راپۆرتی/ جێگر خدر
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەشێک لە هاووڵاتیان ئاوی مەترسیداری زێی بچووک بەکاردەهێنن بۆ مەلەکردن و کات بەسەربردن، بە تەنها لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا دوو برا لە دوکان و دوو کەسی دیکەش لە دەربەندی رانیە خنکاون. رێنمایی دەدرێت، بۆ پاراستنی گیانی خۆیان چیدی کە هاووڵاتیان لەو شوێنە مەترسیدارانەدا مەلە نەکەن، کە ساڵانە چەند جارێک حاڵەتی خنکانی تێدا دووبارە دەبێتەوە.
دوای چوار رۆژ گەڕان تەرمەکەی دۆزرایەوە
محەمەد عەلی گەنجێکی تەمەن 20 ساڵی قەزای رانیەیە و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی ئێوارەی رۆژی شەممە بە مەبەستی مەلەکردن و خۆ فێنککردنەوە روو لە دەربەندی رانیە دەکەن، لەگەڵ چوونی بۆ نێو ئاوەکە دوای چەند خولەکێک نقوم دەبێت و بێ سەروشوێن دەبێت، وێڕای گەڕانی وردی تیمەکانی مەلەوانی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەڕین، دوای چوار رۆژ سێشەممە توانرا تەرمەکەی بدۆزرێتەوە. باوکی محەمەد لەگەڵ تیمەکان و کەسوکار و بەرپرسانی سنوورەکە بەدیار هەوڵەکانی گەڕان بۆ دۆزینەوەی کوڕەکەی دانیشتبوو و وتی، محەمەد لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بۆ گەشتکردن هاتوونەتە دەربەند، ئەو رۆژە من لەماڵ نەبووم و ئاگادار نەبووم، تکام وایە هیچ کەسێک روو نەکاتە ئەو دەریاچەیە بۆ مەلەکردن، با کەسی دیکە وەک من ماڵی وێران نەبێت.
ژێر ئاو کەوت و نەگەڕایەوە
رووداوی خنکانی محەمەد عەلی، هاوکاتبوو لەگەڵ هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی محەمەد مستەفا لە هەمان شوێندا، کە چوار رۆژ بوو بێسەرو شوێن ببوو، محەمەد مستەفا دانیشتووی شاری هەولێر بوو، رۆژی سێشەممەی هەفتەی پێشوو بۆ مامەڵەیەکی ئۆتۆمبێل کڕین روو دەکاتە ئیدارەی راپەڕین، ئەوە بە دەرفەت دەزانێت و لەگەڵ منداڵ و چەند کەسێکی دیکەی دەچنە دەربەندی رانیە و مەلە دەکەن، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت، منداڵە تەمەن 12 ساڵانەکەی چەند جارێک تکا لە باوکی دەکات بگەڕێتەوە و لەو شوێنە مەترسیدارە مەلە نەکات، بەڵام لەپڕ و بە بەرچاوی منداڵەکەی خۆیەوە محەمەد شوێن بزر دەبێت و دیار نامێنێت، دوای چوار رۆژ گەڕان دواجار تیمەکانی مەلەوانی تەرمەکەیان دۆزییەوە و بەکەسوکاری سپێردرایەوە.
پێویستی کەرەستەی پێشکەوتوو
عەلی یەکێک لە ئەندامانی تیمی مەلەوانی راپەڕینە ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی قووڵی، ساردی و فراوانی زێیەکە کۆنترۆڵکردنی زەحمەتە، بەتایبەت کە کەموکوڕییەکی زۆر هەیە، کەمی ئەندامانی تیمی مەلەوانی و نەبوونی ژێر دەریا بینین و چەندین کەرەستەی دیکە، کە ئێستا لەدنیادا بەکار دەهێنرێت بۆ رزگاربوون لە خنکان، یان دۆزینەوەی تەرمەکان.
ئەندامەکەی تیمی مەلەوانی راپەڕین کە تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە بەدوای تەرمی محەمەد عەلیدا دەگەڕا، لەکاتێکدا پێشووتریش چوار رۆژ بۆ دۆزینەوەی محەمەد مستەفا لەکاردا بوون، کارکردنی ئەوان بێ وەستانە و کاتی پشوو و نان خواردنیشیان هەر لەدەم زێیەکەیە. وێڕای ئەوەی رووداوەکانی خنکان و بێسەروشوێن بوون لەو سنوورە زۆرن عەلی دەڵێت، هەماهەنگییەکی باشمان لەگەڵ تیمەکانی دیکەی مەلەوانی هەیە لە هەرێمی کوردستان، بۆ هەر ناوچەیەک بێت ئێمە ئامادەین و تیمەکانی دیکەش بەهەمان شێوە.
شوێنەکانی مەترسی خنکان دادەخرێن
بەپێی ئامارەکان، لەسنووری ئیدارەی راپەرین تەنها لەمساڵدا پێنچ کەس خنکاون و 15 کەسی دیکەش لەلایەن تیمەکانی مەلەوانی بەرگری شارستانی راپەڕینەوە لە خنکان رزگار کراون، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەڕین رێنمایی دەداتە هاووڵاتیان بەهیچ شێوەیەک ئاوی زێی بچووک، بە تایبەت نزیکی پردی دەربەندی رانیە بۆ مەلەکردن بەکارنەهێنن، مەترسیدارە، بۆ ئەو مەبەستە دەستی کردووە بە چەند رێکارێک، دانانی شریتی سوور وەک پشتێنەیەکی ئەمنی لەو شوێنانەی مەترسیدارن تا هاووڵاتیان لێی نزیک نەبنەوە، هەروەها دانانی تابلۆ بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری راپەڕین ئەم شوێنە مەترسیدارە بۆ مەلەکردن وەک چەم و رووبار و زێیەکان و دەریاچەکان ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی ناوخۆ ئاگادارییەکی بڵاوکردۆتەوە و بەشێکی زۆری وەزارەت و فەرمانگەکان هەماهەنگن و رێنمایی بەردەوام دەدەن لەو بارەیەوە.
ساڵانە چەند جارێک، رووداوی کارەساتباری خنکان لەسەر زێی بچووک روو دەدات، دەربەندی رانیە بەهۆی هەڵکەوتەکەی بەتایبەت نزیکی پردی دەربەندی رانیە شوێنێکی مەترسیدارە و ئەوانەی لێی دەنخکێن زۆربەیان مەلەوانن، بەڵام بوونی ئەشکەوت و گێژەڵوکی ئاو و چاڵی گەورە کە غەسالەکانی چەو و لم دەیان ساڵە دروستیان کردووە دەبنە هۆی رووداوی ناخۆشی لەمـشێوەیە و خنکان.