نەکا ئەو رۆژە بگەڕێتەوە

11:11 - 2023-08-29
کوردستان
756 جار خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا 
مانگی ئابە کە باشتر بوو هەر یادی شەهادەتی سەرکردە ئازاد هەورامی لە 31/8/1988  بێت کە چیرۆکێکی کوردستانیی جوان و درەوشاوە بوو.
بەڵام چی بڵێین لەگەڵ سیاسەتگەلێک کە شەهیدەکان لە خەو رادەچڵەکێنێت و ناهێڵێت نەزیفی خوێن و خەمی شەهادەت کۆتایی پێبێت؟ وەک شەهید دڵشاد مەریوانی لە زمانی تەرجەمەی شیعری پاکانەوە دەیگوت؛ شەهیدەکان شەهید دەکرێنەوە.
عادەتەن لەو مانگی ئابە و سەرەتاکەیدا بە هێرش و پەلامار بۆ سەر هەرچی جوانە دەستپێدەکەن و کۆتایی مانگەکەش  بە کەڵەکی کونکراوی ئاشتی دەسپێرن تا خەڵک یادی شەهیدەکانی نەکاتەوە و نەپڕژێتە وەڵامدانەوەی بوختان و تەشهیرەکانیان، تا کەس نەڵێت کوا زامی شەهید و کفنی شەهید و گۆڕی شەهید؟ تا کەس ئەو راستییە یاد نەکاتەوە ماکی گەندەڵی و بێ بەهاکردنی هەموو شتێک لە خیانەتی ئاب و  لولەی دەبابەکانی بەعسدایە.  عادەتەن ئەو رۆژە بە ئاشتی کاتیی پینە دەکەن تاوەکو دوو رۆژ دواتر بە نەشتەری کول و ژەنگاوییەوە دەست لە زامی دێرینی تۆمەت و تەهوین و تەوهین وەربدەنەوە.
بەڵام ئەمجارە یادەوەریی کوردستان تیژ بۆتەوە و بەم تەکنیکە سادەیە و بەو تەکتیکە ژەنگاوییە فریو ناخوات، بۆیە دەهری بوون.
باسی ماکی گەندەڵی لە دووتوێی ئابدا بۆ ئەوە نییە پەرێزی مانگەکانی تر و ساڵەکانی تر پاک بکرێتەوە. لە ئازار و لە نیسان و لە ئەیلولیش، لە ساڵەکانی تریشدا ئەم دەردە کوشندە هەبووە و هەیە. بەڵام ئابی ئەو ساڵەی 1996 دڵنیایی نەتەوەیی و یەقینی نیشتمانیی بە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و قینی ئامانجی دواڕۆژ گۆڕییەوە. داستانی هەموو نەتەوەکان و ئەزموونی هەموو نیشتمانەکان وابووە و وایە کە وەختێک سەنگەرەکان تێکەڵ دەبن و حەرام و حەڵاڵی سیاسەت نامێنێت حەتمەن سەرمایەی کەڵەکەبووی نیشتمانسازی جێی خۆی دەدا بە سووی دیناری دڕاوی دە بە دوانزە و مامەڵەی پسوڵەی سلێمان هەڵشۆیی و گەعدەی درەنگانی شەو.
دادی نیشتمانی و دادوەریی دامەزراوەکان دوو جمکن هیچ نەشتەرگەرییەکی موەفەق ناتوانێت لێکیان جیا بکاتەوە و بەسەربەرزی لێی دەربچێت. دادی نیشتمانی لە (هەکاری) دادی نەداین و لەو شاخ و داخەی باکووردا وەرەقەی چرچی ئیمزاکانی تاوانی هەکاری ئازاترین رۆڵەکانی کوردستانی بە ئاڕ پی جی RPG غەدر شەهید کرد. ئێ خۆ زۆر ئاساییە دادوەری ناو شارستێن و ناو دادگاکانی پایتەخت حوکمی سەیر و سەمەرەی وا بدەن کە کونسوڵخانەکانیش سەریان لە ئاستیا سپی ببێت و سەمەرە ببینن.
 وەختێک لە ئابی ساڵە شوومەکەدا سەری ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بە فەتارەتی هێرشی لە ناکاوی سووپای بەعس دەدرێت و سەر و ماڵی یەکێتی دەکرێتە قۆچی قوربانی بێدەنگیی ئیقلیمی، ئاساییە لاوازی تۆماری سەردەمی بەرەنگاری رژێمی بەعس بە خیتابی (قابیلی قبوڵ نییە) و هەڕەشەی پەنجە و خۆڕاوەشان بەرامبەر حکومەتی دوای پڕۆسەی رزگاری لە 2003 دا قەرەبوو بکرێتەوە.
ساڵی ئەزمەی عەلەمەکەتان لە بیرە کە چ ساڵێک و چ رۆژێک و چ مانگێک بوو؟ 
سیویەکی ئابی دوو هەزار و شەش بوو. یانی رێک دە ساڵ دوای سیویەکی ئابە مەشهورەکە : 31/8/1996.
ئەو ساڵەی 2006 کە سەرۆک کۆمار لە خۆمانە، لە کورد و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانە. لە ماڵی ئاوەدانی کوردایەتییە. ئەو ساڵەی کە سەرۆک کۆمار مام جەلالە، نە بەعس ماوە و نە عروبە حاکمە و نە دەبابە رووی لە کوردستانە، کەچی تۆڵەی بێ هەڵوێستی و کەمخوێنی نیشتمانی لە 31/8/1996 بە حەماسەتی درەنگوەختی تەنگژەی ئاڵای کوردستان لە 31/8/2006 دەکرێتەوە. 
لەو ساڵەوە ئاوێکی زۆر رژاوە، وەڵڵا با وردتر بین.. لە چەند دیمەنی  پێشتر و دواتریشدا ئاڵا، بەهی عیراق و بەهی کوردستانەکەشەوە، هەر لەگەڵ سیاسەتی شڵەژاودا هەڵیان نەکردووە و ماکی تەنگژە بوون. لە یەکەم دانیشتنە بەراییەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد ئاڵای سێ ئەستێرە و ئەڵلاهوئەکبەری هێنایە ژوورەوە و فەریقی تۆپانێی ناردە ئۆلۆمپیادەکەی عودەی لە بەغدا، شاعیری گەل و وەزیری رۆشنبیریی نیشتمان، وەک ویژدانی زیندووی نەتەوە، پڕۆتستۆی ئەم کارەی کرد. تا هەمان ئاڵا لە 31ی ئابی 1996 لەگەڵ سووپای بەعس هاتەوە پایتەخت و باخچەی پەرلەمان و لە ئابی 2006 خۆی دووبارە کردەوە و چەند جاریش لە کەرکوک و خانەقین و دەڤەری تری یەکلانەکراوە بووە ناونیشانی تەنگژە. لە جێی ئەوەی ئاڵا و پەرچەمی نەتەوە تەتویجی سەرکەوتنی سیاسیی و گوزارشت لە ئاهەنگی خۆشنودی نیشتمانی بکات، بووە سەبەب و بۆنەی نا ئارامی و نا جێگیریی سیاسی لە وڵاتەکەدا.
سەددام ناوی پەلامارەکەی 31ی ئابی 1996ی ناو نابوو پڕۆسەکانی (اب المتوکل علی اللە). (ئاب)ە هەم ناوی مانگی ئۆگۆستسە و هەمیش بە مانای (گەڕایەوە) دێت. هەموو ئابێک دەست لەسەر دڵ دابنێن نەوەک بگەڕێتەوە!
لەم چوارچێوەیە سەیری کەتنی بارەگا و خێوەت و خیانەت بکەن.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #پارتی دیموکراتی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان