سەرۆک بافڵ: پێکەوە دەچینە کۆنگرە و پێکەوە بەسەرکەوتوویی دێینە دەرەوە

06:17 - 2023-08-27
کوردستان
589 جار خوێندراوەتەوە

بەسەرپەرشتی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی ئابی 2023 ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر دوایین ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی کرا کە بڕیارە رۆژی  27ی 9ی 2023 سازبکرێت.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆک بافڵ بە وردی دەربارەی گرنگیی کۆنگرە لە ژیانی حزبایەتیی یەکێتی و تێکۆشانی سیاسی دوا و رایگەیاند، کۆنگرە بۆ جۆشدانەوەی زیاتری خەباتە لەپێناوی سەرخستنی بەرنامەی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و باشکردنی ژیان و گوزەرانیانە، کە ئەوەش بنچینە و بەرنامەی ستراتیژی نەگۆڕی یەکێتییە.

سەرۆکی یەکێتی لەمیانی گوێگرتن لە پێشنیاز و بیروڕای هەڤاڵانی سەرکردایەتی و پشتیوانیان لە پێویستی سازکردنی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو، وێڕای دەستخۆشی لە گیانی هەڤاڵانەیان، جەختی لەوەکردەوە بەپشتیوانی خوا کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و یەکگرتوو  دەبەستین، پێکەوە دەچینە کۆنگرە و پێکەوە بەسەرکەوتوویی دێینە دەرەوە. وتیشی، بەدڵنیاییەوە نەریتی بەستنی کۆنگرە بەشێوەیەک ئاسایی دەکەینەوە کە وەک حزبەکانی رۆژئاوا دوو ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستین.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد راسپاردەکانی دیداری یەکێتیش کە فراوانترین کۆبوونەوەی هەڤاڵانی یەکێتی بوو لە هەموو ئاست، ئۆرگان و شارەکانی کوردستان، یارمەتیدەری هەموومان دەبێت بۆ گەڵاڵەی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو کە رای هەموو هەڤاڵانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەسەربێت.
سەرۆک بافڵ پێشنیازیشی کرد لە کۆنگرە ئەنجومەنێکی کارا لە هەڤاڵانی تێکۆشەر دروست بکەین کە سەنگ و دەسەڵاتی هەبێت و یارمەتی ئێمە بدات لە سەرخستنی کارەکانمان.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی دوای گوێگرتن لە وردەکاری کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای کۆنگرە، دەستخۆشی لە کۆمسیۆنەکە کرد بۆ ئەو کۆششەی لە ماوەکانی رابردوودا کردوویەتی و هەڤاڵانی سەرکردایەتی راسپارد کە پێشنیاز و بۆچوونەکانی خۆیان پێشکەش بە کۆمسیۆنەکە بکەن بۆ دەوڵەمەندکردنی.
بەشێکیتری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی سیاسیی کوردستان و عیراق و روانینە سەرکەوتووەکانی یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەکان. لەو بارەیەشەوە سەرۆکی یەکێتی روونکردنەوەی پێویستی دا و داوای لە هەڤاڵان کرد بە هەمان گیانی یەکهەڵوێستی و یەکگوتاریی یەکێتی کە بووەتە مایەی ستایش و دەستخۆشی دۆستانمان لە عیراق و هاوپەیمانەکانمان لە دونیا لە ئەرکەکانیان بەردەوامبن.
لە کۆتاییشدا سەرۆک بافڵ داوای لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کرد بەسەربەرزییەوە بچنەوە ناو هەڤاڵانیان و بەرەو کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو خەباتی یەکێتیانەیان جۆشبدەنەوە.

#کۆنگرەی پێنجەم

بابەتە پەیوەندیدارەکان