تایتانیك پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە

11:55 - 2023-08-20
دووتوێ
282 جار خوێندراوەتەوە

و: كوردەوان محەمەد سەعید


لەم دواییانەدا هەموومان ئەو هەواڵەمان بیست كە ئەو ژێردەریایەی دەیوست بگاتە تایتانیك، بە پێنج سەرنشینەوە لەناو چوو، بەوەش چیرۆكی تایتانیك جارێكی دیكە بووەوە بە سەرتۆپی قسەو باسی كەناڵەكانی جیهان، لە كاتی بەدواداچوون بۆ بابەتەكە، بە رێكەوت چیرۆكێكی سەیر دەركەوت، كە زۆر كەس پێشتر نەیبیستووە، ئەویش بەسەرهاتی (ماسابۆمی هۆسۆنۆ)ی هاووڵاتی ژاپۆنە، كە لەكاتی نوقومبوونی كەشتیی تایتانیكدا، لەسەر كەشتییەكە بووە و یەكێكیشە لە رزگاربووەكان.
لەكاتی نوقومبوونی كەشتییەكەدا، كەشتیوانەكان پڕۆسەی رزگاركردنی سەرنشینەكانیان رێكدەخست، بەلەمە فریاگوزارییەكانیان ئامادە كردبوو، بەڵام بڕیاریاندا لەپێشدا ژن و منداڵ بچنە ناو بەلەمەكانەوە، هەرچەندی فریاكەوتن ژن و منداڵیان بەو بەلەمانە رزگاركرد، ماسابۆمی هۆسۆنۆ-ش خۆی خزاندە ناو یەكێك لە بەلەمەكان جێگەی ژنێك یان منداڵێكی گرت و نەیانتوانی لە بەلەمەكە دەری بكەن، بەهۆی بەلەمە فریاگوزارییەكانەوە ماسابۆمی هۆسۆنۆ و ژن و منداڵەكانیش رزگار كران و گەیشتنە وشكانی.
لەو سەردەمەدا هەواڵی نوقومبوونی كەشتیی تایتانیك بە هەموو جیهاندا بڵاو بۆوە، بوو بە هەواڵی سەرەكی لە زۆربەی رۆژنامە و كەناڵەكانی راگەیاندندا، بە رۆژنامەو كەناڵەكانی ژاپۆنیشەوە، ژاپۆرنییەكان كاتێك چیرۆكی رزگاربوونی ماسابۆمی هۆسۆنۆ-یان بیست، تاسان.

گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی
ماسابۆمی هۆسۆنۆ گەڕایەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی و دەیان كەس چاوەڕێی بوون، هەڵبەت بۆ پێشوازی نا، بەڵكو بۆ ئەوەی هێلكە و تەماتەی رزیوی تێبگرن، هەر كە گەیشتەوە وڵاتەكەی خۆی، كەسوكارەكەی حاشایان لێكرد، هاوڕێكانی ئامادەنەبوون قسەی لەگەڵ بكەن، تەنانەت دوكانەكانیش تابلۆیەكیان هەڵواسی و لێیان نووسی ماسابۆمی هۆسۆنۆ بۆی نییە بێتە ژوورەوە، كار گەیشتە ئەوەی ماسابۆمی هۆسۆنۆ رووی ئەوەی پێوە نەبوو بە شەقامەكاندا بڕوات، لەبەرئەوەی بەهای ئاكار لە كۆمەڵگەكەی ماسابۆمی هۆسۆنۆ-دا بەرز بوو، نەدەبوو ئەو ئاكاری بدۆڕێنێت ئەگەر بە نرخی ژیانی خۆشی بوایە.
لە ژاپۆن تەنانەت چیرۆكی (رۆبن هود)یش جێی نابێتەوە و قبووڵ ناكرێت، لەبەر ئەوەی ژاپۆنییەكان پێیان وایە رۆبن هود هەر دزە، ئەگەرچی دزی لە دزە گەورەكان دەكات، بەڵام هەر دزە، لە وڵاتی ئێمەش چیرۆكی رۆبن هود سەركەوتوو بوو، لای ئێمە و هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش هەزاران ماسابۆمی هۆسۆنۆ وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچوون.
ئەمڕۆ ماسابۆمی هۆسۆنۆ لێرەیە، تۆش بە چاوی خۆت دەیبینیت، كە چۆن دزی دەكات و دەماشێتەوە و كۆشك و تەلار بنیات دەنێت و شوقە و ئۆتۆمبێلی گرانبەهای هەیە، تۆش كە دەیبینیت بەڕوویدا پێدەكەنیت و وا رەفتاری لەگەڵ دەكەیت، نە دزە و نە پیاوخراپ.
دەبێ لەوە تێبگەین، وڵات گەندەڵیی دروست ناكات، بەڵكو لەگەڵیدا دەژی، ئەوە كۆمەڵگەی ئاستنزمە گەندەڵیی و وڵاتی گەندەڵیش دروست دەكات، ئێمە لێرە پێشوازی لە ماسابۆمی هۆسۆنۆ دەكەین، بگرە یارمەتیشی دەدەین، رەنگە ئیرەییشی پێببەین و خۆزگە بخوازین لە جێگەی ئەو بین و بەو ئەزموونەی ئەودا تێپەڕین و تەنانەت بە گەورەی خۆشمانی بزانین.

بەچاوی خۆم بینیم
بە چاوی خۆم بینیم، لە پرسەی شەهیدێكدا، مامۆستایەك هات و لەسەر كورسییەك لای منەوە دانیشت، خاوەن پرسە بەخێرهاتنی كرد و سوپاسی كرد بەشدارە لە پرسەكەدا، بەڵام دوای ئەو كەسێك ئۆتۆمبێلەكەی لەبەردەم خێمەی پرسەكەدا راگرت، هەموان بەرەوپیری چوون و سوێندیان دا دەبێ لەسەر قەنەفە نەرمونۆڵەكە دانیشێت.
دوای ئەوەی پرسیارم كرد، زانیم ئەو كەسە دەوڵەمەندێكە پێشتر كاری قاچاخ و ئاودیوكردنی سامانی گشتی و دزی بووە. پرسیارەكە ئەوەیە: ئەگەر ئێمەش بەو شێوەیە رەفتارمان لەگەڵدا بكردایە كە ژاپۆنییەكان لەگەڵ ماسابۆمی هۆسۆنۆدا كردیان، ئەگەر پێشوازیمان لێنەكردایە، ئەگەر تفمان بكردایەتە ناوچەوانی، ئەگەر بەڕوویدا پێنەكەنینایە، بۆ مێژوومان باشتر دەبوو، بۆ ویژدانمان و تەنانەت بۆ ئاسمانیش باشتر دەبوو.
راستە ئێمە خۆمان ئەمانەمان دروست كردووە، ئەوان دەڕۆن، بەڵام ئێمە دووبارە هی تر دروست دەكەینەوە و هانیان دەدەین و هەڵیان دەبژێرین و ژنیان لێ دەخوازین و ژنیان پێ دەدەین، ئێمە بە درێژایی مێژوو بتی خودا لە خورما دروست دەكەین و دەیپەرستین، پاشان كە برسیمان بوو دەیخۆین، دواتر خودای دیكە دروست دەكەینەوە و دەیپەرستین، چیرۆكەكە بەو شێوەیە بەردەوامە.

سەرچاوە: سۆشیال میدیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان