راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
ماوەی چەند مانگێكە كێشەی خراپی کوالێتی بەنزین و كەمی بەنزینی حكومەت و سەرەی دوور و درێژی شۆفێران بۆ وەرگرتنی بەنزین لەشاری هەولێر دروستبووە و بۆتە هۆی بێزاربوونی شۆفێرانی شارەكە دەبێت شۆفێران بەو گەرمایە بۆ ماوەی 30 خولەك تا یەك سەعات سەرە بگرن بۆ بەنزینی حكومی، ئەوەش لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان خۆی بەرهەمهێنەری نەوتە و خاوەنی چەندین پاڵاوگەی بەنزینە كە بەشێك لە بەرهەمەکەی بەحكومەتی عیراق دەفرۆشێت.
حاجی عومەر شۆفێری تاكسییە لە هەولێر و وتی، دەمێکە لەسەرە وەستاوم و هێشتا بەرم نەكەوتووە بەنزین تێکەم ئەوە جگە لەوەی ئەو بەنزینەی حكومەت بەئێمەی دەدات هەر رۆژەی جۆرێکە و کوالێتی خراپە بۆ ئەوەی تۆتۆمبێلەکەت بڕوات دەبێت بڕێک بەنزینی بازرگانیشی تێبکەین.
وتیشی، ساڵانی رابردوو بەنزینخانەی تایبەت هەبوو بۆ تاکسی کە کارێکی زۆرباش بوو ئێمە بژێوی ژیانمان لەسەر ئەوکارەیە و ناکرێت بۆ وەرگرتنی بەنزین چەند سەعاتێک لە سەرەدا بوەستین، بەڵکو پێویستە حكومەت بڕی بەنزین و ماوەی دابەشكردنەکەی زیاد بكات.
نەمانی بەنزین لە بەنزینخانە حکومییەکان
هەر لەساتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا لە بەنزینخانەیەكی هەولێر كە بەنزینی حكومی دابەش دەكرد سەعات 12:30 خولەکی نیوەڕۆ لەکاتێکدا دەیان ئۆتۆمبێل سەرەیان گرتبوو بۆ وەرگرتنی بەنزین كارمەندانی بەنزینخانەكە دەروازەی بەنزینخانەكەیان بەفسفۆر داخست و بەشۆفێرەکانیان وت: (بەنزین تەواو بوو) چەندین شۆفێر توڕەبوون بۆ ناڕەزایی دەربڕین چوونە بەردەم بەنزینخانەكە و دەیانوت:» بڕوایان بە نەمانی بەنزین لە بەنزینخانەكەدا نییە و تا بەنزینیان پێنەدەن شوێنەكە چۆڵ ناكەن، یان دەبوو پێشتر ئاگادارمان بکەنەوە بۆ ئەوەی لە سەرەدا نەوەستین. ئەوە بووەتە دیاردە و رۆژانە لەو بەزنزینخانانەی شاری هەولێر روو دەدات کە بەنزینی حکومی دابەش دەکەن.
بەشێک لە شۆفێران بۆئەوەی بەڕۆژ کاتیان زۆر لێ نەڕوات هەر شەو ئۆتۆمبێلەکانیان لە بەردەم بەنزینخانەکان بۆ سەرە دادەنێن بۆ ئەوەی زوو بەنزین بکەنە ئۆتۆمبێلەکانیان و بەڕۆژ و لەبەر گەرما زۆر نەوەستن.
كاوە عەزیز دەڵێت، بۆ ئەوەی بە رۆژ لەبەر گەرما سەرە بۆ بەنزین نەگرم، هەر شەو ئۆتۆمبێلەکەم لە سەرەدا دادەنێم، هەر من نیم وادەکەم، ئەگەر شەوێک تۆزێک درەنگ بێم دەیان ئۆتۆمبێلی تر لە پێش منەوە وەستاون.
کێشەی خراپی کوالێتی بەنزین
سەرە گرتن و درەنگ بەرکەوتنی بەنزین تەنها کێشەی شۆفێران نییە، بەڵکو یەكێكی تر لەكێشەی شۆفێران خراپی کوالێتی بەنزینەکەیە و دەبێتە هۆی سووتانی فیول پەمپ، تێكچوونی نۆزڵ، خراپی بزوێنەری ئۆتۆمبێل و گێچی بەنزین یان چەندینجار بۆتە هۆی سووتانی ئۆتۆمبێل و ئەو دیاردەیە ئەمساڵ لەشارەكە زیاد بووە،
ئەحمەد مەلا سەعید یەكێكە لە وەستاكانی چاكردنەوەی فیول پەمپ و نۆزڵ لە هەولێر وتی، بەنزینی ئەو بەنزینخانانە خراپن كە بەشێوەی كابینە بەنزینخانەكانیان دروستكردووە و بەنزینەکەیان کێشە لە ئۆتۆمبێلەکاندا دروست دەکات و هەندێکجار دەبێتە هۆی گڕگرتن و سووتانیان.
وتیشی، هۆكاری سووتانی ئۆتۆمبێل یا فیول پەمپ بۆ گەرمبوونی بەنزینەكە لەناو تانكی ئۆتۆمبێل دەگەڕێتەوە جگە لەوەش دەستكاریكردن یا جۆینكردنی وایەر و پلاك و بەشەكانی قاعیدەی فیول پەمپیش هۆكارێكن بۆ سووتانی ئۆتۆمبێل و فیول پەمپ.
هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان دەدرێت
بۆ وەرگرتنی زانیاری پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر كرد، بەڵام وەڵامی نەداینەوە، بۆیە پەیوەندیمان بەهێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر كرد و وتی، كێشەی بەنزین هەموو هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە و تەنیا لە هەولێر نییە، ئێستاش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە هەوڵی چارەسەركردنیداین و لەگەڵیان لەسەر هێڵم بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بۆ گرانبوونی نرخ و خراپی كوالێتی بەنزین چەند بژاردەیەك هەیە لەوانە رێگەدان بە هاوردەكردنی بەنزین لە دەرەوەی وڵات هەرچەندە لە دەرەوەش نرخی بەنزین هەر گرانە ئێمەش هەموو كارئاسانییەك بۆ بازرگانان دەكەین بۆ ئەوەی لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە بیهێنن بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە.
وتیشی، ئەو بەنزینەی لە دەرەوە دەهێنرێت لەڕێگای كوالێتی كۆنترۆڵەوە پشكنینی بۆ دەكرێت هەروەها لە بەنزینخانەكانیش پشكنینی بۆ دەكەین، زۆرجاریش بەنزین لە دەرەوە هاتووە جۆرەكەی باشە، بەڵام لەگۆڕەپانەكانی فرۆشتنی سووتەمەنی دەستكاری دەكرێت كە نەفتاو و مادەی تری تێكەڵ دەكرێت و بەهۆیەوە كوالێتییەكەی نزم دەبێت.
راشیگەیاند، بەنزینی حکومی تەنها دەدرێتە ئەو بەنزینخانانەی فەرمین و مۆڵەتیان هەیە، هەروەها پێویستە شوێنەکەیان گونجاو بێت بۆئەوەی قەرەباڵغی لەسەر شەقامەکان دروست نەبێت .
سەبارەت بەكاتی دابەشكردنی بەنزین و زۆری سەرەگرتن جێگری پارێزگاری هەولێر وتی، خەڵك مافی خۆیەتی گلەیی بكات لە كاتی رۆژ و گەرما دابەش دەكرێت، بەڵام خەڵكی تر هەیە لەكاتی گەرما بواری هەیە بێتە وەرگرتنی بەنزینی حكومی، هۆكاری كەمی ماوەكەش كە تەنیا بەیانی تا نیوەڕۆیە بۆ کەمی بڕی بەنزینەكە دەگەڕێتەوە.