نۆ سال تێدەپەڕێ بەسەر شەهیدبوونی فەرماندەی یەکێتی لیوا کەمالدا

09:37 - 2023-08-22
کوردستان
896 جار خوێندراوەتەوە

شەھید لیوا کەمال دوای 38 ساڵ پێشمەرگایەتی و خەبات و تێکۆشان، لە 22ی ئابی 2014 لە کاتی ھێرشێک بۆسەر تیرۆریستانی داعش لە جەلەولا شەھید بوو.
شەھید لیوا کەمال حاجی ئاغا لە ساڵی 1956 لە گوندی ئێنەی سەر بە قەزای چۆمان لە سنووری ئیدارەی سۆران، لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لەدایکبووە و لە ساڵی 1976 لەگەڵ ھەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ و دروستبوونی مەفرەزە سەرەتاییەکان لەگەڵ جەباری برای پەیوەندییان بە ریزەکانی رێکخستی نھێنییەوە کردووە.
دوای دوو ساڵ، شەھید لیوا کەمال پەیوەندی بە ریزەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کرد و لە ساڵی 1981یش کرا بە فەرماندەی کەرتی دووی تیپی 74ی باڵەک، دواتر بەھۆی ئازایەتییەوە لە ساڵی 1985 کرا بە جێگری فەرماندەی تیپی 74ی باڵەک،  لە ساڵی 1987 لە گوندی (بلە)ی دۆڵی مەلەکان شەھیدی فەرماندە خۆی و بنەماڵەکەی بە تێکڕا بەر کیمیابارانی رژێمی بەعس کەوتن و برازایەکی شەھید بوو. 
شەھید کەمال وەک فەرماندەیەکی شارەزا و بە ئەزموون، لە بەرنامە و نەخشەی راپەڕینی بەھاری 1991 و لە رزگارکردنی شار و دێھاتەکانی کوردستان بەشداری کردووە و لە تەمەنی پێشمەرگایەتییدا چەند جارێک بریندر بووە. شەھیدی لیوا کەمال لە ساڵی 1997 لەسەر بڕیاری سەرۆک مام جەلال کرا بە سەرلەشکری باڵەک، دواتر کراوە بە فەرماندەی فەرماندەیی و لە ساڵی 2003 بەشداربووە لە رووبەڕووبوونەوە و دەرکردنی تیرۆریستانی بەناو جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلام لە ھەڵەبجە و ھەوارمان. 
شەھیدی فەرماندە لیوا کەمالی حاجی ئاغا دەرچووی خولی یەکەمی فەرماندەیی بوو لە کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان و بەشداری چەندین خولی ئەکادیمی و زانستی سەربازی کردووە، ھەروەھا ئەندامی دوو کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە و لە سەرجەم کۆنفرانس و پلنیۆمەکانی یەکێتی بەشدار بووە. 
لە ژیانی تایبەتیشدا شەھید کەمال لە ساڵی 1983 لەگەڵ سەعدیە خان ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە، بەرھەمی ئەو ھاوسەرگیرییەش کچێک و سێ کوڕە بە ناوەکانی سیڤەر و توانا و تۆڵە و دانا، لیوا کەمال لە رۆژی 22ی ئابی 2014 لە ھێرشێکی قارەمانانە بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە جەلەولا شەھید کرا و بۆ دوایین جار ماڵئاوایی کرد.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان