لە داخی بەرپرسان، پۆست دەدەنە ئاژەڵان

11:16 - 2023-08-27
دووتوێ
299 جار خوێندراوەتەوە

لەهەندێ وڵات توڕەیی خەڵک لە سیاسەتمەدار و بەرپرسە باڵاکانیان لەبرەودایە و تادێت متمانەو بڕوایان پێیان نامێنێت ناچار لە هەندێ شوێن لە هەڵبژاردنەکاندا وەک ئاماژەیەک بۆ بایکۆت کردنیان دەنگیان بەگیانداران داوە و کردوویانن بە بەرپرسی خۆیان.

بەرازیل
بۆ رەتکردنەوەی هەڵسوکەوتی بەرپرسانی شاری «سان پاولۆ» لەساڵی 1959 دا لە ‌هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانی چینی خوێندکاران چوون لە باخچەی ئاژەڵان گامێشێکیان دیاریکرد و کردیانە کاندیدی خۆیان بۆ سەرۆکی ئەنجومەنەکە، لە پرۆسەکەدا هەرچی خوێنەوار و رۆشنبیر هەیە دەنگیان پێداو زیاتر لە 100 هەزار دەنگی بەدەستهێنا و کرایە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن.

ئەمریکا
لەسەرەتای هەشتاکاندا شاری «لاگیتاس» ی هەرێمی تەکساس پڕببوو لە سەرخۆش و بێلانە، لەوکاتەدا لەگەڵ وادەی هەڵبژاردنی پارێزگاری ئەوشارەدا، هاوڵاتیەک بزنەکەی خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندیدکرد و دروشمەکانی لە بانگەشەی هەڵبژاردن پڕ بوو لە رەخنە و پلار لە بەرپرسان و پارێزگارانی پێشوو کە خەم لە کێشەکانی خەڵکی ناخۆن و تەنها خەمخۆری خۆیان و کەسوکاریانن، بۆیە بزنەکەی یەکەم دەنگی هێنا و پۆستەکەی بردەوە، ئەوە بووە سیمایەکەی دیاری هەڵبژاردنەکان و دیسان لەساڵی 2008 دا لە هەرێمی کەنتاکی و لە هەڵبژاردنی پۆستی پارێزگاری شاری « رابیت هاش « لەنێو ژمارەیەک کاندیدی مرۆڤ و سەگ، سەگێکی قەشەنگ و گورج و گۆڵ بەناوی»لوسی لو» پۆستەکەی بەدەستهێنا و لەبانگەشەکەدا خاوەنەکەی نوسیبووی» هەرگیز درۆو دەلەسە لەو سەگە نابیستن» ئەو سەگە سێ ساڵ لە پۆستەکەی مایەوە و دواتر سەگێکی تر جێگەی گرتەوە.
ئالاسکا
لە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی «تالیکاتنا» لە ساڵی 1997 دا سەگێک بەناوی « ماریوستابس» دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا و کرایە سەرۆکی ئەنجومەن، ئەو سەگە بچکۆلەیە 20 ساڵ لە پۆستەکەی مایەوە، مانەوەی لە پۆستەکەیدا پەیوەست کرابوو بەچاکسازی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بەخۆداچوونەوەی بەرپرسانی حکومەت لە بەدواداچوونی خەمی خەڵک و کێشەکانیان.

مەکسیک
«مۆریس» ناوی ئەو پشیلەیەیە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013 دا پۆستی پارێزگاری شاری»خالابا»ی بردەوە و بە 7500 دەنگ متمانەی هەرە زۆری دانیشتوانی بەدەستهێنا و لە هەموو کاندید و سیاسیەکانی تری بردەوە، کۆمەڵەی پاراستنی مافی ئاژەڵان نامەیەکی پیرۆزباییان بۆ نارد و مەدالیای رێزلێنانیان پێبەخشی، خاوەنی ئەو پشیلە رەش و سپییە لە دروشمێکی بانگەشەکدا نوسیبووی» بێزار بوین لە جرجەکان» بۆیە دەبێت پشیلە بکەینە بەرپرسی شار و ئیدی رزگارمان بێت لەدەستیان، خوویەکی ئەو پشیلە بچکۆلەیە ئەوەبوو بەدرێژایی رۆژگار دەخەوت، بۆیە هەوادارانی پێیان وابوو هەمان خەسڵەتی سیاسیەکانی هەیەو بەڕۆژ دەخەون و ئاگایان لە خەڵکی نییە، کە خەڵکیش بەشەوان دەخەون ئەوان بەئاگان و بەئارەزووی خۆیان تەراتێنی دەکەن.

سەرچاوە: https://uswahl.lpb-bw.de 




 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان