بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیكرد لە ئیلبروس كوتراشیڤ، باڵیۆزی روسیا لە عیراق.

07:16 - 2022-05-12
کوردستان
405 جار خوێندراوەتەوە

لە دیدارێكدا كە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ و ئەمین بابەشێخ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان ئامادەیبوون گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەمڕۆی عیراق و هەرێم و كێشە سیاسییەكانەوە كرا.

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی لە عیراق دروستبووە راگەیاند و وتی، لەسەرەتاوە یەكێتی لەگەڵ لێكتێگەیشتن و تەوافوقی سیاسیی بووە. چونكە دۆخی ئەمڕۆی عیراق بەجۆرێكە كە نابێت هیچ هێز و لایەنێك پەراوێز بخرێن. ناكرێت بەناوی زۆرینەوە وڵات بەرەو ئاقارێكی خراپ ببرێت و هەموو هەوڵێكیش لە دەرەوەی ئەم ئیرادە نیشتمانییە بێئەنجام دەبێت.

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد تاوەكو ئێستاش كات ماوە بۆ گفتوگۆ، دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە كێشەكان چارەسەر بكەین و حكومەتێكی خزمەتگوزار پێكبهێنین كە وڵات بەرەو سەقامگیری سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی ببات. ئەمەش ئامانجی ئێمە بووە و هەموو هەوڵەكانمان لەو پێناوەدا بووە.

‏‎ھەر لە دیدارەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان كرایەوە بەجۆرێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەردوولا بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان