کورتەچـیرۆک

كابرای دەم نووقاو

01:30 - 2023-08-17
ئەدەب و هونەر
544 جار خوێندراوەتەوە

محه‌مه‌د كه‌ریم

داڵەكەرخۆرە وەكو پۆلە فڕۆكە بەسەریدا دەخولێنەوە، هێندە نابات هەر بە پۆل پەلاماری دەدەن، بەرلەوەی دەستی بگاتە تفەنگەكەی، دەم و چاوی هەڵدەكۆڵن و چاوانی دەردێنن.
كەس نازانێت بەو هەموو بێ دەم و پلی و دەم نووقاویی و دوورەپەرێزییەی خۆیەوە چۆن ئاخری دەگاتە ئەو باوەڕەی ژن بهێنێت؟ بەهەرحاڵ لە تەمەنی چل و دوو ساڵیدا ئاخری لەگەڵ كچێكدا زەماوەند دەكات. بەرهەمی زەماوەندەكەشی دوو كچە، سەیر لەوەدایە نە لە ماوەی دەزگیرانی و نە لە دوای گوێزانەوەش جگەلە چەند رستەیەكی پچڕ پچڕ هیچی لەگەڵ ژنەكەی نەگوتووە. هەر ژنە قسەی كردووە و ئەمیش سەری بۆ لەقاندووە. لە ماوەی دەزگیرانیدا رۆژێك لەگەڵ دەزگیرانەكەی دەچن بۆ پاركێكی دوورەدەست بۆ ئەوەی نەخشەی دوارۆژی خۆیان دابڕێژن. دەزگیرانەكەی یەك سەعات و نیو قسەی بۆ دەكات، ئەویش چیلكەیەكی بەدەستەوەیە و لەو ماوەیەدا لەسەر ئەو خۆڵەی تەنیشتیان دەیان شێوەی كەللەی مرۆڤ دروست دەكات و تێكی دەداتەوە. بەدەم ئیشكردنیشەوە دوو بتڵ ئاو فڕ دەكات. دەزگیرانەكەی ئەوەندە قسە دەكات دەمی وشك دەبێت. كاتێك ئیستێك دەكات، خێرا بتڵێك ئاوی ساردی دەداتە دەست و بەیەك جار چۆڕبڕی دەكات. دڵی بەوە خۆشە ئێستا كوڕە چوارشانەكەش دوو سەعات قسەی بۆ دەكات و نەخشەی داهاتووی لەگەڵ تەواو دەكات. كەچی ئەو بەیەك رستەكە كۆتایی بە گەشتی پاركەكە دەهێنێت و دەڵێت: "هەرچی دەڵێی بەسەرچاو!" لەو ساتەوە كچە دەزانێت ژیانی داهاتووی لەگەڵ بتێكدا دەبێت، بەڵام سەروسیمای بەشێوەیەك دەچێت بەناخی دڵیدا ئامادەیە تەمەنێك لەگەڵی بژی. سەیر لەوەدایە ژنەكەی نەئێستا و نە ئەوساش سكاڵای لەوە نەكردووە پیاوەكەی نەك هەر كەمدووە، وەك ئەوە وایە هەر زگماك لاڵ بێت. لەلای كەسیش ئەم بابەتە باس ناكات، بە كەسوكاری خۆشییەوە. ئەوەشی كە پێی دەڵێن كابرای دەم نووقاو، خەڵك ئەو ناوەیان بەسەردا دابڕیوە و پەیوەندی بە ژنەكەیەوە نییە. هەر ئەم لەیەك تێگەیشتنەش دەبێتە هۆی ئەوەی دوای زیاتر لە بیست ساڵ ژیانی ژن و مێردایەتی كێشەیەكی ئەوتۆیان نەبێت، لە ئارامیی خێزانیدا بژین. 
بە مناڵیی زمانی گرتووێتی، كاتێك بە شەڕەشەق چەند وشەیەكی فڵتاندووە، بۆتە مایەی پێكەنین. لەو ساڵانەشدا كە پێشمەرگە بووە، هاوسەنگەرانی شتێكی ئەوتۆی لەبارەوە نازانن. دەڵێن ئەوەندە جەربەزەیە كون لە جەرگیدا نییە، وەك شێر بە هەڵمەتە، بەڵام وەك سەگی نهێنگر، بێدەنگ پەلامار دەدات. لە مەیدانی شەڕدا ئەوەندە پەرێزی پاكە، هیچ كاتێك دەستی دیلێك ناگرێت و بڵێت ئەمە دیلێك بابەتی ئاڵوگۆڕی تێكۆشەرێك. هەمیشە ئەوانەی دەوروبەری لە حەوت ساڵان راست دەبنەوە. تەنانەت كاتێك بە تاقی تەنیاش دەچێتە شكار و دوای ونبوونێكی زۆر درەنگانێك دێتەوە، یەك باڵندەی زیندووی پێ نییە. بەرلەوەی بچێت بۆ پێشمەرگایەتی سەرباز بووە، لە شەڕی هەشت ساڵەی عیراق- ئێراندا بەشداری كردووە، لەوێش هەمان خوو و خدەی هەبووە، نەك دیل تەنانەت دەستی سەربازێكی برینداریشی نەگرتووە و لە مەرگ قوتاری بكات. لە جیاتی فەردە خۆڵ بە تەرم سەنگەری دروستكردووە. لە ساڵانی پێشمەرگایەتیدا شتی سەیری لێدەگێڕنەوە، جارێك لە كۆبوونەوەیەكدا كادرێك قسەیان بۆ دەكات، دەڵێت: "نهێنی ئەگەر لە دوو كەس بترازێت نهێنی نییە." ئەو قسەكەی پێدەبڕێت دەڵێت: "ئەگەر لە یەك كەس بترازێت نهێنی نییە." ئەمە باوەڕی پتەوێتی، بۆیە قەت هیچ ناڵێت و دەم ناكاتەوە. لەو ساڵانەی تەمەنیدا هەمیشە وەكو باڵندەیەك ژیاوە، باڵندە كاتێك دەفڕێت كەس ناتوانێت شوێنپێی هەڵبگریت، چونكە لە بێخەوە شوێنپێی نییە. ساڵانی تەمەنی ئەویش بێ شوێنپێیە. لە پێشمەرگایەتیدا هەمیشە تەریك و تەنیا بووە، مەگەر كاتی نانخواردن هاتبێتە سەر سفرە، دەنا هەمیشە وەكو هەڵۆیەكی نەخۆش وەتاق كەوتووە. لەوەش سەیرتر ئێوارە لە جێگایەك خەوتووە، بەیانی لە جێگایەكی دیكەوە هاتۆتەوە. شەوێك لەگەڵ مەفرەزەیەك پێشمەرگەدا، دیتە شوێنەكە جێی مەترسی نییە، سەلامەتی گیانی خۆیان دەدەنە دەست خوا و بەبێ پاسەوان لەناو بەفردا دەخەون. بەیانی هاوڕێكانی سەیر دەكەن دیار نییە. دواتر سەیری شوێنپێكانی دەكەن، دەبێت لە لای خوارووەوە هاتێبێتەوە، كەچی پاش كەمێك دەیبینن كیسە خەوەكەی خستۆتە بن هەنگڵی لە هەمان شوێنەوە دێتەوە، تۆمەس شەو كە بەناو بەفرەكەدا رۆیشتووە، پێڵاوەكانی بە پێچەوانەوە كردووە بەسەر پێوە، یانی پەنجەكانی كردووە بە پاژنەی پێڵاوەكانیدا.
ژنە لە یەكەم باوەش پێداكردنییەوە بۆنی شتێكی لێدەكات، سەرەتا باوەڕ بە لووتی خۆی ناكات، لە هەستی بۆنكردنی خۆی دەكەوێتە گومانەوە. ئەمما شەوی گوێزانەوە، ئەو شەوەی هەتا بەیانی پێنج جار جووت دەبن و دەگەنە لووتكەی لەزەت، تەواو لە بۆنەكە دڵنیا دەبێت، هەرچەندە بۆن لە خۆی و ئەو  دەدات، نەك سەر سیسەمەكە هەموو ژوورەكەش بە بۆن قانگ دەدات هەر هەستی پێدەكات، بەڵام نە لە رووی دێت و نە حەز دەكەت باسی بكات. پێی وایە مێردەكەی بۆنی تەرمی لێدێت. خێراش هەست دەكات بەهەڵەدا چووە و نابێ ئەمە بەڕاست بزانێت. ئیتر بڕیار دەدات خۆڕاگر بێت و بە شێوەیەك رەفتار بكات پیاوەكەی هەستی پێنەكات. تا وردە وردە لەبەرئەوەی ژنەش مرۆڤە و مرۆڤیش بەرگەی هەموو شتێك دەگرێت و لەگەڵ هەموو شتێكدا رادێت. هێدی هێدی لووتی لەگەڵ بۆنەكەیدا رادێت و چیتر هەستی پێناكات. رێك وەكو ئەو كوڕە لاوەی ژیان ناچاری دەكات ببێتە كرێكاری شارەوانی و تەمەنی لەگەڵ زبڵ و خاشاكدا بەڕێ بكات. دوای ساڵێك لووتی پڕ دەبێت و لەگەڵ بۆنە ناخۆشەكاندا رادێت چیتر بۆنی زبڵ و خۆڵ و خاشاك لای دەبێتە بۆنی رێحانە. دیارە كابرا خۆشی هەست بەوە دەكات بۆنێكی لێدێت، بۆیە هەمیشە خۆی لە کچەکانی دوور دەگرێت، گوایە نایەوێت ئەوەندە لێیانەوە نزیك بێت، بۆ ئەوەی ئەگەر شتێكی بەسەر بێت ئەژنۆیان نەشكێت. ئەوانیش هەست دەكەن باوكێكی سارد و سڕیان هەیە.
هەروا لە گۆترە تەمەنی شەست بۆ حەفتا ساڵ دەبێت، دەنا هیچ كەسێك، تەنانەت ژنەكەشی بە راست و دروستی نازانێت تەمەنی چەندە؟ چونكە ئەوەی سەر ناسنامەكەشی فڕی بەسەر راستییەوە نییە. هێندە پیاوێكی تێكسمڕاوی تۆكمەیە، كە دەڕوات بەڕێدا، زەوییەكە لە ژێر پێدا دەلەرێتەوە، ئەمما كەس نازانێت كێشی چەندە! رەنگە درۆ نەبێ ئەگەر بڵێی، ئوتومبیلی بچووك لێی بدات ناكەوێت. لووت بەرانی، روخسار رەشتاڵە، چاوانی رەش، قژی بۆیاخە، هیچ گەواهییەك لە تەمەنی نادات. بۆ پیاوێكی ئاوا كە لەناو كۆڕ و كۆبوونەوەی شین و شاییشدا لە چەند وشەیەك زیاتر لە دەمی نایەتە دەرەوە، نوكتەی بۆ بگێڕیتەوە سەربەقوڕ بهێنێتە پێكەنین، تەنیا بزەیەك زیاتر نەیگرێت. دەبێت تەنیا باسی سەرو سیمای و شێوەی دەرەوەی بكەیت. زیادەڕەویی نییە ئەگەر بڵێی لە هەموو تەمەنیدا هێندەی چەند رۆژێكی زۆربڵێیەك، قسەی نەكردووە.
جارێكیان كە دەچێت بۆ راو شتێكی سەیری لێدەقەومێت، خۆشی هەرچەند سەر دەهێنێت و دەبات هیچی لێ شین ناكات. دەمەو نیوەڕۆ لە كاتێكدا هێشتا هیچی راو نەكردووە و  لە شەكەتیدا پرزەی لێبڕاوە، دەچێتە ناو ئوتومبیلەكەیەوە دەرگا و جامەكان دادەخات، دەیەوێت سەرخەوێك بشكێنێت. ماوەیەكی باش خەو دەیباتەوە، لە قیڕەی قیڕی سەرگەڕ خەبەری دەبێتەوە، سەیر دەكات لەسەر سەقفی ئوتومبیلەكەی نیشتوونەتەوە، چاویان تێبڕیوە. دەست دەداتە تاپڕەكەی، بەهێواشی دەرگای ئوتومبیلەكەی دەكاتەوە، ئان و سات تاپڕێكیان پێوە دەنێت، چەند دانەیەكیان لێدەكوژێت، ئەوانی تریش، هەرچەندە پارچەیان بەركەوتووە خۆیان دەرباز دەكەن. ئینجا دەست دەداتە كڵاشینكۆفەكەی و ئەوانەی كەوتوون و باڵەتەپێیانە دەداتە بەرگوللە و لە جووڵەیان دەخات. ئیتر ئەو رۆژە راوەكەی دەبێتە راوی داڵەكەرخۆرە.
رەنگە ئاشكراترین خوو و خدەی ئەوە بێت، هەتا سەر ئێسقان عاشقی راوە، لەبەرئەوەی مۆبایلی نییە، كەس نازانێت بۆ كوێ دەچێت و كەی دێتەوە؟ ئەویش بە تاقی تەنیا، چونكە تاقەتی ئەوەشی نییە یەكێك قسەی بۆ بكات و سەری بۆ بلەقێنێت. لەوەش سەیرتر كاتێك دەچێت بۆ راوەكەو، ئەگەر هیچی دەستنەكەوێت، كەوەكەی خۆی دەكات بە نیشانە و لەوسەرەوە  بە سەربڕاوی دەیهینێتەوە. باشە ئەگەر لەو شاخ و كێوانە رێكەوتی مرۆڤێك بكات؟ دوور نییە ساردی بكاتەوە و وەها سەرەونگومی بكات، هەزار ساڵی تریش كەس ئێسك و پروسكی نەدۆزێتەوە. ئەمە تەنیا بۆچوونێكە، مەرج نییە وابێت، چونكە كەس لەم بارەیەوە زانیاری نییە و هەرچی بڵێن ئەگەر و نەگەرە.
رۆژێكی هەور وەك ئەوەی هەوای مەرگ هەڵی بگرێت، بەبێ ئەوەی لە ماڵەوە هیچ بڵێت سواری ئوتومبیلەكەی دەبێت و دەچێت بۆ راو. دیارە حەزی لە راوی ئاسكە، بۆیە بەرەو جێگایەك دەڕوات كە قەت نەچووە. دوای ئەوەی دەچێتە قووڵایی دەشتە كاتی بە كاكییەكەوە خۆشی نازانێت لە كوێیە. ئاسكێك راو دەكات و دەستدەكات بە برژاندنی. ئەوەندە دەخوات هەتا وەكو گورگ مڕ دەبێت. هەر لە شوێنی خۆی خەو دەیباتەوە. پاش ماوەیەك داڵەكەرخۆرە وەكو پۆلە فڕۆكە بەسەریدا دەخولێنەوە، هێندە نابات هەر بە پۆل پەلاماری دەدەن، بەرلەوەی دەستی بگاتە تفەنگەكەی دەم و چاوی هەڵدەكۆڵن و چاوانی دەردێنن. بەبێ ئەوەی بچن بەلای پاشماوەی ئاسكەكەدا، جلوبەرگی لەبەردا شڕ و وڕ دەكەن و هێدی هێدی دەیخۆن و ئێسك و پروسكی دەهێڵنەوە. گوایە ئەوەندەی مرۆڤ و ئاژەڵ كوشتووە، بۆنی تەرم و كەلاكی لێدێت، ئەمەش تەنیا بۆچوونێكە، لەوانەیە داڵەكەرخۆرەكان برسێتی هاری كردبن، یان داڵە بریندارەكانی پێشوو بووبن و هاتبن تۆڵە بكەنەوە. دوای سیانزە رۆژ بەڕێكەوت ئێسك و پروسكەكەی دەدۆزنەوە، لە رێگەی ئوتومبیلەكەیەوە دەزانن كێیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان