بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمان: چەندینجار لە ئاسایشی هەولێرەوە رێگریمان لێكراوە بچین سەردانی سزادراوانی بادینان بكەین

08:47 - 2022-05-17
کوردستان
580 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ دادگای تاوانەكانی هەولێر بڕیاری سەپاندنی دوو ساڵ زیندانی بەسەر پێنج زیندانیكراوی شیلادزێ دەركرد، ئەو پەرلەمانتارانەشی ئامادەی دانیشتنەكەبوون، سەرجەمیان رایانگەیاند: ئەو پێنج گەنجەی شیلادزێ بەبێ تاوان لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە تۆمەتباركرابوون و دادگای هەولێریش سزای بەسەردا سەپاندن.
رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان، بە مەبەستی بەدواداچوون لەسەر ئەم پرسە، پەیوەندیی بە بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستانەوە كرد و لە وەڵامدا بەدریە ئیسماعیل ئاشكرایكرد: لیژنەكەیان چەندینجار رێگری لێكراوە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە بە بیانووی جیاواز جیاواز كە نەهێڵراوە سەردانی گیراوانی بادینان بكەن لە ناو ئاسایشی هەولێر.
 لە كاتێكدا كە پەرلەمانتاران دەتوانن سەردانی هەر بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەیەك بكەن بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ هەر پرسێكی دیاریكراو، بەڵام ئەم یاسایە لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدا پەیڕەو ناكرێت.
بەدریە ئیسماعیل وتیشی: من و بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران ئامادەی دانیشتنەكانی گیراوانی بادینان بووین، ئەوەمان بۆ دەركەوتووە كە هیچ تاوانێكیان بەسەردا نەسەپێنراوە، تەنها بەهۆی رەخنەگرتن لە دەسەڵات و ئازادیی رادەربڕینەوە، گیراون.

#لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمان

بابەتە پەیوەندیدارەکان