كردی بە دەروێشێكی رێگەی كوردایەتی و لەو پێناوەشدا، رووبەڕووی زیندان و دەربەدەری بۆوە کە دوور لە ئازیزانی تەواوی چەرمەسەرییەكانی ژیانی ئەزموون کرد.
ژیاننامەی سەركردەی قارەمان (جەبار فەرمان)
جەبار فەرمان ساڵی 1947 لە خانەقین لەدایکبووە، ساڵی 1971 لە زانكۆی مستەنسریەی بەغدا وەرگیراوە، بەڵام بە هۆكاری سیاسی نەیتوانیووە زانكۆ تەواو بكات.
ساڵی 1970 پەیوەندیی بە كۆمەڵەوە كردووە، لە ریزەكانی پارتیدا خەباتی كردووە و تا نسكۆی شۆڕشی ئەیلول پێشمەرگە بووە. دواتر گەڕاوەتەوە شاری خانەقین و ساڵی 1975 لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیركراوە. لە زینداندا نموونەی خۆڕاگریی بووە، ساڵی 1979 بە لێبوردنی گشتی ئازادكراوە.
ساڵی 1980 روویكردۆتە شاخ و كراوە بە رابەر سیاسیی هەرێمی چواری ئەوکاتە. لە سێیەم كۆنفرانسی كۆمەڵەدا ساڵی 1984 بە ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژێردراوە، دواتر كراوە لێپرسراوی مەڵبەندی یەكی سلێمانی، تا ئەنفالەکان لە ساڵی 1988 چەندین پلە و پایەی دیكەی پێسپێردراوە و دڵسۆزانە ئەركەكانی راپەڕاندووە.
بەشداری و فەرماندەیی دەیان داستان و روبەڕوبوونەوەی كردووە و ئازایەتییەكەی بۆتەهۆی بەرزبوونەوەی ورەی پێشمەرگە و خەڵك.
ساڵی 1988 بۆتە نوێنەری یەكێتی لە مەكتەبی تەنفیزیی بەرەی كوردستانی. ساڵی 1991 لە راپەڕیندا گەڕاوەتەوە كوردستان و لە دووەم راپەڕینی سلێمانیدا رۆڵێكی بنچینەیی گێڕاوە، ساڵی 1991 رۆڵێكی گرنگی بینی لە دامەزراندنی کولیەی عەسکەریی قەڵاچوالان.
ساڵی 1992 لە یەكەم كۆنگرەی ی.ن.ك بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردراوە و دواتر بۆتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، هەمان ساڵ كراوەتە لێپرسراوی مەكتەبی عەسكەری، هاوكات ناوەندی رووناكبیری و كۆمەڵایەتی گەرمەسێری دامەزراندووە.
لە كابینەكانی حكومەتی هەرێمدا پۆستی چەند وەزارەتێکی  بەڕێوەبردووە، لەوانە: وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی ناوخۆ بە وەکالەت و دوا ئەرکی لە حزبدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە. 
ساڵی 1999 یانەی وەرزشی پێشمەرگەی دامەزراندووە.
رۆژی 9/8/2007 بەهۆی نەخۆشییەكی درێژخایەنەوە، كۆچی دوایی كرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان