قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازیكرد لە گرێگۆری گاڵیگن باڵیۆزی كەنەدا لە عیراق و تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگیان كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا، كە دوێنێ لە هەولێر بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركی باڵیۆزی كەنەدا لە عیراق رێكخرابوو، قوباد تاڵەبانی، ستایشی باڵیۆز گرێگۆری كرد كە لە ئەركەكەیدا رۆڵی گرنگی بینیوە لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و كەنەدا و هیوای سەركەوتنیشی بۆ خواست لە ئەركی داهاتوویدا. هەروەك پیرۆزباییشی لە تامی ئەیمز كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەولێر و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركەكەیدا.
لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە پەلەبكرێت لە چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەوە بە جۆرێك كە لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت.
جێگری سەرۆك وەزیران و باڵیۆزی كەنەدا، بە گرنگییەوە باسیان لە پێویستیی پەسندكردنی یاسای نەوت و گاز كرد، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند: یاسای نەوت و گاز بابەتێكی هەستیارە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەك پەسندبكرێت كە لە بەرژەوەندیی هەموو عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بێت، پێویستی بە گفتوگۆ و دانوستانی زیاتر هەیە لەنێوان لایەنەكاندا. هۆشداریشیدا كە لایەنە كوردستانییەكان بە یەكڕیزی و یەكگوتارییەوە بەشداری لە گفتوگۆكانی یاسای نەوت و گازدا بكەن، تا بتوانن بە قورساییەكی زیاترەوە داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم بكەن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش، جێگری سەرۆك وەزیران، جەختیكردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو وادەیەی لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمەوە دیاریكراوە و رایگەیاند: پێویستە لەو ماوەیەی لەبەردەستدایە لایەنە سیاسییەكان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەكانی نێوانیان بدۆزنەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، باسی پرۆسەی ریفۆرم و بەئەلیكترۆنیكردنی دامەزراوەكانی حكومەت كرا، وەفدی میوان، رۆڵی قوباد تاڵەبانی-یان لە هەردوو پرۆسەكەدا بەرزنرخاند و داوایانكرد لەپێناوی حوكمڕانییەكی باشتردا لە هەوڵەكانی بۆ چاكسازی و بە ئەلیكترۆنیكردنی حكومەت بەردەوامبێت. لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند: پلانیان هەیە هەنگاوەكانی چاكسازی و حكومەتی ئەلیكترۆنی فراوانتربكەن و لەم چوارچێوەیەشدا داوایكرد كەنەدا زیاتر هاوكاریی حكومەتی هەرێم بكات.
كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێكی باڵای هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا
لەلایەكی دیكەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازیكرد لە وەفدێكی باڵای هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی ژەنەراڵ ماتیۆ ماكفارلین و تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگیان كرد، بەتایبەتی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە هەولێر بەئامادەبوونی لیوا روكن بەختیار ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی وەك فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا، بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، ستایشی ژەنەراڵ ماتیۆ ماكفارلینی كرد كە لە ماوەی ئەركەكەیدا رۆڵی گرنگی هەبووە لە دروستكردنی هەماهەنگی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان و هیوای سەركەوتنیشی بۆ خواست لە ئەركی داهاتوویدا.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە ژەنەراڵ جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی نوێی هاوپەیمانان ئامادەیبوو، جێگری سەرۆك وەزیران، پیرۆزبایی لێكرد و هیوای خواست لە ئەركەكەیدا هەماهەنگی زیاتر و بەهێزتر لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان.
لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی چۆنێتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا كرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی جێبەجێكردنی قۆناغ بە قۆناغی پڕۆژەی چاكسازی بەوشێوەیەی كە پلانی بۆ دانراوە. لەوبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە دووربخرێتەوە لە ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكان و بەرپرسانی وەزارەت دەبێت لەپێناوی جێبەجێكردنی پڕۆژەی چاكسازی و دروستكردنی هێزێكی نیشتمانیی راهێنراو بەشێوەیەكی پیشەیی، ئەركەكانی خۆیان جێبەجێبكەن.
وەفدی میوانیش، دووپاتیانكردەوە كە بەردەوامدەبن لە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و جەختیشیان كردەوە لەسەر بەردەوامبوونی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، كە ئاستی هەماهەنگی و هاوكارییەكان خێراتر و بەهێزتر دەكات.