سه‌دیق سه‌عید رواندزی
ده‌سته‌واژه‌ی جیهانبینی شیعری كوردی چه‌ند ساڵێكه به‌شێوه‌یه‌كی فراوان هاتۆته نێو ئه‌ده‌بی كوردی و به به‌رده‌وامی ده‌گوترێته‌وه و ئاماژه‌ی پێده‌درێت، به بڕوای من گوزارشتێكه، جۆرێ له گیروگازی زه‌مه‌نی و مێژوویی تێدایه، چونكه جیهانبینی شیعری كوردی له هه‌موو قۆناغ و سه‌رده‌مێكدا، هاوكات له رووی تێما و بابه‌ت و گوتاری شیعرییه‌وه، هاوشێوه و هاوتای یه‌كتری نییه، به‌ڵكو به پێی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و رووداوانه‌ی په‌یوه‌ندییان به شیعر و گوتاری شیعرییه‌وه هه‌یه، ده‌گۆڕێت. بۆیه ناتوانرێت ئه‌زموونی شیعری كوردی، له قۆناغێكی دیاریكراودا، یا خود له چه‌ند ده‌یه‌یه‌كدا، كورت و چڕ بكرێته‌وه له تێمایه‌كی شیعری دیاریكراو نیشان بدرێن، چونكه ئه‌زموونه‌كان جیاوازن. شیعری كوردی، به تایبه‌تیش له قۆناغی پێش راپه‌ڕیندا، جۆرێك جیهانبینی هه‌یه، كه خۆی له پرسی نه‌ته‌وه و نیشتمان، به‌رگریی و مانه‌وه، پارێزگاریكردن له شوناسی نه‌ته‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه، بۆیه نه‌ك هه‌ر ناتوانین ئه‌و بابه‌ته له شیعری ئه‌و قۆناغه ده‌رهێنین، به‌ڵكو هه‌ر لێكۆلینه‌وه‌یه‌ك له شیعری كوردی له‌و قۆناغه، به بێ ئاماژه‌دان به‌و گوتاره شیعرییه، شوێنی خۆی ناگرێت. ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی چه‌مكی هاوچه‌رخ به مانای نوێگه‌ریی له هه‌موو سه‌رده‌م و قۆناغێكدا نایه‌ت. ده‌شێ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ نوێ و هاوچه‌رخه، له داهاتوودا كۆن ببێت و ره‌هه‌ندی نوێگه‌رانه‌ی نه‌مێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوچه‌رخبوون په‌یوه‌ندی به قۆناغ و سه‌رده‌م و دیارده‌كانی ژیانه‌وه هه‌یه له هه‌موو روویه‌كه‌وه. لێره‌وه‌شدا جیهانبینی شیعری هاوچه‌رخی كوردی، له رووی ماناوه هه‌ڵگڕی گیروگازه.
جیهانبینی شیعری كوردی له‌و قۆناغه‌دا
له‌و روانگه‌یه‌وه، كتێبی (جیهانبینی شیعری كوردی) كه لێكۆلینه‌وه‌یه‌كه له گوتاری شیعری كوردی، له قۆناغه‌كانی نێوان ساڵانی 1970 تاكو 2012، شرۆڤه‌ی ئه‌و بابه‌تانه ده‌كات، كه وه‌ك تێمای سه‌ره‌كی ده‌قی شیعری له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ره‌نگدانه‌وه‌ی له شیعری كوردیدا هه‌بووه. بێگومان ئه‌م ناونیشانه، به‌بێ پۆلێنكردنی زه‌مه‌نی و مێژوویی، جۆرێك له ناڕۆشنی له رووی ناوه‌ڕۆك و بابه‌ته‌وه دروست ده‌كات. دواتریش ده‌بوو توێژه‌ر هه‌ر ته‌نها له پێشه‌كی كتێبه‌كه نا، به‌ڵكو وه‌ك ناونیشانێكی لاوه‌كی له سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه‌ش، ئاماژه به‌و ماوه زه‌مه‌نییه بدات كه دیاریكردووه بۆ لێكۆلێنه‌وه له جیهانبینی شیعری كوردی. توێژه‌ر له‌و كتێبه‌یدا، سێ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی كه ئه‌وانیش:(خودا و گه‌ردوون و مرۆڤ)ن، وه‌ك بابه‌تی گوتاری شیعری و جیهانبینی شیعری كوردی له‌و قۆناغه‌دا، واتا نێوان ساڵانی 1970 تاكو 2012 دیاریكردووه. به بڕوای نووسه‌ر، ئه‌م بابه‌تانه جیهانبینی سه‌ره‌كی شیعری كوردی له ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی كورد پێك دێنێت، به‌ڵام ئایا ئه‌م بابه‌تانه، تێمای سه‌ره‌كی شیعری كوردین له قۆناغی هه‌فتا و هه‌شتاكاندا؟ ئایا شیعری كوردی، به درێژایی قۆناغه‌كانی تا چه‌ند ته‌ناهی له‌گه‌ڵ ئایین هه‌بووه؟ مه‌گه‌ر به‌رده‌وام شاعیرانی ئێمه ره‌خنه‌یان له ئایین نه‌گرتووه؟ بۆیه به‌ستنه‌وه‌ی شیعری كوردی به‌و سێ ته‌وه‌ره‌وه، له راستیدا بێ ئاگاییه له مێژووی شیعری كوردی و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی. له راستیدا، جیهانبینی شیعری كوردی له‌و قۆناغه‌دا، ته‌نها له ده‌وری ئه‌و بابه‌تانه ناخولێته‌وه كه ئه‌ویش پرسی خودا‌و گه‌ردوونه، گریمان ئه‌گه‌ر له شیعری شاعیرانیشدا، ئه‌و ره‌گه‌زانه باسكرابن، مانای وانییه ئه‌مه هه‌موو جیهانبینی شیعری كوردییه، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌م بابه‌تانه به‌شێكی بچووك له گوتاری شیعری پێك دێنن. شاعیرانی ئێمه، هه‌میشه دیدێكی ره‌خنه‌ییان بۆ ئایین به گشتی هه‌بووه، بگره له هه‌ندێ كاتدا، ئایینیان وه‌ك ره‌وایه‌تیدان به‌و كاره‌ساتانه بینیوه، كه به سه‌ر گه‌لی كورددا هاتوون، بۆ نموونه وه‌ك ئه‌نفال، كه چۆن رژێمی به‌عس دێت و ئایه‌تێكی قورئان ده‌كاته به‌هانه‌ی قڕكردنی ئێمه و له ژێر ئه‌و ناوه‌دا، سه‌دان هه‌زار مرۆڤی كورد ده‌كوژێت. ره‌خنه‌گرتن له ئایین، لای هه‌ندێ شاعیری كورد، هێلی سووریشی به‌زاندووه و بۆته هۆی ئه‌وه‌ی فه‌توای كوشتنی ده‌ربكرێت، ئیدی نازانم چۆن نووسه‌ری ئه‌م كتێبه دێت، هه‌موو شیعری كوردی له هه‌بوونی خودا و گه‌ردوون و قه‌زا و قه‌ده‌ر كۆده‌كاته‌وه؟ كه ئه‌م هه‌وڵه، پتر له خزمه‌ت دید و ئه‌قڵێكی ئیسلامیدایه، له‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بی و نه‌ته‌وه‌یی بێت. بێگومان جیهانبینی سه‌ره‌كی شیعری كوردی له‌و قۆناغه‌دا، كه نووسه‌ری كتێبه‌كه خۆی لێ بواردووه، پرسی خاك و نیشتمان و به‌رگریی و مانه‌وه‌یه. رووبه‌رێكی سه‌ره‌كی و بگره هه‌موو گوتاری شیعری كوردی له شه‌سته‌كان و هه‌فتاكان و هه‌شتاكان و ساڵانێكیش دوای راپه‌ڕین، خۆی له پرسی خاك و نیشتماندا ده‌بینێته‌وه.
