ساڵۆنی لاپەڕ نۆ

ناساندنی كتێبی دەنگی مەرگ و هەڵەبجەییەكان وا دەڵێن

10:16 - 2023-08-21
ڕاپۆرت
480 جار خوێندراوەتەوە
ئیبراهیم هەورامانی

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 15/7/2023 لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مەراسیمێك رێكخرا بۆ ناساندن و دابەشكردنی هەردوو كتێبی (هەڵەبجەییەكان وادەڵێن) و (دەنگی مەرگ) لە نووسینی نووسەر و رۆژنامەنووس ئیبراهیم هەورامانی كە ژمارەیەك لە نووسەران و رۆشنبیران و چالاكوانانی مەدەنی ئامادەیبوون.
لە كۆڕەكەدا ئیبراهیم هەوارمانی باسی كارەساتی جینۆسایدی نەتەوەی كوردی كرد و وتی: لەلای زۆربەمان ئاشكرایە لە مێژووی بزوتنەوەی كوردایەتیدا گەلەكەمان چەندینجار رووبەڕووی جینۆساید بۆتەوە لەلایەن دوژمنە یەك لە دوای یەكەكان، بە تایبەتی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا نەتەوەی كورد زۆرترین قوربانی بەخشیوە بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای خۆی، لەم نێوەندەدا بەعس زۆر زیرەكانە هەوڵیداوە كەمترین بوار بمێنێتەوە بۆ ئەوەی دیكۆمێنتی ئەم تاوانانە دوای خۆی بەجێ نەمێنێت، بۆیە ئەگەر لەئێستادا بەدوایدا بگەڕێین كەمترین دیكۆمێنتمان لە وێنە و بەڵگەنامەی نووسراو دەست دەكەوێت كە پێویستە بۆ ئێمە بتوانین وەكو شایەدحاڵێك لەبەرامبەر تۆماركردنی ئەم تاوانانە بیانخەینەڕوو.

بەڵگەنامەی زارەكیی
وتیشی: یەكێك لەو تاوانانەی رژێمی بەعس لە دوا ساڵەكانی سەدەی بیست کردی كیمیابارانكردنی خەڵكی هەڵەبجە بوو كە بە شێوەیەك ئەم كارانەی کرد تاكە شایەدحاڵێك لەم تاوانە رزگاری نەبێت بۆ ئەوەی رۆژێك لە رۆژان نەتوانێت ئەم چیرۆكە بگێڕێتەوە، ئێستا دوای 35 ساڵ و مانەوەی كورد توانی ئەو بەڵگانە بخاتەڕوو كە چ تاوانێكی بەرامبەر كراوە، دەوڵەمەندترین بەڵگەنامە ئەمڕۆ ئێمە بەدەستمانەوە بێت، بەڵگەنامەی زارەكییە چ لە تاوانی ئەنفال یان قەتلوعامكردنی بارزانییەكان یان خاپوركردنی ئەو ژمارە زۆرەی لادێكانی كوردستان لەگەڵ كیمیاباران كردنیش، ئێستاش شایەدحاڵەكان كە مێژوونووسێكی زۆر راستگۆن لە زۆربەی كوچە و ماڵەكانی ئەم كوردستانەدا دەژین، بەڵام بەداخەوە ئێمە وەكو نەتەوەیەك كە جینۆسایدمان بەرامبەر كراوە نەمانتوانیوە بیر لەو سەروەتە گەورە نەتەوایەتییەی خۆمان بكەینەوە و وەكو نەتەوەكانی تر كە رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە توانیویانە زۆر دەستكەوتی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ گەل و نیشتمانەكانیان بەدەست دێنن.

ئەو ئەركەم لە ئەستۆ گرت
راشیگەیاند : من ساڵی 2003 وەكو یەكەم بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە هەڵبژێردرام، ئەو ئەركەم لە ئەستۆ گرت و هەستم كرد تاوانی جینۆساید و كیمیابارانی هەڵەبجە جگە لە ژمارەیەكی كەمی وێنە نەبێت كە ئەویش لە رێگای سێرچی ئەلیكترۆنییەوە لە ماڵپەڕەكانی جیهانی وەرگیرابوو، ئێمە نەمانتوانیبوو بەڵگەیەكی زۆری وا بخەینەڕوو كە زیاتر و بەرفراوانتر تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە وەك جینۆسایدێك بەرامبەر نەتەوەكەمان نیشان بدەین، بۆیە بە پێویستم زانی كتێبێك وەك بڵاوكراوەیەك، وەكو كتێبێكی سادە ئامادە بكەم بەو پێیەی من بەڕێوبەری مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەم لەوێ ئەو میوانانەی دێن پێشكەشیان بكەین، رۆژێك نووسەر و رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەرێكی ئێرانی كە شاعیریش بوو، ناوی ئەفشینی شەهرودی بوو، بە یاوەری مەریوان هەڵەبجەیی هاتنە هەڵەبجە و بەیەكەوە دانیشتین، كاتێك كتێبەكەم پیشانیدا وتی ئەمە دەستپێكی قۆناغێكە بۆ هەنگاونانی رێگەیەكی دوور و درێژ و پێویستە ماندوو نەبن بەردەوام بن، كۆماری ئیسلامی ئێرانیش تاكە وڵاتێكە كە زۆرترین سەرچاوەی بەڵگەنامەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی تێدابێت، بۆیە لە رێگای وێنەكانەوە من ناچار بووم روو لە ئێران بكەم و بەدوای ئەو فۆتۆگرافانەدا بگەڕێم و بیاندۆزمەوە بۆ ئەوەی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ بكەم، یەكەم فۆتۆگرافەر كە توانیم بیبینم ئەحمەدی ناتقی بوو، دواتر پڕۆسەكە بەردەوام بوو تا ئێستا 25 فۆتۆگرافەر كە بەشداری گواستنەوەی هەواڵی كیمیابارانی هەڵەبجەیان كردبوو توانیم ئاشنایەتییان لەگەڵدا پەیدا بكەم و زانیاری و چەندین بەڵگەی وێنەییان لێ وەربگرم.

ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ بوو
هەورامانی روونیشی كردەوە ئەو كارانە وایكرد كۆمەڵێك كتێبی جدیتر ئامادە بكەین و وتی: لەو كتێبانە وەكو كتێبی (چوارشەممەی خوێناوی) و كتێبی (ئەو وێنانەی دونیایان هەژاند) لەو نموونانەن، لە كتێبی دووەمدا كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی فینلەندی و سویدی و هۆڵەندی و دانیماركی و باكووری كوردستانمان دواند كە لەسەردانیاندا بۆ هەڵەبجە بینیبوومان، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ بوو كاری لەسەر بكەین شایەدحاڵەكانمان بوون كە لەنزیكی خۆمان بوون ئەوانیش ئەو شایەدحاڵانە بوون كە لە تاوانی كیمیابارانەكە رزگاریان ببوو، بۆیە من بیرم لە نووسینەوەی (پڕۆژەیەك كردەوە بە ناونیشانی پڕۆژەی بەدیكۆمێنتكردنی بەڵگەنامەی زارەكی لەتاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە)، ئەوەبوو یەكەم كەس دەرگای ئەم پڕۆژەیەم لەگەڵ كردەوە مامۆستا فەخرەدین حاجی حەمە سەلیمی تەوێڵەییە كە ئێستا كۆچی دوایی كردووە، یەكەمین زنجیرەی ئەم كتێبەم لەگەڵ ئەو تۆماركرد پڕۆژەكە درێژەی كێشا و ئێستا بۆتە هەشت زنجیرە و لەئێستاشدا من كار بۆ زنجیرەی نۆیەم دەكەم بەناونیشانی (چوارشەممە) جگە لەوە دوو زنجیرەیە ، من زنجیرەی 10 و 11 شم لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی دیدار لەگەڵ خەڵكی تردا بکەم.

خۆشبەختانە لە شارەكانی كوردستان
باسی لەوەشكرد ئێمە وەكو ئەو نووسەرانەی خەمیان لە زیندوو هێشتنەوەی بەڵگەنامەكان و ئەرشیفكردنی ئەو دیكۆمێنتانەی جینۆسایدە، ئەگەر بیری لێبكەینەوە دەبینین ئەركێكی زۆر قورس لەسەر شانمانە، چونكە گرنگیدان بەتاوانەكانی جینۆساید بە تەنیا لە توانا و خەمی تاكەكەسەكاندا نییە، ئیبراهیم هەورامانی وتیشی: خۆشبەختانە لە شارەكانی كوردستان چەندین نووسەری بە توانا و خاوەن خەم هەن بەلایانەوە گرنگە ئەم كەیسە بەزیندوویی بمێنێتەوە و درێژەی هەبێت بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین بە سودی نیشتمان و نەتەوەی خۆمان سوود لە كۆی ئەم بەڵگانە وەربگرین لە مەحفەلی دادگای نێودەوڵەتیدا بتوانین مافی شەهیدەكانمان و قوربانییەكانمان وەربگرینەوە، هەر ئەو هەوڵە تاكەكەسیانەش بوو وایكرد، ئەو نووسەرانە لە چوارچێوەی یەكێتیەكدا بە ناونیشانی یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان كۆ ببنەوە و بەردەوام بن لە ئەرشیفكردن، لەڕووەكەی ترەوە بە داخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەناو حكومەتی هەرێم بە تایبەت وەزارەتەكانی كاروباری شەهیدان و رۆشنبیری حكومەتی هەرێم نەیانتوانیوە لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدابن كە ئێمە ئەو هەموو سەروەتە گەورەیەمان هەیە و كۆی بكەینەوە، تەنانەت ئەگەر سەیرێكی مۆنۆمێنتەكانی هەرێمی كوردستانیش بكەین بە هەموو سەرچاوەكانەوە، هێشتا مۆنۆمێنتەکانیش هەژارن و لە ئاستی پێویستیدا نین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان