فابریزیۆ رۆمانۆ سەرچاوەی یەكەمی هەواڵەكان

12:08 - 2022-05-14
وەرزش
711 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئارۆ سەنگەر
كاتێك ناوی فابریزیۆ رۆمانۆ گوێ بیست دەبین راستەوخۆ دەگەینە ئەو راستیەی بۆندێكی تری یاریزانان یەكلایی بۆتەوە، چونكە ئەو رۆژنامە نووسە بەناوبانگەی ئیتاڵیا لەماوەیەكی كورتدا متمانەی ناوبانگێكی هێندەی گەورەی پەیدا كردوە كە بڵاوكردنەوەی هەواڵێكی میركاتۆ لەلایەن ئەو رۆژنامەنووسە وەكو ئەوەیە وایە یانەكان بە رەسمی بۆندەكەیان بڵاوكردبێتەوە.
ئەو رۆژنامەنووسە 28 ساڵە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی توانی متمانەیەكی زۆر بۆخۆی پەیدا بكات لە نێو میركاتۆی یاریزانان كە جیهانی هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندەیەو گۆڕەپانێكە بۆ ریكلامكردن بۆ یاریزانان بە مەبەستی بەرزكردنەوەی مووچەو نرخیان.
رۆمانۆ لە پێگەی تویتەر خاوەنی نزیكەی 7 ملیۆن فۆلۆیە وانە سێ هێندەی یانەی ئینتەر میلانی پاڵەوانی ئیتاڵیا و لە فەیسبووكیش 7 ملیۆن كەس لایكیان كردوەو لە یوتوبیش نزیكەی 800 هەزار كەس سەبسكرایبیان كردوەو لە تویچیش كە تایبەتە بە پەخشكردنی ڤیدیۆ نزیكەی 500 هەزار فۆڵۆی هەیە و رۆژانەش ئەو ژمارانە لە زیادبووندان چونكە ئەوەی بەدوای هەواڵی راست لەسەر داهاتووی یاریزانان بگەڕێت هیچ كەسێكی باشتری لە رۆمانۆ دەست ناكەوێت.
لە میركاتۆی زستانەی پێشوو فیران تۆرێسی ئەستێرەی ئیسپانی ڤیدیۆیەكی خۆی بڵاوكردەوە كاتێك لە ڤالێنسیا پشوو دەدات و چاوەڕێی وەڵامی مان سیتی بوو بۆ بۆندی بارسێلۆنا كە دەیویست بیگوازێتەوەو دوای ئەوەی هەردوولا گەیشتنە رێككەوتن تۆرێس سێ وشە بەناوبانگەكەی رۆمانۆی پێ بەكارهێنا كە هەمیشە بۆ گواستنەوەی یاریزانان بەكاری دەهێنێت و دەنووسێت هێر وی گۆ كە ئەم سێ وشەیە هێندە بەناوبانگبووە یەكسانە بە وشەی رەسمی راگەیاندنی بۆندی یاریزانان.
رۆمانۆ ناوبانگێكی هێندە گەورەی پەیدا كردوە ئێستا چی تر پەیامنێری روماڵی میركاتۆی یاریزانان نییە بەڵكو بووەتە كارەكتەرێكی كاریگەر و چاودێر و تەنانەت بەشداریش لە میركاتۆی یاریزانان.
دەستپێكی رۆمانۆ لەگەڵ كاری رۆژنامەنووسی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی لە شاری ناپۆلی كە شوێنی لەدایكبوونی بووە لە تەمەنی هەرزەكاری بۆ پێگەكان شتی نووسیەوە تا ئەو رۆژەی پەیوەندیەكی تەلەفۆنی پێوە دەكرێت كە ژیانی بەتەواوی دەگۆڕێت.
لە میانی دیدارێك لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز رۆمانۆ دەڵێت ئێستاش نازانم چۆن بەڕێوەبەرێكی بەناوبانگی كاری یاریزانان ناو و ژمارەی ئەوی دەستكەوتوەو پەیوەندی پێوەكردوە و داوای لێكردوە راپۆرتێك لەسەر دوو یاریزانی لامسیا بنووسێت بۆ ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری كاریان.
ئەو دوو یاریزانەش جێرارد دۆلۆفیۆ و ماورۆ ئیكاردی بوون كە دوای راپۆرتەكەی رۆمانۆ ئەو بەڕێوەبەری كارە دەبێتە بەڕێوەبەریان و بەهۆیەوە پەیوەندیەكەی لەگەڵ رۆمانۆ بەردەوام دەبێت.
