ئا: دڵان سامان
خەمۆکی یەکێکە لەو نەخۆشییە دەروونیانەی رووبەڕووی بەشێکی زۆری مرۆڤەکان دەبێتەوە و هیچ مرۆڤێک نییە رۆژێک لە رۆژان دووچاری خەمۆکی نەبووبێت، بەڵام ئاست و رێژەکەی لە یەکێک بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت بەپێی دۆخی جەستەیی و ژینگە و ئەو ئەزموونانەی پێیدا تێپەڕدەبین، بەجۆرێک زۆر کەس بێ وەرگرتنی چارەسەر بە دەرمان بە تێپەڕبوونی کات و پاڵپشتیی سۆزداریی و مەعنەوی تێیدەپەڕێنێت، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو خەمۆکییە بەردەوام بێت و کار لە جەستە و بیرکردنەوە و ژیانی کۆمەڵایەتی کەسەکە بکات پێویست بە چارەسەر دەکات لەلای پزیشکی پسپۆر و وەرگرتنی هەندێک دەرمانی پزیشکی تایبەت بەو حاڵەتە.
خەمۆکی دووگیانی و دوای منداڵبوون
خەمۆکی ژنانی دووگیان و خەمۆکی دوای منداڵبوون چەند ساڵێکی کەمە وەک نەخۆشی دەروونی ناسێنراوە و چەند دەیەیەک پێش ئێستا زۆربەی خەڵکی نەیاندەزانی چییە و بەو هۆیەوە دایکانی تووشبوو بەو نەخۆشییە دەروونییە رووبەڕووی لۆمەکردن و ناحاڵیبوون دەبوونەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی سەردەم و ناساندنی زیاتری ئەو نەخۆشییە لەلایەن پسپۆران و خەڵکی ناسراو کە دووچاری ئاستێکی قورسی ئەو نەخۆشییە بوون و باسکردنی لە میدیاکاندا وەک نمایشکار و ئەکتەری ئەمریکی برۆک شێلدز زیاتر ناسراو لەوێوە وردە وردە ناحاڵیبوون و هەستی شەرم و ئابڕووچوون لەسەر ئەو نەخۆشییە تا رادەیەک کەمبووەوە بەوەی دەکرێت ئەو خەمۆکییە وا لە دایکێک بکات بەرگەی منداڵەکەی نەگرێت و بیر لە کوشتنی خۆی یان ئازاردانی منداڵەکەی بکاتەوە.
وەک لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە 7 ٪ دایکانی دووگیان ئەگەری تووشبوونیان بەو نەخۆشییە هەیە و رەنگە لە وڵاتانی خاوەن داهاتی مامناوەند یان نزمدا رێژەکە زیاتر بێت، هەندێکجار هۆکاری ئەو خەمۆکییە یەکێکە لە کارلێکەکانی منداڵبوون.
نیشانە دیارەکانی
*هەستکردن بە خەمۆکی و میزاجییەت.
*گریانی زۆر
*کێشە لە پەیوەستبوون و خۆشویستنی منداڵەکە.
*دوورکەوتنەوە لە خێزان و کەسوکار.
*لەدەستدانی حەزی خواردن و کەمخۆریی.
*خەوزڕان و دڵەڕاوکێ.
*گرنگی نەدان بەو چالاکییانەی پێشتر چێژی لێبینیووە.
*تووڕەیی و هەڵچوون زۆر بەئاسانی.
*ترس لەوەی دایکێکی باش نەبێت.
* بێهیوایی و هەستکردن بە بێ بەهایی.
*لە دۆخە سەختەکانی ئەم نەخۆشییەدا بیرۆکەی خۆکوژیی و ئازاردانی خۆی یان منداڵەکەی بۆ دێت.
دوای ئەوەی چەندین ساڵە بەشێوازی جۆراوجۆر چارەسەری خەمۆکی دوای منداڵبوون دەکرێت و لە حاڵەتە سەختەکاندا دەرمانی تایبەت بە خەمۆکی دەدرا بەدایکان، بەڵام خۆشبەختانە لەم مانگەدا بەرپرسانی تەندروستی فێدراڵی «ئیدارەی خۆراک و دەرمان» لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەزامەندییان لەسەر یەکەم حەبی تایبەت بە نەخۆشی خەمۆکی دوای منداڵبوون دەربڕی ئەو حاڵەتەی ساڵانە هەزاران دایکی نوێ بەدەستییەوە دەناڵێنن
چارەسەرە نوێیەکە
دەرمانەکە ناوی «زورزوفا» یە بۆ ئەو دایکانەیە تووشی ئاستێکی مەترسیداری خەمۆکی کاتی دووگیانی و دوای منداڵبوون بوون، بەشێوەیەک رۆژی یەک دەنگ حەب بۆ ماوەی 14 رۆژ وەردەگرن، تیفانی فارچیون پزیشکی بەرپرس لە دەرمانە دەروونییەکان لە ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: خورادنی ئەو حەبە، هەڵبژاردەیەکی گونجاو دەبێت بۆ ئەو دایکانەی خەمۆکی و هەستی نێگەتیڤیان هەیە کە هەندێکجار مەترسییە بۆ سەر ژیانیان.