یەكەم یاریی لە یاریگای سلێمانی موعەلیقی هەبووە

11:34 - 2023-09-11
وەرزش
275 جار خوێندراوەتەوە

كاوان ئەبوبەكر

رۆژی 17 ی تەمموزی ساڵی 1960 یاریگای سلێمانی (مەلعەبەكە) یەكەم یاری تۆپی پێی تیاداكرا، یارییەکەش لەنێوان یانەی وەرزشی سلێمانی ‌و هەڵبژاردەی پۆلیسی عیراقدا بوو، یارییەكە موعەلیقیشی هەبووە ‌و لەناو یاریگاكەدا بەمایكرۆفۆن قسەیان كردووە.
گۆڤاری (رۆژی نوێ‌) كە گۆڤارێكی (ئەدەبی، سیاسی، كۆمەڵایەتی) بووە ‌و لەشاری سلێمانی دەرچووە و خاوەن ‌و لێپرسراوی پارێزەر جەمال شاڵی بووە، لە ژمارە (5)ی مانگی ئابی ساڵی 1960 دا، راپۆرتێكی تێر‌و تەسەلی بە ناونیشانی (یاری تۆپی پێ‌) بڵاوكردۆتەوە ‌و تیایدا باسی یەكەم یاری نێو یاریگای سلێمانی کردووە.

رۆژی یارییەكە
گۆڤارەكە نوسیوییەتی: لە سەعات (5)ی پاش نیوەڕۆی رۆژی 17/7 یاریگە تازەكەی سلێمانی پڕ بوو لەسەیركەران، زۆر بەرێكوپێكی هەر كەس لەشوێنێكدا لەسەر پلیكانەكان دانیشتن، لە سەعات پێنج و پێنج دەقیقەدا مامۆستا ساڵح عەلی سەرۆكی یانەی وەرزشی سلێمانی كورتە وتارێكی جوانی لەمیكرۆفۆنی یاریگەكەوە پێشكەشكرد، لەم وتارەدا باسی ئەم یاریگە نوێیەی كرد و بەخێرهاتنی تیپی هەڵبژاردەی پۆلیسی كرد.
سكرتێری یانەی وەرزشی سلێمانی مامۆستا عەلی ئەحمەد تەها تیپی سلێمانی ئامادە كرد ‌و ئامۆژگاری هونەری دەربارەی یارییەكە پێشكەش كردن.
تیپی سلێمانی لەملاوە ‌و تیپی پۆلیس لەولاوە لەگەڵ خرمەخرمی چەپڵەی سەیركەراندا خۆیان كرد بە ساحەدا، سەیركەران جوڵەجوڵیان تێكەوت، هاكا یاری دەستی پێكرد، ئەوا حەكەم خۆی كرد بەساحەدا حەكەمەكە (معاون فەهمی قیمقچی) بوو كە حەكەمێكی بەناوبانگی عیراقە، لەسەعات 5 و نیودا فیكە لێدرا و یاری دەستی پێكرد.

تیپی هەڵبژاردەی پۆلیس
ئەم تیپە لەتیپە یەكەمەكانی عیراقە، لەعیراقدا 5 تیپی زۆر بەهێز هەیە پێیان ئەڵێن تیپە یەكەمەكان كە ئەمانەن: تیپی هێزی ئاسمانی، ئەمانە ئەلعاسیمە، سوپا، هەڵبژاردەی پۆلیس ‌و تیپی مەسڵەحە، ئەم تیپی هەڵبژاردەی پۆلیسە جارەها لەگەڵ تیپی سوپا و تیپی هێزی ئاسمانیدا یاریكردووە و جارەهاش بردویەتییەوە، هەر لەم مانگەدا لە موسڵی بردەوە بەدوو گۆڵ بەرامبەر بەهیچ و لەكەركوكی بردەوە بەسێ‌ گۆڵ بەرامبەر بەهیچ و لەهەولێری بردەوە بە چوار گۆڵ بەرامبەر بەیەك گۆڵ، ئەنجا هات بۆ سلێمانی رەنگە بەو نیازەوە هاتبێت كە هیچ نەبێ‌ 6 گۆڵ لەسلێمانی بكات.

دەستپێكردنی یاری
یارییەكە لەسەرەتاوە نەختێك سارد بوو، بەڵام لەپاش 10 دەقیقە تەواو گەرم بوو، هێرش لەهەردوو لاوە دەستی پێكرد، بەڵام هێرشەكانی سلێمانی زۆر زۆرتر ‌و بەتین تر ‌و رێكوپێك تر بوون، تا وایلێهات سلێمانی تەنگی بە پۆلیس هەڵچنی و ئەگەر گۆڵچییەكەیان نەبوایە چەند گۆڵێك لە پۆلیس ئەكرا.
سەیركەرەكان چاویان بوو بوو بەهەزاران چاو، كاك عومەر هەڵمەت ‌و عومەر عەزیز ‌و عەزیز محەمەد كە لەسەر میكرۆفۆنەكە قسەیان ئەكرد زۆر بە پەلەپەل وەسفی یارییەكەیان ئەكرد، چونكە هێرش بردن زۆر گوڕی سەندبوو.
چەند جارێك سلێمانی خەریك بوو گۆڵ بكا، بەڵام گۆڵچی پۆلیس و ئاوسایت بەگی سلێمانی ئەو گۆڵانەی ئەگەڕانەوە.
یاری هەر بەو گەرم و گوڕییە دەوامی كرد تا تەواو بوونی تایمی یەكەم بە یەك دەقیقە، بەڵێ‌ بەیەك دەقیقە، یەك دەقیقەی مابوو كە تاڵیب عەلی هێرشبەری ناوەڕاست سەركردەی هێرشێكی بەتینی كرد و (موعتەسەم) ژمارە 4 كردی بەگۆڵ، گۆڵ، گۆڵ بە هەزاران و هەزاران بەدەم چەپڵە لێدانەوە هاواریان ئەكرد گۆڵ، بەڕاستی سەركەوتنێكی زۆر نایاب بوو، چونكە تیپی هەڵبژاردەی پۆلیس زۆر بەهێزە، بەڵام ئەم ئەنجامە وای دەرخست كە سلێمانیش ئێجگار بەهێزە، تایمی یەكەم تەواو بوو.
لەتایمی دووەمدا ئەگەرچی هەر سلێمانی بەهێز بوو، بەڵام گۆڵ نەكرا، بەم جۆرە یاری تەواو بوو سلێمانی لەتیپی هەڵبژاردەی پۆلیسی بردەوە بە یەك گۆڵ بەرامبەر بەهیچ.

سەرنج
*ئەم یارییە یەكەم یاری بوو كە لەم یاریگە تازەیەدا كرا.
*رێكوپێكی دانیشتن و سەیر كردن زۆر نایاب بوو.
*فێركەری تیپی یانەی وەرزشی سلێمانی مامۆستا (عەلی ئەحمەد تەها) بوو.
*تاڵیب سەید عەلی هێرشبەری ناوەڕاست نەخۆش بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جوان یاری ئەكرد.
*ئەوەتەی كاك (قالە رەش) قالە رەشە هێشتا بەو چەشنەی ئەو رۆژە پڵنگانە گۆڵی نەپاراستووە.
*یاریكەرەكانی سلێمانی تێكڕا هەموو باش بوون لەبەرئەوە پێویست ناكات یەكە یەكە باسیان بكەین.
*تیپی هەڵبژاردەی پۆلیس فاوڵی گەلێ‌ لەتیپی سلێمانی زیاتر ئەگرت.
*تیپی هەڵبژاردەی پۆلیس تێكڕا بەجوانی یارییان ئەكرد، بەڵام سلێمانی بەهەموو جۆرێك تەنگی پێهەڵچنی بوون.
*تێكڕا یارییەكە بە نەرم و نیانی كرا.
*بەڕاستی (مام صابر) لەتیپی هەڵبژاردەی پۆلیس هەرچەندە پیر بوو، بەڵام یاری زۆر جوان ئەكرد.
*كاك عومەر عەزیز لە میكرۆفۆنەكەوە خەریك بوو بڵێ‌ تۆپەكە بەپێی فڵان كەسەوەیە، بەڵام لەو كاتەدا بە هەواوە بوو لەبەرئەوە گورج وتی تۆپەكە بەپێی هەواوەیە، بەمە خەڵكەكە دایانە پڕمەی پێكەنین.
*ئەم یارییە بوو بە بەڵگەیەكی زۆر بەهێز بۆ ئەوەی كە تیپی سلێمانی زۆر بەهێزە، لەبەرئەوە وا چاكە تیپەكەمان لەگەڵ تیپی (هێزی ئاسمان)یشدا یاری بكا ‌و هەروەها لەگەڵ تیپە هەرە بەهێزەكانی تری عیراقدا.
*یاسین ساڵح و جووتە برا(رەزاق و فایەق) بەڕاستی شوورەی پۆڵا بوون بۆ پاراستنی گۆڵی سلێمانی.
*تیپی هەڵبژاردەی پۆلیس یاریكەری زۆر بەناوبانگی عیراقی تیا بوو وەكو (عەلی كەریم كە یاریكەری تیپی هەڵبژاردەی ئەهلی عیراقە، جەبار ئەبو ئەلعورە، جاسم ئەبو ئەلمەواتف، شامل تەبڕە، صابر، ئەلبێرد، تەها غەزال).



#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان