پارەی زۆر دەرد و بەڵایە؟

11:25 - 2023-09-10
دووتوێ
270 جار خوێندراوەتەوە

هەموومان لە ژیانماندا هەوڵ دەدەین زۆرترین پارە بەدەستبێنین و سامانێکی گەورەتر کۆکەینەوە، واتێدەگەین ئەگەر پارەمان زیاتر بێت ژیانی خۆمان و ماڵ و منداڵمان خۆشتر دەبێت، ئەوە لەوانەیە هەندێکجار راست بێت، بەڵام زۆرجار پێچەوانەکەی راستە، ئەمەش بە زانست سەلمێندراوە لەگەلێ باردا پارەوسامان کێشەکانی ژیان زیاتر دەکەن.


سامان کێشەیە
زانایانی زانکۆی بەرشەلۆنەی ئیسپانی توێژینەوەیەکیان لەسەر نزیکەی 1000 کەس کردووە لە تەمنی نێوان 18 بۆ 50 ساڵ لە ژمارەیەک وڵات، نموونەیان لە وڵاتە پێشکەوتووەکان وەرگرتووە، لەگەڵ هی وڵاتە دواکەوتوو مامناوەندە هەژارەکانیش و هاوتای یەکتریان کردووە لە شێوەژیان و گوزەران و خۆش بژێویدا، بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی لە شارە گەورەکان دەژین و داهاتیان زۆر لەوانەی تر زیاترە لە زاری خۆیانەوە رایانگەیاندووە کە ژیانیان پڕیەتی لە کێشمەکێش و ئاژاوە و خۆشی تێدا نەماوە لەبەر سەرقاڵیی، بەڵام ئەوانەی لە لادێ و شارە بچووکەکان یان گوندەکان دەژین و داهاتیان زۆر کەمترە ئاسایی و خۆش دەژین.

مەرج نییە  پارە ژیان خۆش بکات
بۆیە ئەو زانایانە دەڵێن مەرج نییە هەموو کاتێک پارەوسامان خۆشگوزەرانی دابین بکات، بەڵکو ئێستا لە قۆناغی تەکنەلۆژیا و ژیانی کۆمەڵگەکان پارە دەبێتە هۆی سەرقاڵیی و ئاژاوە و تێکدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کاتێک مرۆڤ پارەی زۆر بێت هەوڵی زیاتری بۆ دەدات ئەمەش سەرئێشەی بۆ دروست دەکات، جگەلەوەش مادە و کاڵای پێویستی تری لە ژیاندا بۆ زیاد دەبێ وەک ئۆتۆمبێل و خانوو دوکان و زەوی کشتوکاڵی و کارگە و بازاڕ و شتی تر کە ئەمانە هەمووی دەبنە کێشە  و ژیانی لێ تێکدەدەن، چونکە هەموو ئەوانە خەڵکانی تر بەڕێوەی دەبەن و لەوانەیە لە ئیدارەداندا راستگۆ و دڵسۆز نەبن ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و ئاژاوە، ئەوانەشی مووچەیان مامناوەند یان کەمە بێ کێشەترن لەوانەی مووچەی قەبە وەردەگرن، چونکە زۆرجار مووچە باڵاکان خەرجییەکانیان لە شتی پڕوپوچ خەرج دەکەن و دواتریش خەمی لێ دەخۆن، کاتێکیش زیانێک دەکەن خەریکە دڵیان دەوەستێ.

سەرچاوە:  PsychologyToday 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان