گەنم محەمەد
چۆن بتوانین وا قسە بكەین كەسی بەرامبەر لێمان تێبگات و قسەكانمان قبووڵ بكات؟ پاشان وردە وردە بتوانین قەناعەتی پێبكەین، گرنگ نییە قسە و باسەكەمان لەسەر چییە؟ ئایا بابەتی سیاسی، كۆمەڵایەتی، كەلتوری، هونەری، سۆز و خۆشەویستی، خێزانی یان هەر بابەتێكی دیكەیە. رێگای راست و دروست كامەیە بۆ ئەوەی قەناعەت بە بەرامبەر بكەین؟ بەلاتەوە سەیر نەبێت كە هەنگاوی یەكەمی رێگا دروستەكە فێربوونی زمانی فیلە، چۆن؟ ئەمە پرسیارێكی گرنگە. جۆناسان هایت دەروونزانی كۆمەڵایەتی و مامۆستای زانكۆی نیویۆرك لەم بارەیەوە، هەمیشە نموونەیەكی سەیر دەهێنێتەوە، ئەویش بابەتی فیل و فیل سوارە. هایت باوەڕی وایە ئەو كەسانەی لە گفتوگۆدا هەمیشە شكست دەخۆن و ناتوانن قەناعەت بە بەرامبەر بكەن، لە جیاتی ئەوەی قەناعەت بە فیلەكە بكەن بگەڕێتەوە دواوە و بە ئاراستەیەكی تردا بڕوات، دەچن قسە لەگەڵ فیل سوارەكە دەكەن. ئەمەش لە كاتێكدایە ئەگەر فیل سوارەكە قەناعەتیش بكات، فیلەكە بەقسەی ناكات و ئاراستەی رۆیشتنەكەی ناگۆڕێت. لێرەدایە گرنگە زمانی فیل فێربین، واتە بزانین چۆن قەناعەت بە فیلەكە بكەین و لە زمانی تێبگەین.
گرنگترین شت ئەوەیە لە خاڵە ناكۆكەكان خۆمان بەدوور بگرین و قسە لەسەر خاڵە هاوبەشەكان بكەین، بەمەش دەتوانین درێژە بە گفتوگۆ بدەین و نەیەڵین بەرامبەر تووڕە بێت و بڕوات. دەبێت گوێ لە بەرامبەر بگرین و بزانین خەم و نیگەرانی و ترس و ئومێدی چییە؟ یەكەم هەنگاوی فێربوونی زمانی فیلەكە لێرەوە دەستپێدەكات. بێگومان ئەمە رێگایەكی ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر لەسەر بەرنامەی خۆمان سووربین، گوێگرێكی باش بین، بتوانین بەڵگەی تۆكمە بهێنینەوە، وردە وردە دەتوانین بگەینە بابەتی هاوبەشی نێوانمان، بێگومان بنەمای گفتوگۆكە ئەوەیە كە بابەتێكی هاوبەشمان هەیە، ئەوسا جەخت لەسەر بابەتە هاوبەشەكە دەكەینەوە، بەم شێوەیە دەتوانین بگەینە خاڵی كۆتایی، كە ئەویش قەناعەتپێكردنی بەرامبەرە.
بۆچی دەبێت قەناعەت بە بەرامبەر بكەین؟
بێگومان هەموو هەوڵ و كۆششی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی قەناعەت بە بەرامبەر بكەین، ئەگەرچی جۆناسان هایت جەخت لەسەر بابەتە سیاسییەكان دەكاتەوە، بەڵام مەسەلەكە تەنیا سیاسەت نییە، بەڵكو زۆر شتی تر دەگرێتەوە لە بابەتی عەشق و خۆشەویستییەوە بگرە هەتا كڕین و فرۆشتن و زۆر شتی دیكەش. جەوهەری بابەتەكە ئەوەیە ئێمە داواكارییەك یان چەند داواكارییەكمان لە بەرامبەر هەیە و دەمانەوێت داواكارییەكە یان داواكارییەكانمان بهێنینەدی. بێگومان بۆ ئەمەش دەبێت قەناعەتی پێبكەین ئەوەی دەمانەوێت جێبەجێی بكات. ئەوەشمان لەبیرنەچێت ئەویش داواكاریی هەیە و دەیەوێت بۆی جێبەجێ بكەین، واتە بابەتەكە دان و ستاندنە. كلیلی گەیشتنە ئەنجامی گفتوگۆكە لەوێوە دەستپێدەكات كە ئامادەی گوێگرتن بین لە بیروبۆچوونەكانی بەرامبەر، لە داواكارییەكانی، لەوەی خەم و نیگەرانی و ترسی لەچییە؟ لێرەوە دەتوانین وای لێبكەین متمانەمان پێبكات، ئەگەر گوێی لێنەگرین و بڵێین هەموو شتێك دەزانین و پێویست ناكات گوێی لێبگرین. ئەوسا یانی خۆمان لە ئاستی ئەودا نابینین و هەموو شتێك دەگاتە بنبەست و شكست دەهێنین و دەگەڕێینەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. دواجار ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە رێگایەكی ئاڵتوونیی نییە بۆ قەناعەتپێكردنی بەرامبەر، جگەلەوەی دەبێت زمانی فیل فێربین و بتوانین قەناعەتی پێبكەین ئاراستەی خۆی بگۆڕێت.
سەرچاوە:
YouTube-Bplus Ali bandari