خه‌سره‌و ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ سه‌لیم ناسراو به خه‌سره‌و پشده‌ری، له دایكبووی رۆژی 2/9/1966ی قه‌ڵادزێ، باوكی كه نووسه‌ر، هه‌ڵبه‌ستوان و فه‌رمانبه‌ری میری بووه، به‌هۆی پیشه‌كه‌ی سه‌ره‌تا ماڵه‌كه‌ی له به‌غدا بووه و دواتر له ساڵی 1976دا خۆی ده‌گوازێته‌وه بۆ هه‌ولێر و ده‌كرێته به‌ڕێوه‌به‌ری كۆگاكان له كارگه‌ی جگه‌ره‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، ماڵه‌كه‌یشی له به‌غدا ده‌گوازێته‌وه بۆ شاری هه‌ولێر، به‌ڵام دوای ده‌ستگیركردن و ده‌رچوونی بڕیاری له‌سێداره‌دانی خه‌سره‌وی كوڕی، له‌و پۆسته لاده‌درێت و پله‌كه‌ی نزم ده‌كه‌نه‌وه بۆ فه‌رمانبه‌رێكی ئاسایی.
خه‌سره‌و پشده‌ری له به‌غدا و هه‌ولێر خوێندویه‌تی، ده‌رچووی ئاماده‌یی پیشه‌سازی هه‌ولێره، ساڵی 1984-1985.
له هه‌ڕه‌تی لاوێتی و ساڵی 1982دا په‌یوه‌ندیكردووه به رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه، ئه‌ندامێكی چالاك بووه، به‌شداریی كاریگه‌رانه‌ی هه‌بووه له خۆپیشاندانه‌كانی به‌هار و پایزی ساڵی 1982.
سه‌ره‌تای ساڵی 1986 له‌جیاتی سه‌ربازی، ده‌بێته پێشمه‌رگه‌ی كه‌رتی دووی تیپی 99ی بتوێن، به‌هۆی چاونه‌ترسی له شه‌ڕه‌كان و هه‌ڵمه‌تی شێرانه‌ی بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ری دوژمن، هه‌ر زوو چه‌كێكی (BKC)ی ده‌ده‌نێ.
له چالاكییه‌كی كه‌رته‌كه‌یان كه 15 پێشمه‌رگه ده‌بن، له ئێواره‌ی 20/8/1986دا حه‌وت جاش له نزیك ده‌ریاچه‌ی چوارقوڕنه به‌دیل ده‌گرن و هه‌موویان به دوو به‌له‌م ده‌په‌ڕنه‌وه بۆ باره‌گای كه‌رت، به‌ڵام بۆسه‌یه‌كی جاش ته‌قه له به‌له‌مه‌كان ده‌كات و به‌له‌می دووه‌م كون ده‌بێ و وه‌رده‌گه‌ڕێ، جاشه‌كان و پێشمه‌رگه‌كان هه‌ر یه‌كه و به ئاراسته‌یه‌ك به مه‌له‌وانی ده‌په‌ڕنه‌وه‌و جاشه دیله‌كان ڕزگار ده‌بن، به‌ڵام به‌داخه‌وه له پێشمه‌رگه‌كان ته‌نیا هاوڕێ خه‌سره كه مه‌له‌وانی نازانێت به‌جێ ده‌مێنێت و له سه‌عات 11ی شه‌و تا به‌ره‌به‌یانی رۆژی دواتر له‌ناو ئاوه سارده‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه، سه‌ره‌ڕای فشاری زۆری ساردی ئاوه‌كه و گوشاری خه‌و و هیلاكی وه‌ستان به‌پێوه، به‌ڵام نابه‌زێ و چۆك دانادات، تاكه شت كه له‌ناو ئاوه‌كه‌دا بیكات گواستنه‌وه‌یه‌تی به‌شێوه‌ی زیكزاك بۆ ئه‌وه‌ی جاشه‌كان (BKC)ییه‌كه نه‌دۆزنه‌وه‌و نه‌كه‌وێته ده‌ستیان، سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ی زۆری جاشه‌كان به‌وه‌ی كه ته‌قه‌ی لێده‌كه‌ن گه‌ر له شوێنی خۆی نه‌وه‌ستێت، به‌ڵام هاوڕێ خه‌سره‌وی وره‌پۆڵایین و نه‌ترس، گوێ به هه‌ڕه‌شه‌ی جاشكان نادات و نزیكه‌ی (70-50) مه‌ترێك له شوێنی چه‌كه‌كه‌ی دوورده‌كه‌وێته‌وه و سه‌رئه‌نجام چه‌كه‌كه‌ی ناكه‌وێته ده‌ستی جاشه‌كان به‌ڵام بۆخۆی دیل ده‌كرێت و له سه‌عات 10ی به‌یانیدا راده‌ستی مه‌نزومه‌ی ئیستخباراتی كۆیه‌ی ده‌كه‌ن و دوای 10 رۆژ ئه‌شكه‌نجه‌ی سه‌خت كه هیچ سوودی لێنابین، دواتر ده‌یگوازنه‌وه بۆ مه‌نزومه‌ی ئیسخباراتی شیمالی له هه‌ولێر و له‌وێش ئه‌شكه‌نجه ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر نكۆڵی له‌وه ده‌كات كه پێشمه‌رگه بووبێت و به‌ڵكو خۆی به كه‌سێكی وا ده‌ناسێنی كه پێشمه‌رگه به‌زۆر بردوویانه چونكه گومانیان لێی هه‌بووه.
دوای نزیكه‌ی مانگ و نیوێك، ده‌گوازرێته‌وه بۆ شوعبه‌ی 5ی ئیستخباراتی گشتیی سه‌ربازی له به‌غدا، له‌وێش ئه‌شكه‌نجه‌ی دڕندانه‌ی زۆری ده‌ده‌ن وه‌لێ هه‌مان قسه‌كانی پێشووتر ده‌كاته‌وه كه له كۆیه و هه‌ولێر كردبوونی.
رۆژی 20/10ی هه‌مان ساڵ له‌لایه‌ن عه‌واد حه‌مه‌د به‌نده‌ره‌وه سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌چێت و ره‌وانه‌ی ژووری سێداره‌ی زیندانی ئه‌بوغرێب ده‌كرێت، بۆیه مافی خۆیه‌تی گه‌ر به شه‌هیدی زیندوو ناوی ببه‌ین، وه‌لێ خۆشبه‌ختانه به‌هۆی هه‌وڵه بێوچانه‌كانی باوكی توانرا له رۆژی 21/1/1987 به فه‌رمانێكی كۆماری سزاكه‌ی بۆ بگۆڕدرێت به سزای به‌ندكردنی هه‌تاهه‌تایه و گوێزرایه‌وه بۆ به‌شی سزا تایبه‌تییه‌كانی زیندانی ئه‌بوغرێب، دواتر له 14/9/1988 به لێبووردنی گشتی ئازادكرا.
ساڵی 1991 له راپه‌ڕین و رزگاركردنی شاری هه‌ولێردا به‌شداری كرد و رۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو له كۆكردنه‌وه‌ی هاوڕێیان له شانه چه‌كداره‌كاندا، تا رۆژی ده‌رچوونی له ساڵی 1995دا پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.
پاش ئه‌وه‌ی ده‌گاته دانمارك، دووباره له رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی له سنووری كۆمیته‌ی ئه‌و وڵاته و وه‌ك ئه‌ندامێكی چالاكی كه‌رتی ڕێكخستنی شاری نێستڤێژ درێژه به‌خه‌بات ده‌دات.
به‌داخه‌وه، رۆژی پێنجشه‌ممه، 24/8/2023 به نه‌خۆشی له هه‌مان شار كۆچی دوایی كرد و هه‌ر له‌وێ، به خاك سپێردرا.
ده‌رسیم پێشه‌وا