راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
چەند ساڵێکە ناوە ناوە لیژنەكانی قائیمقامیەتی كەركوك و هێزە ئەمنییەكانی شارەكە بە شۆفڵ هەڵدەكوتنە سەر پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەكەی شاری كەركوك دەست بەڕووخان و بڕینی ئاو و كارەبایان دەکەن و دەیانەوێت بیانگوازنەوە بۆ ناوچە پیشەسازییە نوێیەكەی نزیكەی ناحیەی لەیلان، لە بەرامبەردا پیشەوەرانی ئەو بازاڕە دەستیان بە خۆپیشاندان و مانگرتن كرد و خێوەتیان لە شوێنی كارەكەیان هەڵدا.
دواتر بە هەوڵی ئاسۆ مامەند كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوك و هەر یەك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەوز دیلان غەفور و سەباح حەبیب هەڵمەتی روخاندنی دوكانەكانیان راگیرا.
هەموو جارێك ئەو كاسبكارانە زیانێكی زۆریان بەردەكەوێت، بەڵام دواتر لایەنە حزبی و حكومییەكان دەكەونە نێوەندگیری و كێشەكە بۆ ماوەیەك چارەسەر دەكەن، بەڵام ئەمجارەیان پیشەوەران هەڕەشەی چۆڵنەكردن دەكەن تا مافەكانی خۆیان بەدەستدەهێنن، هەر لەو هەڵمەتەدا زیاتر لە 10 پیشەوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران دواتر بە كەفالەت ئازادكران.
رۆژی 9/8/2023 پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوەیەكی فراوانیان لە بینای ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و وەرگرتنی مافەكانیان رێكخست.
دوكانە لاچەپەكان ماون و نرخیان بەرزە
وەستا ئومێد پیشەوەرە لە بازاڕی حەسیرەكەی شاری كەركوك وتی، لایەنە ئەمنییەكان و قائیمقامیەت لە هەوڵی ئەوەدان هەموو دوكانەكان بگوازنەوە بۆ ناوچەی پیشەسازی ناحیەی لەیلان، بەڵام بەبێ ئەوەی رەچاوی پێویستییەكانی ئەو دوكاندارانە بكەن كە لەو شوێنەدا بۆیان دیاریكراوە، چونكە شوێنێكی دوورە دەستەو خەڵكی ناتوانن سەردانی ئەو شوێنە بكەن و لە هەمانكاتدا خزمەتگوزاری وەكو ئاو و كارەبا و ئاوەڕۆی نییە و شەقامەكانیشی قیر نەكراوە، هەروەها داوای پارەیەكی زۆر دەكەن بۆ دوكانەكان ئەمەش لە توانای ئێمەی كاسبكاراندا نییە، بۆیە لە مانگرتن بەردەوام دەبین و بەهیچ جۆرێك ناچینە ئەو شوێنە، چونكە هیچمان ئەو توانا مادییەمان نییە و بژێویشمان دەكەوێتە مەترسییەوە.
وەستا عەلی، لە هەمان بازاڕ كاری پیشەوەری دەكات و دەڵێت، بەشێكی زۆری دوكانەكانی ناوچەی پیشەسازی ناحیەی لەیلان بە سەرمایەدار و دكتۆر و دەوڵەمەندەكانی دەرەوەی شاری كەركوك فرۆشراوە، بۆیە دەبێت ئێمەی پیشەوەر بە سەرقفڵی و بە كرێیەكی زۆر كە لە توانای ئێمەدا نییە کاری تێدا بکەین.
وتیشی، بەشێكی زۆری ئەو دوكانانە شوێنی باش و دیاریكراویان هەیە فرۆشراون و تەنیا شوێنە دوورە دەست و لاچەپەكان ماونەتەوە و نرخشیان زۆر گرانە بۆیە لەگەڵ خواستی كاسبكاراندا نییە.
شار بۆتە ناوچەیەکی پیشەسازی
پیشەوەر ستار محەمەد هەر لە منداڵییەوە كاری بۆیاغچێتی ئۆتۆمبێل دەكات لە ناوچەی پیشەسازی گەورەی كەركوك كە بە ناوچەی پیشەسازی باشوور ناسراوە، سەبارەت بە دیاریكردنی ناوچەیەك بۆ پیشەوەران وتی، ژمارەیەكی زۆر لە پیشەوەران لەناو شار گەراج و دوكانیان كردۆتەوە و شارەكەیان كردۆتە ناوچەیەكی پیشەسازی، ئەمكارەش كاریگەری خراپی لە سەر بژێوی ئێمە دروستكردووە، چونكە كاتێك شۆفێر ئۆتۆمبێلەكەی تێك دەچێت نایەتە ناوچەی پیشەسازی باشوور لەبەر ئەوەی زۆربەی پیشەوەران لە ناوشاردان، هەروەها گرفتی سەرەكی ئێمەی پیشەوەرانی ناوچەی پیشەسازی ئەوەیە رێگەكەی زۆر دوورە.
باسی لەوەشكرد، ئەو پیشەوەرانەی ناوشاری جگە لەوەی سیمای شاریان تیكداوە و بوونەتە هۆی پیسبوونی ژینگە، هەروەها لە ناوچەی پیشەسازی هەموو جۆرە یەدەكێك دەستدەكەوێت وەكو ناوشار نییە، بۆ نموونە ئەو وەستایانەی لە ناوشار كار دەكەن هەر كەرەستەیەكیان پێویست بێت روو لە ناوچەی پیشەسازی باشوور دەكەن و ئەمكارەش لە بەرژەوەندی شۆفێردا نییە.
کارکردن لە یەک شوێنی گونجاو
وەستا كەریم عەلی كاری چاككردنەوەی پاوەر برێك دەكات لە بازاڕی حەسیرەكە دەڵێت، گواستنەوەی پیشەوەرانی ناوشار لە زۆر رووەوە باشە، دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی، چونكە ئێستا كۆمەڵێك پیشەوەر لە گەڕەكی رەحیماوا و كۆمەڵێك لە گەڕەكی كوردستان «فەیلەق» و كۆمەڵێك لە شۆڕیجە و بازاڕی حەسیرەكە، كاری چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل دەكەن.
وتیشی، ئێمەی پیشەوەران پێمانخۆشە لە یەك شوێن كار بكەین و ئۆتۆمبێل چاك بكەینەوە، هەركات شوێنێكیان بۆ تەرخان کردین و شیاوی كاركردن بوو یەكەم كەس دوكانەكەم دەگوازمەوە بۆ ئەو شوێنە، بەڵام نەك وەكو ئەو شوێنەی ئێستا كە بەناو ناوچەی پیشەسازییە كەچی شوێنێكی وێرانە و كەس بۆی ناچێت، چونكە خزمەتگوزاری نییە شوێنەكەشی لە رێگەی پەنجاعەلی ـ لەیلانە و زۆر دوورە، جگە لەوەش لە هەموو شارێك دوو ناوچەی پیشەسازی هەیە پیشەسازی باكوور و باشوور هەیە.
جێبەجێکردنی داواکارییەکان
پەرلەمانتار دیلان غەفور رایگەیاند، دوای مانگرتنی كاسبكارانی بازاڕی حەسیرەكە بە ئامادەبوونی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت و فەلاح یاڵچین قائیمقامی كەركوك و هێزە ئەمنییەكان و كۆمەڵێك لە نوێنەری كاسبكاران لە بینای ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبووینەوە و لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتین، دابینكردنی پێویستییەكانی ئەو ناوچە پیشەسازییە لە ئاو و كارەبا و ئاوەڕۆ و پێویستییەكانی تر، لەگەڵ پیشەوەران رێككەوتین هەموو ئەو فیتەرانەی لە ناوشار كاردەكەن، جگە لە ناوچە كوردنشینەكان پێویستە گشتیان بگوازێنەوە ئەو شوێنەی بۆیان دیاریكراوە، هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا رێگە بە چەند پیشەوەرێكی دیاریكراو دراوە وەكو دوكانی جوانكاری ئۆتۆمبێل و پەنچەرچی.
وتیشی، پێویستە بڕێکی دیاریكراو پارە بۆ پیشەوەران دابین بكرێت بۆ ئەوەی پێداویستییەكانیانی پێ جێبەجێ بكەن لەو ناوچەیەدا، بەڵام لە كاتێكدا ئەگەر نەتوانرا ئەو بارودۆخە بڕەخسێنرێت ئەوا پێویستە لە ناوچەی چیمەنی سەر بە پارێزگای كەركوك شوێنیان بۆ دابین بكرێت.
باسی لەوەشكرد، پێویستە لەو ناوچە پیشەسازییە دوكانەكان بە نرخێكی گونجاو بەسەر پیشەوەراندا دابەش بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە دابینكردنی بژێوی ژیانیان، بەڵام جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەی كە باسكران پێویستی بە پشوو درێژی و یەكسانی لە جێبەجێكردنی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە هەیە و پێویستە رەچاوی هەموو لایەكی تێدا بكرێت.
داواماشمان كردووە لەبەر ئەوەی ئەو ناوچەیەی بۆیان دیاریكراوە و شوێنێكی دوورە دەستە لە شارەوە پێویستە ئۆتۆمبێلی پاسی تایبەت بۆ ئەو ناوچەیە دابین بكرێت بە مەبەستی گواستنەوەیان. هەروەها بڕیارماندا بۆ ماوەی پێنج ساڵ كرێی ئەو دوكانانە لەسەر پیشەوەران زیاد نەكرێت و لە هەموو روویەكەوە بڕیار لەسەر پارەیەكی دیاریكراو دیاری بكرێت كە هەردوولا رەزامەندبن، جگە لەمانەش كارەبای پێویستیش دابین بكرێت لە كاتی كاركردنیاندا بۆ ئەوەی بە پێویستییەكانی
رۆژانەیان رابگەن.