لەجیهاندا ناشتنی مردوو بەپێی نەتەوە و ئاین و مەزهەبەکان لەیەکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت، هەیانە دەیسوتێن یان فڕێی دەدەنە ناو دەریا یان کەوڵی دەکەن و پەیکەرە ئێسکەکەی هەڵدەگرن، لە هەموویان باوتر ناشتنیەتی لەژێر زەوی وەک لای خۆمان، ئەم شێوازە لای موسڵمانان تا ئێستا باشترین و شایستەترین شێوازی ناشتنی تەرمە و رۆژئاواش پیادەی دەکەن، بەڵام ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی پانتایی زەوی و پڕبوونەوەی هەموو ئەو شوێنانەی بۆ گۆڕستان تەرخانکراون، ئەوروپییەکان بیریان لە شێوازێکی تر کردۆتەوە، ساڵانێک لەمەوبەر دوو زانای ئیتالی لە ئەزموونێکی تازەدا گەورەترین و نایابترین داهێنانیان لەم بوارەدا کردووە ئەویش چاندنی تەرمە.
کەپسولی مەرگ
ئەو زانایانە تابووتێکی هێلکەییان دروستکردووە پێی دەڵێن «کەپسولی مەرگ» گوزارشت لە بوون و نەمان دەکات پێکهاتەکەی هەندێ مادەی خاو پێکهاتووە تەرمی مرۆڤی تێدا هەڵدەگیرێ و دادەخرێت، کە دەخرێتە ژێر زەوی مردووەکە خێرا شیدەکاتەوە و دەیکاتە پەینێکی باش، کاتێک درەختێکی لەسەر دەڕوێندرێت خێرا گەشەدەکات، ئەو شێوازە ئێستا لە زۆر وڵات پیادەدەکرێت لەوانە ئیتالیا، سویسرا، نەمسا، بەلجیکا و هۆڵەندا، تەرمەکە بە شێوازی کۆرپەلە لەناو منداڵدانی دایکدا دەخرێتە ناو کەپسولەکە و دەنێژرێت، لای سەرەوەی درەختێکی لەسەر دەڕوێندرێت، ئەو درەختە کەسەکە بەر لە مردنی خۆی بەوەسیەت دیاری دەکات کە چ درەختێکی دەوێت، ئەگەر دیاری نەکرابوو ئەوا کەسە یەکەمەکانی بڕیار لەجۆری درەختەکە دەدەن.
گۆڕستان دەکاتە دارستان
ئەو ئەزموونە تازەیەی ئەو زانایانە لە چەند روویەکەوە سوود بە سروشت و مرۆڤایەتی دەگەیەنێت پانتاییەکی بەرفراوان لەزەوی کە پڕە لە کێل و دار و بەرد و مەزار دەکات بە دارستانێکی سەوز و هەر درەختێک دەبێتە گۆڕ و گوزارشت لە کەسەکە دەکات، جگەلەوەش هەوڵێکی ژینگەپارێزییە و ئاو هەوا سازگار دەکات، تەنها رووبەری 50 سم چوار گۆشەی پێویستە و دەکرێت لە نزیک یەکەوە بچێندرێت نرخەکەشی تەنها 400 یۆرۆیە، لە کاتێکدا کڕینی زەوی بۆ یەک گۆڕ نزیکەی 10 هەزار یۆرۆیە، ئەو هەنگاوە لە زۆر وڵاتدا پێشوازی لێکراوە و لە هاشتاگێکدا لەو بارەیەوە هەندێک نووسیویانە: من دەمەوێ ببمە درەختی زەیتوون یەکێکی تر دەڵێ دەمەوێ ببمە دار سێو یان هەرمێ و هتد.
سەرچاوە: Bestattungsportal