لیڤەرپوڵ جامێكی تری بەرزكردەوەو دوو یاریزانیشی تووشی پێكان بوون

12:38 - 2022-05-16
وەرزش
184 جار خوێندراوەتەوە

یانەی لیڤەرپوڵ جامی یەكێتیی ئینگلیزی  (FA CUP) ی ئەمساڵی بەرز كردەوە پاش ئەوەی لە یاریی كۆتایی ئەم خولەدا بەپەنالتی 6-5 لە یانەی چێڵسی بردەوە.
یارییەكە لەیاریگای ویمبڵی لە لەندەن كرا، كاتی یاسایی و زیاد كراو بەبێ گۆڵ كۆتاییهات، دواتر بۆ یەكلا كردنەوەی ئەنجامی كۆتایی پەنا برایە بەر لێدانی پێنج پەنالتی و سەرەنجامیش لیڤەر 6-5 براوە بوو.
لەم یارییەدا خۆشیی هاندەرانی لیڤەر تاڕادەیەك خۆشییەكی تەواو نەبوو، چونكە لە یارییەكەدا محەمەد سەڵاح توشی پێكان بوو و چووە دەرەوەو، بەهەمان شێوە ڤان دایكی بەرگریكاری یانەكەش توشی پێكان بووە و نازانرێت ئایا ئەم دوو پێكانە دەبنە هۆی دووركەوتنەوەی ئەم دوو یاریزانە لە یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگ كە بڕیار وایە 28 ی ئەم مانگە بكرێت یان نا.
*ئەمە سێیەم یاریی كۆتایی یەك لەسەر یەكی ئەم خولەیە كە چێڵسی دەدۆڕێت و جامەكە ناباتەوە.
*ئەمە هەشتەم جامی ئەم خولەیە لیڤەرپوڵ بەرزیدەكاتەوە، لەگەڵ تۆتنهام و چێڵسی سێیەم یانەیە زۆرترین جامی بردبێتەوە و مان یونایتد بە 12 جام دووەمە و ئەرسناڵیش بە 14 جام لە پلەی یەكەمیدایە.
*لە ساڵی 2006 -ەوە ئەمە یەكەم جامی ئەم خولەیە لیڤەر پوڵ بەرزی دەكاتەوە.
*هەر ئەمساڵ ئەمە دووەم دۆڕاندنی چێڵسییە بە دەستی لیڤەرپوڵ، پێشتر و لە یاریی كۆتایی خولێكی ئینگلیزی تردا كە یاریی كۆتایی كاراباو كاپ بوو 11-10 بە پەنالتی بە لیڤەرپوڵی دۆڕاندووە.
*یۆرگن كلوپ پاش سێر ئەلیكس فێرگسۆنی راهێنەری مان یونایتدی پێشوو، بوو بە دووەم راهێنەر لە خولی ئینگلیزیدا بتوانێت جامی چامپیۆنس لیگ و جامی هەردوو خولی(FA CUP) و کاراباو کاپ و پێشتریش جامی مۆندیالی یانەكان بۆ یانەیەكی ئینگلیزی بباتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان