گۆندك کۆنترین ئەشکەوتی ئاكرێ

11:21 - 2023-08-27
دووتوێ
449 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: ئەیاز هەركی



ئەشكەوتی مێژوویی گوندی گۆندك بە یەكێك لە كۆنترین ئەشكەوتەكانی قەزای ئاكرێ و دەڤەری بادینان دادەنرێت و بە دووری 20 كیلۆمەتر لە خۆرئاوای شاری ئاكرێ-وە هەڵكەوتووە، بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان ئەشكەوتەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەكان، هەروەها چەندین ناوچەی شوێنەواری مێژوویی لە سنووری دەڤەرداری ئاكرێدا هەن، یەكێك لەوانە بریتییە لە ئەشكەوتی گۆندك كە چەند دیمەنی وێنەو تابلۆی مرۆڤ و ئاژەڵی لەسەر دیواری دەرەوە و ناوەوەی ئەشكەوتەكە نەخشێنراوە، هەروەها شوێنەوارناسی بەناوبانگی ئینگلیز هێنری لایارد بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1846، سەردانی ئەشكەوتەكەی كردووە و پشكنینی بۆ كردووە و توانیویەتی دوو پەیكەری مرۆڤ لەبەردەم دەرگاكەیدا بدۆزێتەوە، پەیكەرێكی نەخشێندراوە پێكهاتووە لە پیاوێك كە هەوڵی راوكردنی بزنێكی كێوی دەدات بە تیرێك، ئەمە جگە لەوەی پەیكەری تر ژمارەیەك كەس وەستاون لەگەڵ چەندین وێنە و نەخشی ئاژەڵ لەسەر دیوارەكان هەن. هەروەها شوێنەوارناسی بەریتانی هێنری بەدەستی خۆی نەخشەی بۆ پەیكەرەكان كێشاوە و ئەم  تابلۆ و نەخشانەی لە گۆڤاری سۆمەردا بڵاوكراوەتەوە.
د.مەحمود ئەمین مێژووی ئەشكەوتی گۆندك بۆ سەردەمی میتانی دەگێڕێتەوە و بەشێكی دیكەی مێژوونووسانی كورد و بیانی گرنگییەكی زۆریان پێداوە و مێژووەكەی بۆ سەردەمی سۆمەرییەكان دەگەڕێننەوە. ئەشكەوتی گۆندك دەكەوێتە زنجیرە چیای ئاكرێ، بە كۆنترین ناوچەی شوێنەواریی دەڤەری ئاكرێ دادەنرێت، 500 مەتر لە گوندەكەوە دوورە و بەهۆی نزیكی لە گوندەكەوە بە ناوی ئەو گوندەوە ناسراوە و بەرزی ئەشكەوتەكە 50 مەتر و پانی 50 مەترە، جوگرافیای گوندی گۆندك بە هۆی ئاو و كەشوهەوای فێنكی گوندەكەوە گونجاو بووە، بۆ ژیان و بەخێوكردنی ئاژەڵ و كاری كشتوكاڵی.
مێژووی ئەشکەوتەکە
سەبارەت بە مێژوویی ئەشكەوتی گۆندك خەلەف رەمەزان زێباری پسپۆری كۆمەڵایەتی و دانیشتووی گوندی گۆندك وتی: ئەشكەوتەكە زۆر كۆنە و چەندین ئایین و نەتەوەی جیاواز تێیدا ژیاون و حوكمڕانی ئەم ناوچەیەیان كردووە، ئەشكەوتەكە لە سێ تابلۆ پێكهاتووە كە دوو تابلۆیان كەوتوونەتە خۆرهەڵاتی ئەشكەوتەكە و ئەوی دیكەیان دەكەوێتە ناو ئەشكەوتەكە و بەرزییەكەی نزیكەی بیست مەتر دەبێت. لە ساڵی 1947 بەڕێوەبەری شوێنەوارە دێرینەكانی عێراق بە سەرۆكایەتی دكتۆر محەمەد ئەمین پشكنینی بۆ ئەشكەوتەکە كردووە و پەیكەری سێیەم لەناو ئەشكەوتەكەدا دۆزرایەوە كە مێژووەكەی بۆ سەردەمی میتانی و سوپارتی دەگەڕێتەوە. بەداخەوە هەردوو تابلۆی دەرەوەی ئەشكەوتەكە زیانیان پێگەیشتووە و خراپكراون.
وتیشی، هیوادارین بەڕێوەبەری شوێنەواری و كەلەپوری قەزای ئاكرێ گڕنگی زیاتر بەم ئەشكەوتە بدەن و نۆژەنی بكەنەوە و رێگەیەك بۆ بەردەم ئەشكەوتەكە دروست بكەن بۆ ئەوەی گەشتیاران بە ئاسانی سەردانی بكەن، بەتایبەتی ئەشكەوتی مێژوویی گۆندك نزیكە لە زانكۆی ئاكرێ-وە، بۆ ئەوەی خوێندكارانی بەشی مێژوو بە شێوەیەكی كردەیی سوودی لێ وەربگرن، جگە لەوەش چەندین شوێنەواری تر لەم گوندەدا هەن، هیوادارین بپارێزن و نۆژەن بكرێنەوە.

بەرنامە و پلانی ساڵانە
لەوبارەیەوە هیوا شەماڵ بەڕێوەبەری شوێنەواری و كەلەپۆری‌ قەزای ئاكرێ رایگەیاند، ئێمە وەك بەڕێوەبەری شوێنەواری لە ئاكرێ سەبارەت بە ئەشكەوتی گۆندك ساڵانە بەرنامە و پلانی خۆمان بۆ وەزارەتی گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ناردووە، چونكە ئەشكەوتەکە یەكێكە لە شوێنەوارە گرنگەكانی دەڤەری ئاكرێ، ساڵانە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی و شاندی شوێنەوارناسی بیانی سەردانی ئەم شوێنەوارە مێژووییە دەكەن لە گوندی گۆندكی سەر بە قەزای ئاكرێ، داوامان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و زانكۆیەكی بیانی پسپۆر لەبواری شوێنەواری كردووە ئەشكەوتەکە نۆژەن بكەنەوە و رێگەیەكی ستراتیژی بۆ دروست بكەن، ئێستا چەند زانكۆیەكی بیانی كار لەسەر نۆژەنكردنەوەی هەندێك لە شوێنەوارەكانی دەڤەری ئاكرێ دەكەن، بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە بكرێنە شوێنی گەشتیاری بۆ راكێشان و هاندانی گەشتیاران و كەسانی شوێنەوارناسی و خوێندكارانی زانكۆی ئاكرێ بەشێوەیەكی گشتی لە داهاتوودا سوودی لێ وەربگرن.
 ئاكرێ بە یەكێك لە شارە كۆنەكانی دەڤەری بادینان و كوردستان دادەنرێت، هەر لە كۆنەوە ژیان تێیدا هەبووە و خاوەنی تایبەتمەندی مێژووییە، نزیكەی 300 ناوچەی شوێنەواری و مێژوویی لەخۆدەگرێت. شارەكە مێژوویەكی دەوڵەمەندی هەیە و لە سەرەتای ژیانی مرۆڤایەتییەوە دەستپێكی ئەشكەوتەكان بۆ گەشەكردنی شارستانی و ئاوەدانی گوندەكان وەك ناوەندێكی نیشتەجێبوون سەریهەڵداوە و دەركەوتووە و مێژوونووسان بە خاكێكی دێرین و بەنرخ وەسفیان كردووە.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان