بۆ یەكەمجار تەنورەی كورت، وەك جۆرێك لە مۆدەی جلوبەرگ لە لایەن ژنانەوە لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوودا بەكارهێنرا، لەو سەردەمەدا تەنورەی سەروو ئەژنۆ كاردانەوەیەكی زۆری لێكەوتەوە و دژایەتی زۆر كرا.
ماری كوانت (Mary Quant) كچە بەرگدرووی بەریتانی بە داهێنەری تەنورەی كورت دادەنرێت، بیرمەند و كۆمەڵناسەكانی ئەو كات داهێنانی ئەو مۆدەیەی تەنورەیان بە شۆڕشی یاخبووەكان و هێمای ئازادی ناوبرد و بوو بە نازناو لە شۆڕشی لیبراڵەكاندا.
ئەوەی ماری كردی پیاوانی ئەو سەردەمە بەدڵیان نەبوو، تائێستاشی لەگەڵدا بێت بەشێك لە پیاوان حەزیان لە تەنورەی كورت نییە، بەتایبەتی بۆ هاوسەرەكانیان، هەروەها لەو كۆمەڵگەیانەی خوویان بە شاردنەوەی قاچەوە گرتبوو، داهێنانەكەی ماری بەردەوام رەتدەكرایەوە.
تەنورەی كورت كە بە (مینی) تەنورە ناوی دەركردووە، سەرەتا لە لەندەن سەریهەڵدا، دواتر گواسترایەوە بۆ پاریس، هەروەها بەخێرایی لە ئەوروپا بڵاوبۆوە و ئەمریكاشی گرتەوە، هەروەك لە چین پێشوازییەكی زۆری لێكرا.
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، بەهۆی سەرهەڵدانی جۆرێكی نوێ لە مۆدەی جلوبەرگی ژنان بە ناوی (هیپی)یەوە كە بریتی بوو لە تەنورەی درێژ و پانتۆڵی شارستۆن، تەنورەی كورت وەك پێشتر لە سەرەوەی ریزبەندی مۆدەی ژناندا نەمایەوە، بەڵام تەنورەی كورت تا ئێستاش لە دنیای مۆدەدا خۆی سەپاندووە.
پێشوازییەکی زۆری لێدەکرێت
ماری لە ساڵی 1934 لە لەندەن لەدایكبووە، كۆلێژی هونەر بەشی وێنەكێشانی لە زانكۆی گۆڵدسمیس تەواوكردووە، ماوەی دوو ساڵ لە كۆمپانیایەكی دیزانی كڵاو كاریكردووە، بەڵام دواتر بڕیار دەدات مۆدەی تایبەت بەخۆی هەبێت و دوكانێك بە ناوی بازاڕ لە شاری چێڵسی دەكاتەوە و بە مۆدێلی بیجامە و كراس دەستپێدەكات و دواتر لە شەستەكاندا تەنورەی مینی دروست دەكات و پێشوازییەكی زۆری لێدەكرێت.
باس لەوە دەكرێت ماری ناوی (مینی) بەناوی ئۆتۆمبێلە دڵخوازەكەیەوە ناوناوە بەناوی (مینی كۆپەر) ئامانجی مینی لەو كاتەدا ئەوەبوو ژنان ئازادی جووڵەكردنیان هەبێت لە كاتی كاركردن و سەماكردندا، كاتێك ژنان ئەو تەنورە كورتەیان لەپێ دەكرد بۆ رەتكردنەوەی سنوورە كۆمەڵایەتییەكانی پیاوسالاری بوو كە لە ساڵانی پەنجاكاندا بەربڵاوبوو.
ماری تەنورەكانی لە قوماشی هەرزان دروست دەكرد، زۆر رەنگاورەنگ و سەرنجڕاكێش و وروژێنەربوون، ئەو تەنورەیە رێگەی دا قاچی ژنان ئازاد بێت، تا ناوەڕاستی ران دیاربێت، لەو سەردەمەدا هەندێك كەس بە تەنورە لەپێ كورت ناوبانگیان دەركرد.
ماری دەڵێت لە تەمەنی 13 ساڵانەوە رقی لە جلوبەرگی ژنان بووە، ئەوان جلی ژێرەوەیان توند مەمكیان گوشیوە، بەجۆرێك مەمكی ژنان لەو جلانەدا وادەردەكەوت زۆر لە پێش خۆیانەوە بووە جەستە بەدوایدا رۆیشتووە، ماری دەڵێت ترسی هەبووە پیربێت و وەك ئەو ژنانەی لێ بێت.
ماری باسی لەوەكردووە، داهێنانەكەی «سادە و دوژمنكارانە و ئازادكراو» بوو جلەكان وەك ئەوە وابوو كە بڵێن» باش سەیرم بكەن». دەڵێت هەموان سەیری تەنورە كورتەكانیان دەكرد و ئەوەش هاتوچۆی لە شەقامەكانی چێڵسی رادەگرت.
ئەوەی کردیان شۆڕش بوو
بە وتەی ماری ئەوەی كردیان شۆڕشێك بوو لەو كاتەدا، لە پەنجەرەی دوكانەكەیەوە هاواریان لێ دەكردین و پێیان دەوتین بێ ئەخلاق، قێزەون، گەندەڵ، ماری دەڵێت نەوەی ئێمە گەمارۆ درابوون بە جەنگ تەنها ئەوەبوو جلەكانمان پێچەوانەی ئەو جلانەبوو كە باوباپیرانمان دەیانپۆشی.
ماری كوانت نووسەری چەندین كتێبە لە بواری دیزانی جلوبەرگ و ماكیاژ لەوانە» بڕ بەپێی بڕ» لە ساڵی 1966، رەنگ بەپێی جۆر لە ساڵی 1984 ، بڕێك لە ماكیاژ لە ساڵی 1986، ماكیاژی كلاسیكی و كتێبی جوانی لە ساڵی 1999، جگە لەوانە خاوەنی چەندین خەڵاتە.
ماری لە ناوەراستی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا دەستبەردای جلوبەرگی ئامادە دەبێت و خۆی بۆ دیزانی جلوبەرگی ژێرەوە و جلوبەرگی خوری و كەتان و چاویلكە و ماكیاژ و جوانكاری تا ساڵی 2000 لە لایەن كۆمپانیایەكی ژاپۆنییەوە براندەكی لێ دەكڕن ئەوەش دوا چالاكی دەبێت لەو بوارەدا تا كۆچی دوای دەکات لە ساڵی 2023 دا.
ئا: فەرید دڵشاد
سەرچاوە:
annahar+ ar.celeb-true+