ئاسۆ رۆستەم سونبولی تۆپی پێی كوردستان

12:36 - 2022-05-16
وەرزش
909 جار خوێندراوەتەوە

لە خولی نایابی تۆپی پێی یانەكانی عیراقدا سێ یانەی كوردستان بەشداریی دەكەن، ئەوانیش بریتین لە (نەورۆز لە سلێمانی)  و (هەولێر) و (زاخۆ).
تیپی یانەی نەورۆز بەم دواییە چەند ئەنجامێكی زۆر باشی تۆمار كردووە، بە دوایین بردنەوەیان 2-0 لە تیپی یانەی ئەمانەی بەغدا بۆ پلەی نۆیەمی ریزبەندیی ئەم خولە سەركەوتوون و ئەم ئەنجامەش مایەی شانازییە بۆ تۆپی پێی كوردستان بەگشتی و شاری سلێمانیش بە تایبەتی.
لە تیپەكەدا چەند یاریزانێكی بەتوانا یاریی دەكەن كە وایان كردووە ئەم تیپە نێچیرێكی ئاسان نەبێت بۆ تیپی یانە بەشدارەكان، لەدەرەوەی یاریگای خۆیشی ئەنجامی باشی لەگەڵ یانە بەهێزەكانی عیراق تۆمار كردووە، یەكێك لەو یاریزانانە ئاسۆ رۆستەمی هێرشبەری تیپەكەیە.
ئەم یاریزانە بەو گۆڵانەی كە تۆماریان دەكات، سەروەریی و سەركەوتنی نایاب بۆ یانەكەی مسۆگەر دەكات، ئەوەتا لە یارییەكەیان بەرامبەر بە تیپی یانەی ئەمانەی بەغدا كە رۆژی هەینی رابردوو لە سلێمانی كردیان، 2-0 براوە بوون، ئاسۆ دووەم گۆڵی بردنەوەی یانەكەی كرد و پێشتریش بنیامین ئاكۆر گۆڵی یەكەمی كردبوو.
لە هەفتەی 29 ی خولەكەشدا و لە یاریی نەورۆز بەرامبەر كەرخ كە 2-1 یارییەكەیان بردەوە، بە هەمان شێوە بنیامین و ئاسۆ دوو گۆڵەكەی نەورۆزیان كردبوو، لە هەفتەی 30 یارییەكانیشدا لە یاریگای مینا لە بەسرە، ئەم یاریزانە تەنیا گۆڵی یەكسانبوونی یانەكەی 1-1 ی لەگەڵ مینادا كردبوو.
لەمانەش گرنگتر ئەوەیە كە ئێستا ئاسۆ رۆستەم بە تۆمار كردنی 13 گۆڵ دووەم گۆڵكەری ئەم خولەی عیراقە، گۆڵكەری یەكەم مەحمود مواسە لە یانەی شورتەی پاڵەوان بە 18 گۆڵ، موهەیمن سەلیم مەلاخیش بە 11 گۆڵ سێیەم گۆڵكەری ئەم خولەی عیراقە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان