ئا: هاوار نەسرەدین
کەسایەتی مرۆڤ هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە دەست پێ دەکات، قۆناغی منداڵی کەسەکان، دەستنیشانی دەکات ئەو کەسە لە داهاتوودا دەبێتە کەسێکی زیرەک و لێهاتوو یان بە پێچەوانەوە، دەبێتە کەسێکی لاواز و لەرزۆک، جگە لەلایەنی دەروونی و بیرکردنەوە و کەسایەتی، توێژینەوەیەکی نوێ سەلماندوویەتی توندوتیژی و لێدان و زەبری دەروونی، گرفت بۆ جەستەی کەسەکان دروست، هەر لەو چوارچێوەیەدا و بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی کالیفۆرنیا کراوە، زەبری دەروونی و گرفتی ناخۆشی خێزانی لە تەمەنی منداڵیدا، تا تەمەنی پیری کاریگەری لەسەر دەروون و جەستەی کەسەکە دەبێت.
دکتۆر ئالیسۆن هوانگ توێژەری زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا رایگەیاند: توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵ، کێشە لە ڕۆیشتن و چالاکییەکانی ژیانی رۆژانە بە درێژایی تەمەنی یان کێشەی بیرەوەری لە تەمەنی 50 ساڵ بۆ سەرەوە دروست دەکات.
هەروەها لێدان و توندوتیژی یان دەستدرێژی جەستەیی، نەخۆشی و فشاری دارایی خێزان یان جیابوونەوەی دایک و باوک، هۆکاری سەرەکی فشاری سەر منداڵ و هۆکاری تەمەڵی و سەرنەکەوتنی منداڵەکەن لە قۆناغی گەنجیدا.
تێکچوونی توانای جووڵە
توێژینەوەکە ئەوەشی دەرخستووە ئەو کەسانەی لە منداڵیدا توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، ئەگەری تووشبوونیان بە تێکچوونی توانای جووڵە لە تەمەنی پیریدا بەڕێژەی 40 ٪ زیاترە و لە چالاکییەکانی رۆژانەدا لە قۆناغی گەنجیدا، ئەگەری تووشبوونیان بە کێشەی جۆراوجۆر بەڕێژەی 80 % زیاترە، هەروەها ئەو منداڵانەی لە خێزانە غەمگینەکاندا گەورە بوون بەڕێژەی 40 % زیاتر کێشەی لاوازیی مەعریفی و درەنگ تێگەیشتنیان هەیە، چونکە ئەزموونکردنی یەکێک یان چەند جۆرێک لە رووداوی نێگەتیڤ لە قۆناغی منداڵیدا، هەستی ئاسایش یان سەقامگیری منداڵ تێکدەدات، ئەوەش راستەوخۆ پەیوەندی بە نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، نەخۆشی باوەڕبەخۆنەبوون و خەمۆکییەوە هەیە.
ئەزموونە نێگەتیڤەکان
بۆ سەرخستنی توێژینەوەکە، توێژەران پرسیاریان لە 3400 بەشداربووی تەمەن 50 -97 ساڵ کردووە، سەبارەت بە ئەزموونە نێگەتیڤەکانی قۆناغی منداڵی زانیارییان کۆکردووەتەوە، هەروەها سەرنجی هاوسەنگی جەستەیی، هاوسەنگی و توانای رۆیشتن، زانین و بیرەوەرییان بەرامبەر بە بابەتەکان درا، پاشان توانایان لە چالاکییەکانی ژیانی رۆژانەیاندا وەک پۆشینی جلوبەرگ و خۆشتن هەڵسەنگێندرا، دەرکەوت ئەو کەسانە لە هەموو ئەو لایەنانەوە کەموکورتیان هەیە.
لە ئاکامدا نزیکەی 44 % ئەو کەسانە ئەزموونی نێگەتیڤیان لەنێوان تەمەنی 6 - 16 ساڵیدا بۆ توێژەران گێڕایەوە، بە جۆرێک 16 % ئەو کەسانە قوربانی توندوتیژی خێزانی بوون، هەروەها 16 % تریشیان دایک و باوکیان جیاببوونەوە، 14 % شیان هەڕەشەی توندوتیژییان لێکرابوو 13 % خێزانەکەیان لەناو کێشەی داراییدا بووە و 6 % توانای جەستەییان لەبارنەبووە و نەخۆش بوون، لە هەر پێنج کەسێک یەکێکیان زیاتر لەوانی تر ئەزموونی نێگەتیڤی منداڵیی خۆیان بۆ خراپترین گەڕاندووەتەوە.
لە ئەنجامدا توێژەران و پسپۆڕان ئاماژەیان بەوە کرد، ئەزموونە سترێسییەکان لە سەرەتای تەمەن و قۆناغی منداڵیدا، مەترسین بۆ تێکچوونی کارایی و جووڵە لە تەمەنێکی دواتردا.