چۆن نووسه‌ری ئه‌م كتێبه دێت، هه‌موو شیعری كوردی له هه‌بوونی خودا و گه‌ردوون و قه‌زا و قه‌ده‌ردا كۆده‌كاته‌وه؟ كه ئه‌م هه‌وڵه، پتر له خزمه‌ت دید و ئه‌قڵێكی ئیسلامیدایه، له‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بی و نه‌ته‌وه‌یی بێت
شیعری كوردی له هه‌فتاو هه‌شتاكاندا
گوتاری شیعری ئه‌و قۆناغه گوتاری به‌رگریی و گه‌ڕانه به دوای ئازادی و سه‌ربه‌ستیدا. شیعر له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه سیاسی و نه‌ته‌وه‌یه‌ی ئێمه‌یه، كه له په‌راوێزی ئه‌و داگیركاریی و سته‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی ئێمه داهاتوون. شیعر له‌و قۆناغه‌دا، له سه‌نگه‌ری به‌رگریی و مانه‌وه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌ییدایه. له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه، سیماكانی به‌رگریی و داكۆكی له نه‌ته‌وه و یاخیبوون و هاتنه‌وه به‌گژ دوژمنان‌دا، له خاسیه‌ت و گوتاره هه‌ره دیاره‌كانی شیعری كوردین. ئه‌م بابه‌تانه، پرسی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌كی و هه‌ره دیاری شیعری كوردی پێكده‌هێنن و ئه‌گه‌ر پرسێكی وه‌ك خودا‌و گه‌ردوونیش له شیعری ئه‌و سه‌رده‌مه لای شاعیرانی كورد بوونی هه‌بێت، هه‌رگیز مانای وا نییه جیهانبینی شیعری كوردی، جیهانبینییه‌كی ئایینگه‌رایی بووه. ئه‌م جۆره تێڕوانینه بۆ مێژووی شیعری كوردی، له هه‌فتا و هه‌شتاكاندا، له راستیدا شێواندنی مێژووی شیعری كوردییه و به‌ستنه‌وه‌یه‌تی به پرسێكه‌وه كه هه‌میشه پرسێكی نامۆ و لاوه‌كی بووه لای شاعیرانی كورد و بگره نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌گشتی. مه‌گه‌ر كه‌س ئه‌وه‌نده‌ی نالی و مه‌حوی و شێخ ره‌زاو پیره‌مێرد و شێركۆ بێكه‌س، ره‌خنه‌یان له ئایین و سیمبوله ئایینییه‌كان گرتووه؟ شیعری كوردی له هه‌فتاو هه‌شتاكاندا، رواڵه‌تێكی ئه‌وپه‌ڕی نه‌ته‌وه‌ییانه و به‌رگریانه‌ی هه‌یه و رۆڵێكی سه‌ره‌كی له به‌رگریی و مانه‌وه‌ی ئێمه هاوشانی خه‌باتی چه‌كداری له شاخدا بینیوه، به‌سه‌دان پێشمه‌رگه، له سه‌رده‌می تێكۆشانی شاخدا، خۆزگه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌خواست شه‌هید بوونایه، بۆ ئه‌وه‌ی شێركۆ بێكه‌س شیعرێكیان بۆ بنووسێت، ئیدی نازانم چۆن نووسه‌ری كتێب، ئه‌و جیهانبینییه نابینێت و دێت شیعری چڵ ساڵی كوردی، به خودا‌و گه‌ردوونه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ته‌وه‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و كتێبه، پرسی بوونی مرۆڤه. شاعیرانی كورد، هه‌میشه بوونی مرۆڤیان له روانگه‌یه‌كی ئه‌نتۆلۆژیی و وجودیدا بینیوه نه‌ك ئایینی، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ری كتێب باسی ده‌كات. سه‌رده‌مانێك، شاعیرانی كورد له ژێر كاریگه‌ریی هزری سارته‌ر و كامۆدا بوون و له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه، بوونی مرۆڤیان وه‌ك پرسێكی فه‌لسه‌فی ئاڵۆز بینیوه، كه مایه‌ی پرسیار و تێڕامانه. زۆرجار بوونی مرۆڤیان، به كارێكی پووچگه‌رایی و بێ مانا و ژیانیان به گشتی وه‌ك ده‌ركه‌وته‌یه‌كی بێ نرخ و بێ به‌ها بینیوه، دیاره ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌یه، كه مرۆڤی كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا تیایدا ژیاوه. بوون لای شاعیرانی كورد، ره‌هه‌ندێكی فه‌لسه‌فی و یاخیبوونی هه‌بووه، نه‌ك ئه‌وه‌ی به ئاسانی باوه‌ڕبه‌وه بێنن كه وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی دیكه ده‌ژین و ده‌مرن و خودا خه‌ڵقی كردوون! له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه، به‌رده‌وام له روانگه‌یه‌كی هزریی و فه‌لسه‌فییه‌وه پرسیاریان له بوون و ژیان و خودا كردووه و بگره دژ به دنیا و ژیان و بوونیش وه‌ستاونه‌ته‌وه. بوون لای ئه‌وان، ره‌هه‌ندێكی ئایینی و گه‌ردوونی نه‌بووه، بگره زۆرتر مایه‌ی نائومێدی و ره‌شبینی و گومان و پرسیار بووه له‌وه‌ی مرۆڤ بۆ دروستكراوه؟ بۆچی ده‌ژی؟ بۆچی قه‌ده‌ری ژیانی وه‌هایه؟ لێره‌وه‌ش نموونه هێنانه‌وه له شیعری چه‌ند شاعیرێك كه زۆرینه‌یان ئه‌زموونێكی شیعری ئه‌وتۆیان نییه له‌و كتێبه‌دا و لای نووسه‌ر، مانای وانییه جیهانبینی شیعری كوردی هه‌مووی په‌یوه‌ندی به خوا و گه‌ردوون و ئه‌ستێره و مانگ و خۆره‌وه هه‌یه. هه‌موو ئه‌و توخمه گه‌ردوونی و سروشتیانه، كاتێ له شیعری ئه‌و قۆناغه‌دا، واتا ساڵانی هه‌فتاو هه‌شتا، به‌رجه‌سته ده‌كرێن، مانای دیكه‌ی سیمبولی و سیاسی وه‌رده‌گرن و له ره‌هه‌نده سروشتییه‌كه‌ی خۆیان داده‌ماڵڕێن و بوونێكی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێریان پێ ده‌ده‌رێت. ئه‌و ره‌گه‌زه سروشتیانه، له فۆرمێكی دیكه‌ی شیعریدا به‌رجه‌سته ده‌كرێن، بۆیه له شیعری نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاكان و ده‌یه‌ی هه‌شتاكان، توخم و وێنه شیعرییه‌كان، بونیادێكی دیكه‌ی واتایی وه‌رده‌گرن و جۆرێك له ره‌هه‌ندی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییان پێ ده‌درێت. گه‌ر به‌وردیش له‌سه‌ر شیعری ئه‌و قۆناغه بوه‌ستین، باشتر ئه‌و راستیه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. له مێژووی شیعری كوردیدا، هیچ قۆناغێك وه‌ك ئه‌و قۆناغه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه، وه‌ك ماوه‌ی زه‌مه‌نی توێژینه‌وه‌كه‌ی دیاریكردووه، هه‌ڵگری جیهانبینی نه‌ته‌وه‌ییانه و شۆڕشگێڕیانه نییه، ئیدی نازانم چۆن نووسه‌ر ده‌یه‌وێت شیعری زیاتر له سی ساڵی شاعیرانی ئێمه، به‌ته‌نها له بابه‌ته‌كانی وه‌ك بوونی خودا و ئه‌ستێره و گه‌ردوون كۆبكاته‌وه؟ ئه‌و شیعرانه‌ی وه‌ك نموونه‌ی توێژینه‌وه‌كه وه‌رگیراون، زۆرینه‌ی هه‌ره زۆریان، شیعری شاعیرانێكن كه هیچ ئه‌زموونێكی شیعری ئه‌وتۆیان نییه و به‌داخه‌وه نووسه‌ر له روانگه‌ی شارییه‌وه، به‌و پێیه‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی ئه‌ون، نموونه‌ی له شیعره‌كانیان هێناوه‌ته‌وه. له كاتێكدا، نموونه‌ی له شیعری شاعیرانی وه‌ك شێركۆ بێكه‌س، فه‌رهاد شاكه‌لی، ئه‌نوه‌ر قادر و ره‌فیق سابیر، به‌جۆرێكی كه‌م نه‌بێت نه‌هێناوه‌ته‌وه. له‌كاتێكدا باسكردن له شیعری هه‌فتاو هه‌شتاكان، به‌بێ ئاماژه دان به ئه‌زموونی ئه‌و شاعیرانه، ناتوانرێت گوزارشت له قۆناغه شیعرییه‌كه بكرێت.
*په‌راوێز: ناوی كتێب: جیهانبینی شیعری هاوچه‌رخی كوردی، ئاماده‌كردنی: ده‌ریا جه‌مال حه‌وێزی، بڵاوكراوه‌ی: ئه‌كادیمیای كوردی.