شازدەهەمین فێستیڤاڵی بەدرخان لە فینلاند

12:27 - 2023-09-05
کەلتور
571 جار خوێندراوەتەوە

کۆمار عەلی

بە بەشداری سەرۆك كۆماری پێشووی فینلاند (تاریا هالۆنێن)  و كەسایەتی سیاسی و كوردپەروەری فینلاندی و كەسایەتییە چالاكەكانی كوردستانی و سەدان كەس لە كوردانی ئەوروپا،  شازدەهەمین فێستیڤاڵی بەدرخان لە ژێر ناوی (كورد پشتیوانانی لە بیر ناكات) لە فینلاند بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵەكە لە دوو بەش پێكهاتبوو، بەشی یەكەم: ناسنامە و خەباتی نەتەوەیی گەلی كورد و بەشی دووەم بریتی بوو لە بەشی وێژە و هونەر و مۆسیقای كوردی.
لە بەشی یەكەمی فێستیڤاڵەكەدا،  وتاری خاتوو (تاریا هالۆنێن) سەرۆك كۆماری پێشووی فینلاند پێشكەشكرا. ناوبراو لە وتارەكەیدا وێرای ئاماژە بە گرنگی راگرتنی كەلتور و چاندی نەتەوەیی لە لایەن نەوەی یەكەم و دووەمی كۆچبەر، كۆبوونەوەی كوردەكان لە بەشە جیاوازەكانی كوردستانەوە لە دەوری یەكتر لە فینلاند، بە نیشانەی هاونەتەوەیی بوونی ئەو كۆمەڵگایەی زانیی، دواتر  سروودی تەعریب كە بۆ شازدەهەمین فێستیڤاڵی بەدرخان ئامادە كرابوو لە لایەن هونەرمەند مستۆ دادار پێشكەشكرا، دواتر وتاری لیژنەی ئامادەكاریی فێستیڤاڵ بە زمانی كوردی، لەلایەن حەمید بەدرخان  بەرپرسی ئەكادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی رۆژنامەوانی و كەلتور پێشكەشكرا و تیشكی خستە سەر بەها كەلتورییەكان و پەیوەندییەكانی ئەمڕۆی دنیای پاش پەتای كۆرۆنا كە هەمیشە لە گۆڕانكاریدایە، چونكە كەلتور شوناسی نەتەوەیی ئەمڕۆ و داهاتووی  نەتەوە و گەلانە. بە دوای ئەودا وتاری لیژنەی ئامادەكاری فێستیڤاڵ بە زمانی فینلاندی لە لایەن (وەڵات نەهری)، سەرۆكی فیدراسیۆنی كوردانی فینلاند پێشكەشكرا. دواتر پەیامی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان خوێندرایەوە. وتارەكە ئاماژەی كرد بە گرنگی سازدانی ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە و رۆڵی لە دروستكردنی پردێكی نزیكبوونەوە لە نێوان گەلی كورد و گەلانی دیكەدا.  لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا پێشانگای كتێب و بەرهەمە هونەرییەكانی ناو فێستیڤاڵەكە لەلایەن بەشدارانی ئەو بەشە پێشكەشكرا.
مێژووی بزر و نەگێردراوەی كورد
دوای ناساندنی پێشانگاكان، وتارێكی زانستی لە ژێر ناوی (مێژووی بزر و نەگێردراوەی كورد) لە لایەن مێژووناس و زمانەوانی كورد سۆران حەمەڕەش بە زمانی ئینگلیزی پێشكەشكرا. ناوبراو لە وتارەكەیدا بەرهەمی لێكۆلینەوەی خۆی لەسەر مێژووی كورد و كوردستانی بە شێوەیەكی چڕ و پڕ پێشكەشكرد.  پاشان،  پانێڵی كورد پشتیوانانی لە بیر ناكات! (بە فینلاندی و ئینگلیزی) لەلایەن كۆڕگێڕ: دكتۆر مەجید حەقی، چالاكڤانی سیاسی و مامۆستا لە فینلەند پێشكەشكرا كە بە بەشدارانی هەریەك لە:  ئاریا ئالهۆ، سیاسەتمەدار و سەرنووسەری كۆڤاری ئودین، فرێدا چانگات، نووسەر و رۆژنامەنووس، تانیا عەبدولقادر حوسێن، دیپلۆماتكار، تاریا كانتۆلا، سیاسەتمەدار و چالاكڤانی مەدەنی،  رێبوار كەریمی، كارناس و لێكۆڵەری كۆمەڵناسی، كریستینا كۆیڤوۆنێن، لێكۆلەر و نووسەر، تێێمۆ ماتینپورۆ، بەرپرسی رێكخراوی پارێزەرانی ئاشتی.
لۆبیی كەلتوریی كوردی
بە دوای ئەودا پانێلی دووەم بە ناونیشانی بەرەو دروستكردنی لۆبیی كەلتوریی كوردی لە دیاسپۆرا كە لەلایەن كۆڕگێڕ: وڵات نەهری، سەرۆكی فیدراسیۆنی كوردانی فینلاند، بە بەشداری ئەو نووسەر و روناكبیرانە پێشکەش کرا:  عومەر شێخموس، سیاسەتمەدار و ئەكادیمیست كە بە شێوەی ئۆنلاین بەشداربوو، حەمید بەدرخان، سەرۆكی ئەكادێمیای بەدرخان، شەهێن زادئەحمەد، چالاكڤانی مەدەنی، خەبات باپشتی، چالاكڤانی سیاسی،  مستۆ دادار، هونەرمەند،  كەیا ئیزۆل، كۆنفیدراسیۆنی كوردانی دیاسپۆرا.
 بەشی دووەمی فێستیڤاڵ هونەر و فەرهەنگ و مۆسیقا بوو، كە لەلایەن كۆڕگێڕان: نیدال جۆجەك و هۆگر عەلیپوور بەڕێوەبرا، هەروەها  كردنەوەی بەرنامەی هونەری بە هەڵپەڕكێی كوردی، لە لایەن كۆما زاگرۆس رۆژئاوای كوردستان بە چەندین هەڵپەركێی كوردی هۆڵەكەیان رازاندەوە ، پاشان ئێوارە كۆڕی شیعری كوردی كە لەلایەن كۆرگێڕ، سەید خدر میرسەییدی بەسەركەوتوویی بەڕێوەبرا كە چەندین شاعیری پارچەكانی كوردستان تێیدا بەشداربوون كە ئەمانە بوون: ئەردەلان عەبدۆ، پاوان عەلی، فەریدون بەرزنجی، رەئوف گوڵبەدەن، ئیحسان ئەسپار، عەبدوڵڵا حاجی، میدیا قامیشلۆ، چیمەن قەرەداغی، فازیل سوڵتان پەنا و مەهدی غەمبار .
لە كۆتایی فێستیڤاڵەكەدا، كە لە كۆتایی مانگی ئاب بەڕێوەچوو، بڕوانامەی رێزلێنان بەسەربەشداربوان دابەشكرا ، لەگەڵ  خوێندنەوەی بەیانی كۆتایی فێستیڤاڵ لەلایەن وڵات نەهری و هەروەها خەڵات و میداڵیای فێستیڤاڵ و بڕوانامەی رێزلێنان لە لایەن حەمید بەدرخان پێشكەش بە ئامادەبوانكرا .

بابەتە پەیوەندیدارەکان