جه‌مالی عه‌لی باپیر یه‌كێك له دیارترین كاریگه‌رترین فه‌رمانده‌كانی شۆڕشی نوێ، له نموونه‌ی ئه‌و له پێش خۆی و دوای خۆی زۆر كه‌م و ده‌گمه‌ن بووه.
هه‌ر به سرووشت بۆ فه‌رمانده‌ییكردن خوڵقابوو، به مێردمنداڵی و گه‌نجیش بزێزو وخاوه‌ن وزه‌و توانایه‌كی له راده‌به‌ده‌ر بووه، ئه‌و جموجۆڵ و چالاكییه خۆڕسكه‌ی وایكردبوو ببێته وه‌رزشوانێكی سه‌ركه‌وتوو و بێ حه‌ریف.
به ته‌مه‌نێكی كه‌میشه‌وه چۆته كاروانی تێكۆشانه‌وه و به‌زوویش بۆته یه‌كێك له كه‌ڵه پیاوه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان.
رۆڵی شه‌هید جه‌مال له‌و كاروانه‌دا و له هه‌ردوو شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێ‌دا، رۆڵێكه كه‌م كه‌س توانیویه‌تی بیبینێت، فه‌رمانده‌یه‌كی قاڵبوو و دووربین و شاره‌زابوو له بابه‌ته سه‌ربازی و سیاسییه‌كان، كه شه‌هیدیش كرا كه‌لێنێكی زۆر گه‌وره‌ی له شۆڕش و ریزی پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌جێهێشت.
ساڵی 1945 له سلێمانی له دایكبووه، ساڵی 1952 چۆته قوتابخانه و هه‌ر له‌وكاته‌دا گورج و گۆڵی و چوست و چالاكییه‌كانی بۆ مامۆستاكان ده‌ركه‌وتووه، هه‌میشه‌ش رووخۆش و ده‌م به‌پێكه‌نین بووه و ئاره‌زووی گاڵته‌و گه‌پی هه‌بووه، ئه‌مه‌ش كردبووی به خۆشه‌یستی ده‌وروبه‌ری.
له ژیانی شه‌هید جه‌مالدا دوو خولیاهه‌بوو ئه‌ویش (وه‌رزش و كوردایه‌تی) بوو، له هه‌ردووكیشیاندا بووه ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه.
هه‌ر له رێگه‌ی وه‌رزشیشه‌وه تێكه‌ڵاوی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی بووه.
ساڵی 1959 چۆته ریزی یه‌كێتی قوتابیانه‌وه و ساڵی دواتریش چۆته ریزی پارتییه‌وه، له سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلولدا بۆته پێشمه‌رگه له په‌لی شه‌هید مه‌جید شوانی (عه‌ریف مه‌جید)، له كۆتایی ساڵی 1962 له‌گه‌ڵ هێزێكی هه‌ڵبژارده‌ی ناوچه‌كانی سلێمانی و كه‌ركوكدا نێردراوه بۆ یارمه‌تیدانی پێشمه‌رگه‌كانی بادینان، هه‌روه‌ها له شه‌ڕه‌كانی بازه‌گیر و ئه‌زمڕ و مۆكه‌به و شه‌ڕه‌كانی پێنجوێندا به‌شداریكردووه.
ساڵی 1964 له دووله‌تبوونی پارتیدا له به‌ره‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسدا بووه، له دوای ساڵی 1965 كه به‌ناچاری رۆیشته‌وه بۆ سلێمانی، به‌هۆی پێشینه‌ی سه‌ركه‌وتن و لێوه‌شاوه‌ییه‌كانی له بواری وه‌رزشدا دوو تیپی وه‌رزشی دامه‌زراند و ساڵی 1966 هه‌وڵیدا تیپه‌كان بكرێنه یه‌ك تیپ و له كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشدا له یاریگای ئیسكان ستایشێكی باشی شه‌هید كه‌مال سه‌لیم میران-ی كرد كه پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا و وه‌رزشه‌وانێكی لێهاتووی شاری سلێمانی بووه، بۆیه به هه‌وڵی ئه‌و ناوی تیپه‌كه كرا به (كه‌مال سه‌لیم).
له راكردنی ماوه‌ی دوروودرێژدا وزه‌و تونایه‌ی سه‌یری هه‌بوو و هیلاكیش نه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه قسه‌یه‌ك بڵاو ببۆوه كه ده‌وترا سپڵی نییه.
تیپی وه‌رزشی چوارچرا كه تیپی دووه‌می كه‌مال سه‌لیم بوو، هه‌ر شه‌هید جه‌مال ئه‌و ناوه‌ی لێنا، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو تیپی كه‌مال سه‌لیم ئه‌ندامه‌كانی زۆربوون له‌كاتی ده‌وریه‌دا بۆئه‌وه‌ی مافی یاریزان نه‌فه‌وتێ و هاوبه‌شی بكه‌ن، هۆكاری سه‌ره‌كیش به‌زیندوهێشتنه‌وه‌ی ناوی گۆڕه‌پانی (چوارچرا)ی مهاباده كه قازی محه‌مه‌دی پێشه‌وای لێ له سێداره‌درا.
له كۆتایی شه‌سته‌كاندا ئاشنای بیروباوه‌ڕی چه‌پ بووه، یه‌كێكیش بوو له‌و گه‌نجانه‌ی له سه‌ره‌تای دروستبوونی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستاندا له ئه‌ڵقه رۆشنبیرییه‌كاندا وه‌رگیراوه.
ساڵی 1974 له ده‌ستیپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕدا بووه‌وه به پێشمه‌رگه و له شه‌ڕه‌كانی شاخی زمناكۆ و حه‌وزی ره‌واندزدا جێده‌ستی دیاربوو، هه‌ربۆیه كرایه سه‌ر لق و له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی پارتییه‌وه خه‌ڵات كرا.
له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ‌دا و له رۆژی 19/7/1976 له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی یه‌كه‌م ده‌سته‌ی چه‌كداری دۆڵی جافایه‌تیان دروستكرد و كه‌وته چالاكی و شه‌ڕی پارتیزانی، هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا له شه‌ڕێكدا به سه‌ختی برینداركرا، له‌ناو پێشمه‌رگه‌دا به مامۆستای شه‌ڕی پارتیزانی ناسرابوو.
ساڵی 1978 له كاره‌ساتی هه‌كاری توانی خۆی و پۆلێك پێشمه‌رگه ده‌ربازبكات و بگه‌نه‌وه قه‌ندیل، دوای ئه‌وه‌ش كرایه فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی چوار.
ئه‌ندامی یه‌كه‌م كۆنفرانسی كۆمه‌ڵه‌بووه كه رۆژی 1/5/1981 له مالیمۆس به‌سترا.
رۆژی 20/8/1981 له‌گه‌ڵ پۆلێك پێشمه‌رگه‌دا، شه‌هیدكران.
ئاوات كۆكه‌یی