پیتەر سینگەر
و: دڵشاد حامید دەروێش*
ساڵی 2009، سەرمایەداری شاری برۆکلین، لیڤی – ئیژاک رۆزنباوم، کە تۆمەتی نێوەندگیریکردنی فرۆشتنی سێ گورچیلەی خرابووە پاڵ، دانی بە تاوانەکەیدا نا، سزای دوو ساڵ و نیو زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، زیاد لە دوو ساڵیش بەر لە ئازادکردنی، خزمەتی کرد.
ساڵێک پێشتر، بازرگانی وردەی سەنگاپووری، تانگ وی سۆنگ، چونکە رەزامەند بوو لەسەر کڕینی گورچیلەیەک بە نایاسایی، رۆژێک زیندانی کرا، دواتر گورچیلەیەکی لە تەرمی بکوژێکی لەسێدارەدراوەوە وەرگرت. هەرچەندە ئەم کارە یاساییە، بەڵام لەڕووی ئیتیکییەوە لە کڕینی گورچیلە گوماناویترە، چونکە هاندەرێکە بە ئاڕاستەی قایلکردن و لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی بە تاوانی مەزن تۆمەتبارن.
ئاخۆ پێویستە فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە تاوان بێت؟ تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا ساڵانە 100000 کەس دەیانەوێت ئەندامێک لە ئەندامەکان بچێنن، وەلێ لە ساڵی 2008دا، تەنها 21167 کەس لەمەدا سەرکەوتوو بوون، رۆژانە 12 ئەمریکی لە چاوەڕوانیی چاندنی گورچیلەدان و بە پەککەوتنی گورچیلە دەمرن، لە سەرانسەری جیهانیشدا، ملیۆنان کەس بە پەککەوتنی گورچیلە کۆچی دوایی دەکەن.
کڕین و فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە
هەرچەندە کڕین و فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە لە هەموو شوێنێک نایاساییە، بەڵام رێکخراوی تەندروستی جیهانی مەزەندەی ئەوە دەکات لە سەرانسەری جیهاندا، نزیکەی 10 ٪ ی هەموو گورچیلە چێنراوەکان لە بازاڕی رەشدا دەکڕدرێن.
باوترین ناڕەزایەتی لە پەیوەندیدا بە بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی مرۆڤەوە ئەوەیە هەژاران دەچەوسێنرێنەوە، ئەم دیدە لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2002 دا کە لەسەر 350 هیندی گورچیلەفرۆش کرابوو، پشتڕاست کرایەوە، زۆربەیان بە توێژەرانیان وتبوو ئەوەی پاڵی پێوە ناون دانەوەی قەرزەکانیان بووە، دوای 6 ساڵیش، سێ لەسەر چواریان هەر قەرزار بوونەتەوە، پەشیمانیش بوون لە فرۆشتنی گورچیلەکانیان، بە پێچەوانەوە کاتێک پرۆگرامی تەلەفزیۆنی «taboo» بەرنامەیەکی بۆ فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە تەرخان کرد، لەو بەرنامەیەدا کۆخنشینێکی مانێلا نیشان درا بۆ کڕینی ماتۆڕ تەکسییەکی سێچەرخە بە مەبەستی دابینکردنی داهات بۆ خێزانەکەی، گورچیلەیەکی فرۆشتبوو، دوای نەشتەرگەری، بەخشەرەکە نیشان درا کە دەمبەپێکەنین بە دەوری تاکسییە نوێیە بریقەدارەکەیدا دەسووڕایەوە. ئاخۆ پێویست بوو رێگریی لێ بکرێت؟ بەرنامەکە فرۆشیارگەلێکی خەمباریشی نیشان داین، بەڵام خۆ فرۆشیارانی خەمبار لە بازاڕی خانووبەرهشدا هەن.
نانسی شیبهر هیوز (Nancy Scheper–Hughes)، دامەرزێنەری «Organ Watch»، بە توندی وەڵامی ئەوانە دەداتەوە کە پێیان وایە بەیاساییکردنی فرۆشتنی ئەندامانی جەستە، دەستگیرۆیی هەژاران دەکات، کاتێک دەڵێت: »بۆ یارمەتیی نەداران، رەنگە پێویست بێت بەدوای رێگەی باشتر لە لەتوپەتکردنیان بگەڕێین« حاشاهەڵنەگرە پێویستە، بەڵام نایکەین، بە داخەوە هاوکارییەکانمان بۆ هەژاران بەس نین، ئەمەش وا دەکات زیاتر لە ملیارێک مرۆڤ لە هەژارییەکی تاقەتپڕوکێندا بژین.
لە جیهانی ئایدیاڵدا، مرۆڤی نەدار نییە، ئەوەندەش بەخشەری میهرەبان هەن کەس لەچاوەڕوانیی وەرگرتنی گورچیلەدا نەمرێت، زیل كراڤینسكی ئهمریكی کە گورچیلهیەکی بە کەسێکی نەناسراو بەخشیوە، هێما بۆ ئەوە دەکات بهخشینی گورچیلهیهك ژیانی كهسێك رزگار دەکات، بهڵام مەترسیی مردن لە ئەنجامی بەخشینی گورچیلەدا «1 لە 4000» دایە. هاوکات نەبەخشینی گورچیلە واتای ئەوە دەگەیەنێت تۆ 4000 جار ژیانی خۆت بەنرختر لە ژیانی نەناسراوێك داناوە، ئەو رێژەیەش بە بڕوای وی «قێزەونە» بەڵام زۆربەمان هێشتا دوو گورچیلەمان هەیە و داواکارییش لەسەر گورچیلەی زیاتر هەر درێژەی هەیە، لە پاڵ نەداریی ئەوانەی هاوکاریان نین.
جیهانی راستەقینە
دەبێت سیاسەت بۆ جیهانی راستەقینە دابڕێژین، نەک ئایدیاڵ، ئاخۆ دەتوانرێت بازاڕێکی یاسایی گورچیلە بە جۆرێک رێکبخرێت تێیدا گەرەنتی ئەوە بکرێت فرۆشیاران بە تەواوی ئاگاداری ئەوە بن کە دەیکەن، لە نێویشیدا ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی تەندروستیان دەبێتەوە؟ ئاخۆ ئەوکات خواست لەسەر گورچیلە پڕ دەبێتەوە؟ ئاخۆ دەرئەنجامێکی قایلکەر بۆ فرۆشیاران دەبێت؟
بۆ دەستخستنی وەڵامێک، دەشێت سەرنج بخەینە سەر وڵاتێک کە هەرگیز وەک وڵاتێکی پێشڕەو لە ئازادکردنی بازاڕ و ئەزموونی کۆمەڵایەتیدا لێی ناڕوانین، ئەو وڵاتە ئێرانە، لە ئێران ساڵی 1988 هوە سیستەمێکی پارەدارکراوی فەرمی و رێکخراو بۆ کڕینی گورچیلە هەیە. کۆمەڵەیەکی خێرخوازیی نەخۆشەکان مامەڵەکان بە نرخێکی دیاریکراو [لە ساڵی 2007 دا دەیکردە 46000 دۆلاری ئەمەریکی] رێکدەخات، جگە لە فرۆشیاریش، کەس تێیدا سوودمەند نابێت.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ساڵی 2006 کە پسپۆڕانی ئێرانی بواری گورچیلە بڵاویان کردووەتەوە، پلانەکە بەبێ قوتکردنەوەی کێشەی ئیتیکی، لیستی چاوەڕوانیی گورچیلەی لە وڵاتەکەدا نەهێشتووە، لە ساڵی 2006 دا، پرۆگرامێکی تەلەفیزیۆنی بی بی سی نیشانی دا زۆرێک لەوانەی خوازیاری بەخشینی گورچیلە بوون، بە هۆی نائامادەیی پێوەری توندی تەمەنەوە، داواکەیان رەتکراوەتەوە. هەروەها، زۆری دیکە داوای سەردانیکردنی پزیشکی دەروونیان لێ کراوە.
*نووسەر و مامۆستای زانکۆ