لەدوورگەی «سینتیل» ی ناو کیشوەری هیندی لە کەشێکی ناوازەو دارستانێکی چڕو پڕ لە تاڤگەو کانیا و دیمەنی جوان و دڵڕفێن و ئاوێکی شین و ساف تیرەیەکی گەلی هیندی کۆن بەتەنیا دەژین، ژمارەیان ( -100 150) کەس دەبێت، بۆ یەکەمجار لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەم دۆزراونەتەوە و لە ئاسمانی ئەو دوورگەیەوە فڕۆکەوانەکان بینیویانن، دوای ئەوەی چەند هەوڵێک هەبووە بۆ بینینیان و خەڵکانێک هەبوون سەردانی ئەو دەڤەرەیان کردووە، بەڵام بەزیندوویی نەگەڕاونەتەوە و بەدەستی ئەندامانی ئەو تیرەیە کوژراون.
مافی خۆپارێزییان دراوەتێ
ئەو دوورگەیە نزیکە لە وڵاتی بەنگال، بەڵام سەربە جوگرافیای هیندستانە، ناوی تیرەکە «سینتیل» بە بەنگالی واتە پاسەوان، ئەوان بەکردار پاسەوانی خۆیانن و نایەڵن کەس نزیکیان بکەوێت، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ئەو تیرەیە ماوەی 60 هەزار ساڵە لەو دوورگەیە دەژین و پشتاوپشت جگەلە ئەندامانی تیرەکەی خۆیان کەسی تریان نەبینیووە، حکومەت چەند جارێک هەوڵیداوە بیانبینێ و بیانخاتە نێو کۆمەڵگە و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکات، بەڵام ئەوان رووبەڕووی کاربەدەست و پیاوانی حکومەت بوونەتەوە و بەرگریان لەپرەنسیپی خۆبەڕێوەبردنی خۆیان کردووە، بۆیە لە ساڵی 1970 ەوە بەپێی دەستور ئەوان مافی ژیان و گوزەران و تەنیایی و بەرگریکردن لەخۆ و خۆخستنە پەراوێزیان پێ دراوە، مافی ئەوەیان هەیە ئەوەی سنووریان ببەزێنێت بیکوژن.
ماسی بەخاوی دەخۆن
خواردنی سەرەکی ئەو تیرەیە ماسی و رووەکی ئاویی و بەرووبومی درەختەکانی ناو دارستانی دوورگەکەیە، هەرچەندە بەهێزن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ماسی بەکاڵی دەخۆن و نایبرژێنن بەرگری لەشیان لاوازە و بەرگەی نەخۆشی ناگرن، هەر بۆیە ژمارەیان هەر لە کەمبوونەوەدایە بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە زیادیان نەکردووە، ئەوان لە ناو کوخی دروستکرا و لە گەڵا و پوشوپەڵاش دەژین.
سەدان کەسیان کوشتووە
لەساڵی 1974 تیمێکی تەلەفزیۆنی ئەمریکی ویستیان بچنە ناویان و فیلمێکی دیکۆمێنتاریان لەسەر بەرهەم بێنن، کەچی پەلاماریان دان و ژمارەیەکیان بریندارکرد و بەپەلە رایان کرد لەدەستیان، کاتێک لەدووریشەوە ببینن لەناو دەریاکە راوکەران بە بەلەمی بچووک راوەماسی دەکەن و لە دوورگەکە نزیک دەبنەوە تیروکەوانیان تێ دەگرن و دەیانکوژن، سەدان حاڵەتی لەمجۆرە روویانداوە و ئەوە بۆتە مافی ئاسایی و سەرەکی خۆیان و حکومەتیش دەستیان بۆ نابات.
یەکێ ببینن دەمرن
بەر لەوەش لەساڵی 1967 وەفدێکی بەریتانی دوو پیرەمێرد و دوو منداڵی لە بابەتی خۆیان واتە مرۆڤی سەرەتاییان ناردە سنورەکە و کاتێک چوونە ناو ئەو تیرەیە کوژران، ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوانەی ئەو چوارکەسەشیان بینیبوو دوای چەند رۆژێک مردن، چونکە سروشتی بەرگری لەشیان وایە خەڵکی بێگانە وەرناگرێ و لە بەریەکەوتنیان بە خەڵکی تر ڤایرۆسی هەمەجۆری کوشندە وەردەگرن و پێی دەمرن، هەر بۆیە زانیاری و فیلم و فۆتۆیان زۆر کەمە و زۆربەیان لەئاسمانەوە وێنەگیراون.
سەرچاوە: گۆڤاری Focus