مرۆڤ له كاروانی ژیانیدا به هه‌ندێك كه‌سایه‌تی ئاشنا ده‌بێت كه جگه له جوامێری و بوێری و جوانی، هیچی دیكه‌ی لێ نابیندرێت، خه‌باتی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی كورد پڕیه‌تی له‌و شۆڕه سوار و سوارچاكانه كه به گیان و رۆح ئاماده‌بوون خۆیان به‌خت بكه‌ن له پێناوی مافه ره‌واكانی كورد.
ئاشنابونم به ناوه‌كانی وه‌ك دكتۆر كامه‌ران ر‌سوڵ و مام سابیر و مام ر‌سوڵ و مامۆستا محه‌مه‌د، ده‌گڕێته‌وه بۆسه‌رده‌می زیندانیبونمان له‌ژێر ده‌ستی رژێمی به‌عس.
سه‌عات 10ی شه‌وبوو كه ئێمه یه‌كه‌م هه‌نگاومان نایه ناو زیندانه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی چوبینه ناو چاره‌نووسێكی نادیاره‌وه، بین وه‌ك ئه‌وه‌ی وا هه‌ست بكه‌ین ئیدی دوونیا هه‌میشه شه‌و ده‌بێ و جارێكی دیكه گزنگی خۆر نابینینه‌وه، نه‌مانده‌زانی ئاخۆ دوا شه‌وه یا به‌یانی له‌به‌ر په‌تی سێداره‌ین یا چ چاره‌نووسێك چاوه‌ڕوانمان ده‌كات، چونكه زیندانێكی گه‌وره‌ی چۆڵ و خامۆش بوو ئاخۆ ده‌بێ ئێمه بۆ به‌ته‌نیا لێره‌بین؟ چونكه تازه بڕیاری لێبوردنی گشتی ده‌رچوبوو، ئێمه بۆ ده‌بێ له‌كاتی بڕیاری لێبوردنی گشتی بخرێینه زیندان؟!.
له‌به‌شی ژنان، جگه له ئێمه كه من و دایك و دوو خوشكی هاوسه‌رم بووین، یه‌ك ژنی تری لێ‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ردانیكردنمان قه‌ده‌غه بوو، خواردنێكی وا نه‌بوو بیخۆین، به‌ڵام رۆژانه یه‌كێك له پیاوه‌كانی ئه‌من به‌ناوی مفه‌وه‌ز جه‌لال خواردنی بۆ ده‌هێناین، پێنه‌ده‌چوو ئه‌و خواردنانه هی ناو زیندان بن، وا دیار بوو كه له‌ده‌ره‌وه هاتبن له‌سه‌ر زه‌رفی خواردنه‌كان نوسرابوو (دكتۆر كامه‌ران یان مامۆستا محه‌مه‌د)، بۆ من كه دووگیان بووم و منداڵێكی بچوكیشم هه‌بوو، پێویستم به‌و خواردنانه هه‌بوو، به‌ڵام نه‌مده‌زانی ئه‌وان له زیندانن.
تا رۆژێك حاجی مورادی باوكی هاوسه‌رم كه له‌به‌شی پیاوان زیندانی بوو، رێگه‌ی درا سه‌ردانمان بكات، له‌وێدا زانیمان ئه‌و ناوانه له به‌شی پیاوان زیندانین و سه‌دام له بڕیاری لێبوردنه گشتییه‌كه‌یدا بڕیاریدابوو كه ته‌نها ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه لێبووردنی گشتی نایانگرێته‌وه ئه‌وانیش بنه‌ماڵه‌ی (سابیر ره‌سوڵ و مامه غه‌فور) بوون، كاتێك ئه‌وان كه‌سوكاره‌كانیان ده‌هاتن بۆلایان له‌و پێداویستییانه‌ی بۆیان ده‌هات، به‌شی ئێمه‌یان ده‌نارد، ئه‌وان هاوڕێی دێرینی هاوسه‌ره‌كه‌م و دكتۆر ره‌شیدی برای هاوسه‌رم بوون، دكتۆر كامه‌ران له‌گه‌ڵ دكتۆر ره‌شید به‌یه‌كه‌وه له كۆلێژی پزیشكی ده‌یانخوێند و له‌ناو كۆلێژ چالاكی سیاسیان به‌یه‌كه‌وه ئه‌نجامده‌دا، هێنده به‌سه‌ر لێبووردنی گشتیدا نه‌گوزه‌را كه زیندان دووباره پڕ بوه‌وه له زیندانی.
هه‌ر وه‌ك باسده‌كرا زیندان به‌قسه خۆشه‌كانی مام سابیر و مام ره‌سوڵی برایه‌كانی مام غه‌فور و قسه نه‌سته‌قه‌كانی دكتۆر كامه‌ران و مامۆستا محه‌مه‌د ببوه جێگه‌ی سه‌بووری هه‌مووان.