ساڵی 2011 رۆمانۆ بۆ یەكەم جار چیرۆكی رۆیشتنی ئیكاردی لە بارسێلۆنا بەرەو سامپدۆریا ئاشكرا كرد و بەشانازیەوە بە یەكەم ئەزمونی ناوی برد و دوای دوو ساڵ لەوە هەمان بەڕێوەبەری كار پەیوەندی بە رۆمانەوە دەكات و پێی دەڵێت بەهۆی ئەوەی پێشتر یارمەتی داوە دەیەوێت چاكەی لەگەڵ بكات و پێی رادەگەیەنێت ئیكاردی هاوینی داهاتوو دەچێتە ئینتەر میلان و رۆمانۆش شەش مانگ بەر لەوەی بۆندەكە ببێتە رەسمی هەواڵی بۆندەكە بڵاودەكاتەوە.
رۆمانۆ رایگەیاندوە هەواڵی ئەو بۆندە هەموو شتێكی گۆڕیوەو دوای ئەوە ناپۆلی بەرەو میلانۆ جێدەهێڵێت بۆ ئەوەی كارێك لە سكای سپۆرت وەربگرێت.
ئەو كاتەی رۆمانۆ دەچێتە سكای سپۆرتی ئیتاڵیا بەناوبانگترین رۆژنامەنووسی ئەو سەردەمە جیانلوكا دی مارزیۆ بوو و لەو كاتەشەوە رۆمانۆ پێگەكەی دی ماریزیۆ پڕ دەكات لە هەواڵی گواستنەوەی یاریزانان، لەبەرامبەردا رۆمانۆ نهێنیەكانی كارەكە لە دی ماریزیۆ فێردەبێت و وەكو خۆشی ئاماژەی پێداوە ساڵ لەدوای ساڵ و شار لەدوای شار گەڕاوەوەو چووەتە ئەو هۆتێل و ریستۆرانت و شوێنانەی یاریزانان لێی كۆبوونەتەوە.
رۆمانۆ وەكو خۆی ئاماژەی پێداوە زانیویەتی سۆشیال میدیا داهاتووی رۆژنامەنووسییە بۆیە گرنگی زۆری پێداوەو هەر بەهۆی سۆشیال میدیاش بووەتە ئەستێرەیەكی جیهانی.
سەرەتای درەوشانەی رۆمانۆ لە جیهانی میركاتۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020 ئەمەش كاتێك رۆمانۆ هەواڵی چوونی برونو فرناندێزی بۆ مان یونایتد بڵاوكردەوەو سێ وشە بەناوبانگەكەی لە پاڵ نووسی كە دوای ئەوەی بۆندەكە روویدا كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆی دا هێنا.
رۆمانۆ وەكو خۆی ئاماژەی پێداوە لای ئەو خێرا بڵاوكردنەوەی هەواڵ گرنگ نییە و ئەو دەیەوێت ئەو هەواڵەی خوێنەرانی دەیخوێننەوە هەواڵێكی راست بێت هەر بەهۆی ئەمەشە لەماوەی 18 مانگی رابردوو 7 ملیۆن كەس فۆلۆیان كردوە.
رۆمانۆ بەشێكی گەورەی ژیانی خۆی بۆ كارەكەی تەرخان كردوەو وەكو خۆی ئاماژەی پێداوە لە كاتی میركاتۆی یاریزانان زۆر كات پێنجی بەرەبەیان دەچێتە ناو جێگاكەی.
بەهۆی ئەو كاریگەریە گەورەشی لە میركاتۆ هەیەتی رۆمانۆ متمانەی یانەكانیشی پەیداكردوە كە بەشێكیان لە ڤیدیۆی راگەیاندنی بۆندەكانیان بەشداری پێدەكەن و سود لە ناوبانگەكەی وەردەگرن بۆ ئەوەی سەرنجی هەمووان بەلای بۆندەكەیان رابكێشن.
هاوینی ساڵی رابردوو رۆمانۆ لە پێگەی تویتەری ڤالێنسیا دەركەوت و لەدەمی ئەوەوە بۆندی ماركۆ ئەندریەی بەرازیلی راگەیەندرا و یانەی واتفۆردیش سوودی لە رۆمانۆ وەرگرت بۆ ئەوەی ریكلام بۆ درێسی نوێی یانەكە بكات و لەماوەی رابردووش لە ڤیدیۆی راگەیاندنی بۆندی یانەی ئۆگسبۆرگ و یانەی تۆرنتۆی كەنەدی دەركەوتوە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان