بۆچی پێویستە ئیشی قووڵ بكەین؟

11:08 - 2023-09-10
دووتوێ
258 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد كەریم
وەكو دەزانین لە سیستمی ئەمڕۆی پەیوەندیدا كە تەقریبەن هەموومان مۆبایلمان پێیە و زۆریشمان بەهۆی ئیش و كارەكانمانەوە پەیوەستین بە ئینتەرنێتەوە، ئەم سیستمە داوامان لێدەكات هەمیشە بەردەست بین و لەناو سیستمەكەدا بین، بۆیە رۆژانە گلەییمان لێدەكرێت و لێمان دەپرسن، بۆچی وەڵامی ئیمەیلەكەمت نەدایەوە؟ مەسجم بۆ ناردی نەتبینی، تەلەفۆنم كرد وەڵامت نەبوو، ئەگەر مەسەلەكە ئیش و كار و ئیلتیزام بێت ئاگاداركردنەوە و سەرنجڕاكێشانیشی تێدەكەوێت. بە سەراپای ئەم چالاكیانەش دەگوترێت ئیش و كاری رووكەش و هەر هەموویان دەچنە ناو قاڵبی ساتەپەرستییەوە، یانی كۆمەڵێ چالاكی رووكەش و رۆتینی رۆژانەن. بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە لەسەر ئیش و كاری رووكەش بەردەوام بین و ئیشی قووڵ نەكەین وردە وردە توانای فێربوون و داهێنانمان نامێنێت و دەبینە مرۆڤێكی ئاسایی و رووكەش.

پێویستی بە تەرکیز هەیە
كەواتە بۆ ئەوەی ئەوە چارەنووسمان نەبێت دەبێت ئیشی قووڵ بكەین، دیارە ئیشی رووكەشی رۆژانەش گرنگە و ئیشی قووڵ بەمانای وازهێنان نییە لە ئیشی رۆژانەی رووكەش، بەڵكو هەردووكیان پێویستن و لە هەمانكاتیشدا زۆر زۆر جیاوازن. دیارە ئیشی قووڵ پێویستی بە دابڕان هەیە لەم سیستمە سادەپەرستە و پێویستی بە تەركیز هەیە. ئەمەش بە مانای دابڕانی هەمیشەیی نییە، بەڵكو مەبەست دابڕان و دووركەوتنەوەیە بۆ ماوەیەك، رەنگە ئەو ماوەیە چەند سەعاتێكی رۆژانەی بەردەوام بێت. بەشێوەیەكی گشتی ئیشی قووڵ ئیشێكی فكرییە وەكو: خوێندنەوە یان نووسین و لێكۆڵینەوە كە پێویستیان بە چەندان سەعات ئیشكردن و قووڵبوونەوە هەیە. ئەمەش تەواو جیاوازە لەوەی رۆژانە پێیەوە سەرقاڵین. ئێستا بابێنەوە سەر پرسیاری ناونیشانەكە، بۆچی پێویستە ئیشی قووڵ بكەین؟ لەبەر دوو شت پێویستمان بە ئیشی قووڵ هەیە: یەكەم فێربوون، دووەم داهێنان.
دیارە مرۆڤ لەهەر بوارێكدا ئیش بكات هەمیشە پێویستی بە فێربوونی شتی نوێیە ئایا لە بواری ئیشەكەی خۆیدا بێت یان لەهەر بوارێكی تردا، چونكە ئەگەر شتی نوێ فێر نەبێت لە شوێنی خۆی دەچەقێت و وردە وردە دوادەكەوێت. لە هەمانكاتدا مرۆڤ پێویستی بەداهێنانە ئایا لە بواری ئیشەكەی خۆیدا بێت یان لە بوارێكی دیكەدا، ئاسایی مرۆڤ  لە ئەنجامی فێربوون و ئەزموونی خۆیدا دەتوانێت داهێنان بكات، ئەگەر وزە و توانای داهێنانی نەبێت وردە وردە دەپووكێتەوە و وشك دەبێتەوە و هەر ئیشێكی هەبێت ئیشەكەی بێ رەونەق و بێ رەواج دەبێت. بۆ نموونە رۆماننووسێك ئەگەر نەتوانێت شتی نوێ فێربێـت و لەو فێربوونە و لە ئەزموونی خۆی داهێنان بكات، ئیتر دەكەوێتە خۆ دووبارەكردنەوە و خۆجوینەوە و خوێنەرانی لێی دەتەكنەوە و چیتر بەرهەمەكانی ناخوێننەوە.

چۆن ئیشی قووڵ بکەین؟
ئێستا با پرسیارێكی تر بكەین، باشە چۆن ئیشی قووڵ بكەین؟ بەڕاستی لەناو ئەم سیستمە سادەپەرستە هەژموونگەرەدا ئیشی قووڵ هەروا ئاسان نییە و پێویستی بە دوو شتی گرنگ هەیە: یەكەم ئیرادە، دووەم بەردەوامی، ئەگەر بمانەوێت ئیشی قووڵ بكەین، دەبێت ئیرادەمان هەبێت، ئیرادە واتە توانای ئەوەمان هەبێت رۆژانە بۆ ماوەیەك لەم سیستمە سادەپەرستە دوور بكەوینەوە و دەست بە ئیشە قووڵەكە بكەین، نابێت نیوەشەو بڵێین بەیانی دەستپێدەكەم، بەیانیش بڵێین بەیانی دەستپێدەكەم، بەو شێوەیە یانی قەت دەستپێناكەین. بابڵێین ئیرادەمان هەیە و دەستمان پێكرد، بۆ نموونە شەوانەڕۆژ لە كاتێكی دیاریكراودا (كە ئیتر كەس ئیزعاجمان ناكات) (2 بۆ 3) سەعات دەخوێنینەوە یان دەنووسین، یان پیشەگەرێك دەیەوێت داهێنانێك لە پیشەكەی خۆیدا بكات. خاڵی گرنگی دوای ئەمە بەردەوامییە، واتە دەبێت لەسەر ئیشەكە بەردەوام بین و هیچ رووداوێك لەو كاتەمان نەخوات، ئەمەش رێك وەكو وەرزش وایە، گرنگ نییە رۆژانە ماوەی چەند وەرزش دەكەیت گرنگ ئەوەیە رۆژانە بیكەیت.
ماوەتەوە بڵێم: لەم رۆژگاری سادەپەرستییەدا ئەگەر بەشێك لە كاتی خۆمان بۆ ئیشی قووڵ تەرخان نەكەین دەبێت چاوەڕێی وشك بوونەوە بین.

سەرنج: سوودم لە ڤیدیۆكەی (علی بندری) لە یوتوب وەرگرتووە بە ناونیشانی (چطور كار عمیق كنیم؟).

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان