ئا: دیانا ئەحمەد
رۆزماری، گیایەكی هەمیشە سەوزە، بە شێوەیەكی باو وەك بەهاراتێكی چێشتلێنان بەكاردێت، هەروەها سەرچاوەیەكی باشی ئاسن و كالیسیۆم و ڤیتامینەكانی B6 ە جگە لە چەندین سوودی تەندروستی دیکە، رۆزماری لە كۆنەوە بە تایبەتمەندییە دەرمانییەكانی ناسراوە، هەروەها وەك چارەسەرێكی تەقلیدی بۆ زۆرێك لە كێشەكان بەكارهاتووە، لەوانە: یارمەتی كەمكردنەوەی ئازاری ماسولكەكان دەدات، باشتركردنی یادەوەری، بەرزكردنەوەی تەندروستی سیستەمی بەرگری و سوڕی خوێن، هەروەها یارمەتی گەشەكردنی قژ دەدات، دەتوانرێت گیای رۆزماری بە تازەیی بەكاربهێنرێت، دوای وشكبوونەوەی، یان وەك پاودەرێكی وشك بە هەمان شێوە بەكاربهێنرێت، جگە لەوەش دەتوانرێت رۆنی لێ دەربهێنرێت، لە دروستكردنی دەرمانیشدا بەكاردێت، بێگومان رۆزماری بۆنێكی خۆش بە جەستە دەبەخشێت، هەربۆیە رۆنەكەی لە دروستكردنی سابوون و بۆنەكاندا بەكاردەهێنرێت.
گرنگترین سوودەكانی
*سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی دژە ئۆكسانە، پێدەچێت ئەو دژە ئۆكسێنەرانەی لە رۆزماریدا هەن یارمەتی بەرزكردنەوەی سیستەمی بەرگری لەش و باشتركردنی سوڕی خوێن بدەن، هەروەها رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی رەگە ئازادە زیانبەخشەكاندا.
*یارمەتیدەرە بۆ باشتركردنی تەندروستی هەرس، هەرچەندە رۆزماری بە شێوەیەكی باو بۆ چارەسەری هەرسكردن بەكارهاتووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە كە ئەمە بسەلمێنێت.
* هەڵمژینی بۆنی زەیتی رۆزماری دەبێتە هۆی هاندانی مێشك بۆ باشتركردنی كارایی و تەركیزكردن، هەروەها ئەم بۆنە خەواڵوویی كەم دەكاتەوە، هەربۆیە یارمەتیدەرە بۆ باشتركردنی باری دەروونی.
*بۆ پاراستنی تەندروستی مێشك بەسوودە، چونکە رۆزماری ترشی كارنۆزیكی تێدایە، دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی زیانەكانی مێشك كە بەهۆی رەگە ئازادەكانەوە دروست دەبێت، رەنگە سوودی هەبێت بۆ ئەو كەسانەی تووشی جەڵتەی مێشك بوون، ئەمە جگە لە تایبەتمەندییە چارەسەرییەكانی كە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشك و نەخۆشی ئەلزەهایمەر كەمدەكاتەوە.
*كەمكردنەوەی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە، هەندێك لە لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە، رۆزماری بڵاوبوونەوەی هەندێك جۆری شێرپەنجە خاو بكاتەوە، وەك شێرپەنجەی خوێن و شێرپەنجەی مەمك و شێرپەنجەی پێست، هاوكات ئەگەری زۆرە وەك دژە ئۆكسان و هەوكردن كاربكات، بە پاراستنی خانە تەندروستەكان، جگە لە كەمكردنەوەی هۆكارەكانی توشبوون بە شێرپەنجە.
*بۆ تەندروستی چاو بەسوودە، چونکە دەركەوتووە ترشی كارنۆزیك كە لە رۆزماریدا هەیە رۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت لە باشکردنی تەندروستی چاودا، هەر بۆیە دەتوانێت بەشداربێت لە خۆپاراستن لە هەندێك نەخۆشی كە كاریگەرییان لەسەر تۆڕی دەرەوەی چاو هەیە، وەك ماكولار كە پەیوەندی بە تەمەنەوە هەیە.
*بۆ چارەسەركردنی قژ هەڵوەرین بەسوودە، دەركەوتووە كە زەیتی رۆزماری لەگەڵ هەندێك زەیتی سروشتی وەك زەنجەفیل و لاڤاندەر و دار سێدار چارەسەرێكی سەلامەت و كاریگەرە بۆ راگرتنی قژ لە هەڵوەرین.
سەرچاوە:الموضوع