سەرۆك كۆمار: كەركوك هێمای برایەتی نێوان گشت پێكهاتەكانە و رێگانادەین وێنەی ئەو پێكەوەژیانە بشێوێنرێت

11:32 - 2023-09-03
عیراق
342 جار خوێندراوەتەوە

بەیاننامە

بەنیگەرانییەكی زۆرەوە چاودێری پێشهاتەكانی دۆخی پارێزگای كەركوك دەكەین.
 لەكاتێكدا هەمیشە پەرۆشی خۆمان بۆ پاراستنی ئاشتی لە هەموو  وڵات دووپات دەكەینەوە، داواش لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بە گرژی و ئاڵۆزییەكانی كەركوك دەكەین، كە خۆیان لە هەر هەڕەشەیەك یان بەكارهێنانی هێز بەدوور بگرن، هاوكات داوا لە هەموان دەكەین بەرژەوەندییەكانی گەل و سەقامگیریی وڵات بخەنە پێش هەر بەرژەوەندییەكی دیكەوە.
 جەختیشدەكەینەوە لەسەر پێویستی پشتبەستن بە گفتوگۆی بونیادنەر وەك ئامرازێكی سەرەكی بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكانی ئێستا، لەپێناوی پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی عیراق بەهەموو چین و توێژەكانیەوە و دەرفەت نەڕەخساندن بۆ گروپە تیرۆریستییەكان كە ئامانجیان تێكدانی بارودۆخ و سەقامگیری و رشتنی خوێنی عیراقییەكانە.
كەركوك هێمای برایەتی نێوان گشت پێكهاتەكانی عیراقە و رێگانادەین وێنەی ئەو پێكەوەژیانە بشێوێنرێت.
 داوا لە حكومەتی فیدراڵ و هێزە ئەمنییەكان دەكەین دەستوەردانی خێرا بكەن بۆ ئارامكردنەوەی دۆخی شارەكە و كۆنترۆڵكردنی ئاسایش و سەروەریی یاسا تێیدا، بەشێوەیەك كە دادپەروەرانە ئاشتیی بپارێزرێت.
هاوكات داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتییە كۆمەڵایەتی و جەماوەرییەكان دەكەین، لەپێناوی پاراستنی سەقامگیریی پارێزگای كەركوك و ئاسایشی هاووڵاتیان، بۆ رێگریكردن لە توندوتیژی رۆڵی خۆیان بگێڕن.
 خودای گەورە هەموو خەڵكی كەركوك بپارێزێت لە شارێكی ئارام و سەقامگیردا كە گوزارشت لە هەماهەنگی برایانە و پێكەوەژیانی یەكڕیزیی كۆمەڵگەیی بكات.

 لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆك كۆمار

بابەتە پەیوەندیدارەکان