رۆزا دڵشاد مەریوانی
چەند ساڵێکە هاشتاگ و ڤیدیۆی «سەفەر بکە خۆ تۆ درەخت نیت» لە سۆشیال میدیادا دەبینین، بەوەی چەند گرنگە مرۆڤ گەشت و سەفەر بکات ئەگەر بۆ چەند رۆژێکیش بێت، چونکە بەپێی زانستی دەروونی و توێژەرانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بێت مرۆڤ بەسروشتی خۆی وا دروست بووە وەک جۆرێک لە غەریزە تێیدا حەزی بە جووڵەیە و پێویستی بەوەیە جارجار لەو شوێنەی پێی دەوترێت پانتایی حەوانەوەی خۆی کە ماڵەکەیەتی دووربکەوێتەوە و ژینگەی چواردەوری بۆ ماوەیەکی کاتیی بگۆڕێت، بێگومان ئەوەش بە گەشت و سەفەر دەکرێت جا گرنگ نییە بۆ دەرەوەی شار یان ناوچە یان وڵات بێت، گرنگ ئەوەیە لەو ژیانەی لەسەری راهاتووە و تا رادەیەک ژیانی کردووە بە رۆتینێکی دووبارە و وەڕسکەر دووربکەوێتەوە.
کاریگەری پۆزەتیڤی هەیە
بەگشتی گەشتکردن کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی مرۆڤ هەیە، مەگەر ئەو کەسە هەندێک کێشەی دەروونی پەیوەست بە دوورکەوتنەوە لە ماڵ و رۆتینی ژیان هەبێت دەنا هەموو مرۆڤێک پێوستی بە گەشتکردن هەیە، چونکە لەڕووی دەروونییەوە گۆڕینی ژینگە و کردنی هەندێ چالاکی جیاواز یان سەرکێشی یان بینینی شوێنی نوێ خەمۆکی مرۆڤ ناهێڵێت و مێشک چالاک دەکاتەوە و رەنگ دەگەڕێنێتەوە بۆ ژیان، هاوکات بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش کاریگەری پۆزەتیڤی دەبێت کاتێک خێزانێک یان دوو هاوسەر لە گەشتێکدا دوور لە کار و جەنجاڵییەکانی ژیانی رۆژانە کاتی زیاتر پێکەوە بەسەردەبەن و دەکرێت ئەو گەشتە وەک هەلێک بەکاربێنن بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییەکەیان وەک هاوسەر، هەروەها ئەندامانی خێزانیش کاتێک بۆ ماوەی چەند رۆژێک سەفەر پێکەوە دەکەن و ئەزموونی نوێ و یادگاری نوێ پێکەوە دروست دەکەن و کاتێکی بەسوود بەسەر دەبەن دەکرێت ئەو یادگارییانە تا کۆتایی ژیانیان بمێنێتەوە یان کاربکات بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان وەک خێزان.
کاتێک سەفەر قورس دەبێت
بەڵام ژیان لە وڵاتێکی وەک وڵاتی ئێمەدا جگە لەوەی یەکێکین لە رەزاقورسترین وڵاتەکانی دنیا بۆ پێدانی فیزا بۆ گەشتکردن بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا لەگەڵ کێشە زۆرەکانی ژیانی رۆژانە لە نەبوونی مووچە و دواکەوتنی و قورسی ژیان و بارگرانییەکانی لەسەر زۆربەی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، بەڵام ئایا دەبێت تا ماوین وەک درەختێک کە بەئاستەم بژێوی ژیانی بۆ دابین دەکرێت بژین و هەموو ژیانمان لە چاوەڕوانی ئەوەدا بین گەشت و سەفەری تەمەنمان بکەین، بێگومان نەخێر لەبەرئەوەی پێش هەموو شتێک گەشت هەر گەشتە و دەکرێت بۆ نێو وڵات بێت و خۆشبەختانە ئێستا گروپی گەشتیاری زۆرباش هەیە گەشت بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی نێو وڵات رێکدەخەن کە هەندێکیان گروپی خانمانەیە و ئەو کەسانەی سەرپەرشتی دەکەن ژنن واتا بێ پیاو دەتوانن سەفەر بکەن و بە پارەیەکی دیاریکراو گەشت دەکەیت و زۆر بارگرانیش لەسەر ئەو کەسە دروست ناکات کە دەیەوێت گەشت بکات و کەمێک لە سترێس و جەنجاڵی ژیانی دووربکەوێتەوە، هەروەها گروپی گەشتیاری بە هەمانشێوە هەیە بۆ وڵاتانی دراوسێ کە خەرجییەکەی کەمێک زیاترە لە گەشتە ناوخۆییەکان و تاک دەتوانێت ساڵی جارێکیش بێت سەفەرێکی لەو جۆرە بکات، بۆئەوەی دواجار ئێمەش بتوانین لەم وڵاتە پڕ لە کێشە و ناخۆشییەدا کاتێکی کەم لە رۆژە ناخۆشەکانمان بدزین و تەنیا وەک درەخت نەمێنینەوە و گەشت بکەین.