قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیادا کۆبۆوە

07:01 - 2023-08-24
کوردستان
487 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، پێشوازیکرد لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکە کە رۆژی پێنج شەمە 24ی ئابی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزیری سامانە سروشتییەکان ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و چارەسەر کردنی گرفتەکان لەنێویشیاندا پرسی فڕۆکەخانەی سلێمانی، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکان و بەتایبەتیش لە بواری بازرگانیدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا. هەردوولا جەختیانکردەوە لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا سەرباری پەسەندکردنی یاسای بودجە، کێشەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەکراوە. وتیشی: پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزی لە نێوان لایەنە کوردستانییەکاندا کاریگەری هەبووە لەسەر چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و بەتایبەتیش لە پرسی بودجەدا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر کرا. هەردوولا بە پێویستیان زانی هەماهەنگی و هاوکاری زیاتر هەبێت لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە.

#قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان