کاتێک لەبری سزا پاساو بۆ گەندەڵی دەهێنرێتەوە

11:30 - 2023-08-20
دووتوێ
383 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

گەندەڵی ئیداری بە واتای ئیستیغلالکردنی دەسەڵاتی گشتی دێت لەپێناوی بەرژەوەندی تایبەتی و خراپ بەکارهێنانی ئەرکە کارگێڕییەکان لە هەر پلە و پۆستێکی گشتیدا بێت بۆ قازانجی تایبەتی.
بەشێوەیەکی گشتی گەندەڵی هەمیشە لە هەموو بوارەکاندا هەبووە و کێشەیەکە لەگەڵ مرۆڤایەتیدا دروست بووە و بەردەوام دەبێت، بەڵام بێگومان لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی دیکە و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت لەڕووی رێژە و رادەی بوونی گەندەڵی تێیدا، هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گەندەڵکاران و ئەو کەسانەی تۆمەتی گەندەڵییان دەدرێتە پاڵ یان تاوانی گەندەڵی دەکەن.

داوای لێبووردنی رەسمی دەکەن
زۆرجار هەواڵی بەرپرسێکی ئەوروپی یان رۆژئاوا دەبیستین کاتێک تاوانی گەندەڵی لەسەر ئاشکرا دەکرێت، جگەلەوەی راستەوخۆ دەبێت دەست لەکاربکێشێتەوە هاوکات دەبێت داوای لێبووردنی رەسمیی بڵاوبکاتەوە بۆ ئەو کەس و هاووڵاتییانەی متمانەیان پێکردووە بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان پێداوە تا گەیشتۆتە ئەو پۆستە، بەڵام ئەو نەیتوانیوە پارێزگاری لەو ئەمانەتە بکات و ئەو دەسەڵاتەی پێی گەیشتووە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەکاریهێناوە و بووە بە کەسێکی گەندەڵ، هاوکات لەو وڵاتانە ئەو کەسانە تا ماون ناویان لەمێژوودا وەک کەسێکی گەندەڵ تۆمار دەکرێت.
بەڵام لە وڵاتانی رۆژهەڵات و بە خۆشمانەوە کاتێک کەسێک تۆمەتی گەندەڵیی دەدرێتە پاڵی لەبری ئەوەی داوای لێبووردن بکات و دەست لەکاربکێشێتەوە ئەو کەس و لایەنانەی لەپشتییەوەن و پاڵپشتیی دەکەن هەوڵدەدەن پاساو بۆ ئەو گەندەڵییەی بهێننەوە تەنانەت زۆرمان دیوە کەسێکی گەندەڵ بۆ رزگارکردنی لەو تاوان و تۆمەتانە بابەتی دیکەی بۆ دروستدەکرێت و کاتێک دەزانین بووە بە پاڵەوان.
دەگمەنە دەست لەکاربکێشنەوە
دەبینین زۆرجار لە رۆژئاوا وەزیرێک یان بەرپرسێک لەسەر نەک  گەندەڵییەک خۆی راستەوخۆ لێی بەرپرس بێت بگرە لەسەر خراپ بەڕێوەچوونی کارەکانی بۆ نموونە وەزارەتێک و دروستبوونی کێشەی ئیداری تێیدا وەزیرەکە بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆ دەگرێت و داوای لێبووردن دەکات و دەست لەکاردەکێشێتەوە، بەڵام لە وڵاتانی وەک وڵاتی ئێمە کاتێک کێشەیەک لە دەزگا یان وەزارەتێکدا روودەدات جگە لەوەی دەگمەنە بەرپرسێک داوای لێبووردن لە هاووڵاتیان بکات بۆ روودانی ئەو کێشەیە، زۆرجار بێ منەتانە وەڵامی هاووڵاتی دەدرێتەوە بە واتای ئەوەی «هەر ئەوەیە چی دەکەن بیکەن» یان «هەر ئەوەندەمان لە دەست دێت» چونکە پێش هەموو شتێک تاکی رۆژهەڵاتیی پێی عەیبەیە و هەستدەکات لێی کەمدەبێتەوە ئەگەر داوای لێبووردن بکات و نازانێت زۆرجار ئەو داوای لێبووردنە زۆر لە تووڕەییەکانی هاووڵاتیان کەمدەکاتەوە، هاوکات دەرخستنی ئەو بێ منەتییە و خۆ کەڕکردن لەو گەندەڵییەی روویداوە یان هەوڵدان بۆ پاساو هێنانەوە ئەو راستییە ناگۆڕێت کە ئەو کەسە گەندەڵە و تەنیا کاتی لەناوچوونی دوادەخات. دواجار هەمیشە بوونی گەندەڵی و گەندەڵکاران و پاساو هێنانەوە بۆیان و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی هاووڵاتیان و کردنی گەندەڵکار بە پاڵەوان هۆکارێکی بەهێز بووە بۆ پێشنەکەوتنی ئەم وڵاتانەو مانەوەیان وەک وڵاتانی دواکەوتوو.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان