ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی
هەرچەندە ناتوانین دڵنیابینەوە لەوەی لە چ کاتێکەوە مرۆڤ گوێی لە میوزیک گرتووە، بەڵام زاناکان هۆکاری ئەوە دەزانن بۆچی گوێ لە میوزیک دەگرین، بۆیە لێرەدا سوودەکانی گوێگرتن لە میوزیک لەگەڵ کاریگەرییە باشەکانی بۆ سەر تەندروستی جەستە و مێشک دەخەینەڕوو.
کاری جددی تر
گوێگرتن لە میوزیک کاردەکات بۆ هاندانی تاک لەکاتی راکردن یان رۆیشتن بۆ گەیشتن بە دوورتر ماوە، یان پایسکیل لێخوڕین و مەلەکردن بەشێوەیەکی خێراتر، چونکە میوزیک وەک دەرمانێکی یاسایی رێگەپێدراو وایە بۆ وەرزشەوانان کاردەکات بۆ هەستکردن بە ماندووێتی کەمتر و توانای بەرگەگرتنی زیاتر بەڕێژەی 15 ٪.
کەمکردنەوەی ئازار
هەرچەندە میوزیک جێگرەوەی دەرمان نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئازاری درێژخایەن، بەڵام سەرنج لادەبات لەسەر ئازار یان ناڕەحەتییە سروشتییەکانی لەکاتی راهێنان و وەرزشکردندا هەستیان پێدەکەیت.
هەستکردن بە خۆشیی
یەکێک لە سوودەکانی میوزیک لەکاتی وەرزشکردندا پاڵپشتیکردنی هەستی حەوانەوەیە، چونکە گوێگرتن لە میوزیک کاتی راهێنانکردن بڕێک لە هۆرمۆنی دۆبامین چالاک دەکات کە بەرپرسە لە هەستکردن بە حەوانەوە، لە هەمانکاتدا راهێنانە وەرزشییەکان هۆرمۆنی سیرۆتۆنین چالاک دەکەن کە بەرپرسن لە دڵخۆشیی، بۆیە ئەو تێکەڵە موعجیزەیە کە بریتییە لە هۆرمۆناتی دڵخۆشیی بۆ جەستەت دروست دەکات.
کەمکردنەوەی سترێس و دڵەڕاوکێ
ئەگەر لەکاتی وەرزشکردندا گوێ لە میوزیکێکی گونجاو بگریت یان کاتی یۆگا کردن ئەوە وادەکات بەدرێژایی رۆژەکە ئارام بیتەوە، چونکە گوێگرتن لە میوزیک ئاستی هۆرمۆنەکانی بەرپرسن لە سترێس کەمدەکاتەوە.
بەهێزکردنی بەرگری لەش
لەبەرئەوەی میوزیک کاردەکات بۆ باشکردنی ئاستی میزاج و کەمکردنەوەی سترێس، ئەوەش کاریگەری پۆزەتیڤی بۆ سەر بەرگری لەش دەبێت، بۆیە لەمەودوا لە پەتاو ئەنفلۆنزا مەترسە کە کاردەکات بۆ وەستاندنی رۆتینی وەرزشکردن و راهێنانەکانی رۆژانەت.
چالاککردنی مێشک
یەکێکی دیکە لە سوودەکانی گوێگرتن لە میوزیک لەکاتی وەرزشکردندا چالاککردنی مێشکە، بۆیە پزیشکان لە ناوەندی جۆبز هۆپکینز ئامۆژگاری ئەوە دەدەن گوێ لەمیوزیک بگرین بۆ چالاککردنی مێشک، چونکە زاناکان لە پشکنینەکانیاندا بە تیشکی لەرینەوەی موگناتیسی بینیویانە لەو کاتانەدا هەندێ ناوچە لە مێشکدا چالاک دەبێت، هاوکات لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا ساڵی 2019 کراوە دەرکەوتووە خەڵکی زیاتر بە جۆش دەبن بۆ فێربوون کاتێک وەک پاداشت گوێگرتن لە گۆرانییەکیان پێ دەدرێت.
باشکردنی بیرەوەری
میوزیک کاریگەری پۆزەتیڤی هەیە لەسەر توانا بۆ لەبەرکردن و باشکردنی بیرەوەری، بۆ ئەو مەبەستە لێکۆڵەران هەندێ کەسیان راسپارد لیستی کورت بخوێننەوە و پاشان وشەکانیان لەبیر بمێنێت، ئەوانەی لەو کاتانەدا گوێیان لە میوزیکی کلاسیک گرتبوو باشتر وشەکانیان لەبیرمابوو لەوانەی بە بێدەنگیی یان لە دەنگەدەنگدا ئەو کارەیان کردبوو.
ئەلزهایمەر و زوو خەڵەفان
هەرچەندە میوزیک ناتوانێت ئەوانەی نەخۆشی ئەلزهایمەر و زوو خەڵەفانیان تووشبووە بیرەوەرییان لەدەست نەدەن، بەڵام زانراوە گوێگرتن لە میوزیک لەدەستدانی زانین و بیرەوەریی دوادەخات، ئەوەش یارمەتی ئەو کەسانەی خەڵەفانی کەم یان مامناوەندیان هەیە بیرەوەرییەکانی ژیانیان درەنگتر لەدەست بدەن یان هەندێکیان لەبیر بمێنێت، لەبەرئەوەی بیرەوەری میوزیکیی یەکێکە لە هەرە وەزیفە بەهێزەکانی مێشک بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەڵەفان، ئەوەش هۆکاری سەرکەوتوویی هەندێ ناوەندی پزیشکی بۆ کەسانی تووشبوو بە ئەلزهایمەر و خەڵەفان دەگەڕێتەوە، چونکە میوزیک بۆ هێورکردنەوەی نەخۆشەکانیان بەکاردێنن.
چارەسەری نەخۆشی ئەقڵیی
میوزیک بەتەواوەتی مێشک دەگۆڕێت، بۆ ئەو مەبەستە لێکۆڵەران لە زانستی دەمارییدا بۆیان ئاشکرا بووە میوزیک وادەکات کۆمەڵێک مادەی کیمیایی دەماریی لە مێشکدا دەربدرێت لە وەزیفەکانی مێشک و تەندروستی ئەقڵیدا کاریگەری باشیان هەبێت لەسەر ئەو جۆرە نەخۆشانە.
سەرچاوە: سیدتی.نت