کۆمار عەلی
ئینسكلۆپیدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە زنجیرەی دەنگی دەخوێنرێتەوە.
پڕۆژەی گەورەترین كتێب كە ئینسكلۆپیدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بە زنجیرەی دەنگی دەخوێنرێتەوە كە مێژووی رووداو و بەسەرهاتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ساڵی 2020 لەخۆدەگرێت.
ئینسكلۆپیدیای یەكێتی تۆماری ژیاننامەی سەركردە و فەرماندە و پێشمەرگە و تێكۆشەرانی دێرین و نوێی یەكێتی و كادر و ئەدیب و رووناكبیران و هەموو ئەو خەباتگێڕانە دەگرێتە خۆی كە لە ماوەی ئەم رەوتە دوور و درێژە 48 ساڵییەدا بەشداری ئەو خەباتە بوون.
لەمبارەیەوە، دڵبەند مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان بە راگەیاندنەكانی یەكێتی وت: ئینسكلۆپیدیای یەكێتی، تۆماری سەروەری و شانازییەكان و گێڕانەوەی راستەقینەی دەستكارینەكراوی مێژووی گەلەكەمانە بۆ ئەوەی بە بەڵگە و نووسین و دەنگ بۆ نەوەكانی داهاتوو بپارێزرێت و ببێتە ئەرشیفێكی كۆنكرێتی بۆ دواڕۆژ، ئاماژەی بەوەش دا: دەنگی گەلی كوردستان ئامادەكاری بۆ ئەم پڕۆژەیە كردووە و كۆمەڵیك بێژەری لێهاتوو و بە توانا بابەتەكان تۆمار دەكەن. وەك قۆناغی یەكەم ئەم بێژەرانە (ئەمیر عومەر، هاشم جەمیل، نزار ژاژڵەیی، مونیر سەلیم، بانو كامەران) بەشدارن لە پڕۆژەكەدا.
وتیشی: پڕۆژەی كتێبـی دەنگی پێشتر لە دەنگی گەلی كوردستان هەبووە و چەندین كتێب تۆمار و بڵاوكراونەتەوە، بەڵام ئێستا بە كوالێتی بەرز و تەكنیكی نوێ بابەتەكان تۆمار و بڵاودەكرێنەوە، راشیگەیاند: كتێبـی دەنگی و بەتایبەتیش پڕۆژەی ئینسكلۆپیدیا كۆششێكی رووناكبیری و مێژوویی گەورەیە بەسەرپەرشتی فەرید ئەسەسەرد سەرپەرشتیاری گشتی و سەرۆكی دەستەی كارا، كەیوان سەعید سكرتێری نووسین و چەند هەڤاڵێكی تر كاری لەسەر كراوە و تائێستا پێنج چاپی بڵاوكراوەتەوە. ئێستاش بەدەنگی تۆمار دەكرێت.
دڵبەند مستەفا داوای لە بێژەرانی تری راگەیاندنی یەكێتی كرد كە بەشداری كارا لە تۆماركردنی بابەتەكانی ئەم پڕۆژەیەدا بكەن.