شەڕە قسەی سعودییەکان و ئەوروپا دەستیپێکرد

11:39 - 2023-09-11
وەرزش
220 جار خوێندراوەتەوە

عەلی کەریم



سندوقی وەبەرهێنانی گشتی كە یەكێكە لە گەورەترین سندوقەکانی سامانی جیهان و سامانەكەی زیاتر لە (620) ملیار دۆلارە، بەم دواییە چواری یانەی سعودی گرتۆتە خۆی بە ناوەكانی (هیلال، ئەلنەسر، ئیتحاد، ئەهلی)  و رێگەی بەم یانانە داوە گرێبەستی گەورە بكەن بە بڕە پارەیەكی زۆر بۆ كڕینی یاریزان، كە زۆربەیان لە خولی (ئینگلیزی و ئیسپانی و ئیتاڵیا) ن.

گرێبەستی گران بەها 
ئەو تەوژمە وەرزشییە گەورەیەی كە ئەمڕۆ لە جیهاندا بەرێوەدەچێت، بە رێبەرایەتی عەرەبستانی سعودی، لە بازاڕەكانی گواستنەوەی یاریزاناندا، بە كریستیانۆ رۆناڵدۆ دەستیپێكرد، دواتر كەریم بنزیما و نەیمار و سادیۆ مانی و چەندین یاریزانی ناوداری تریشی گرتەوە، ئەم هەنگاوەی سعودییەکان  بۆ ئەوەیە خولی وڵاتەکەیان لە نێو باشترین (10) خولەکانی جیهاندا بوەستیت، ئەم هەنگاوەش جگە لەو ئامانجە، بۆ هێنانی گەشتیار و هەروا پەرەپێدانی سیستمی وەرزشییە  تا وەك ئامڕازێكی ئابووری کاری پێ بکرێت و بەم هەنگاوەش خولەکە لە داهاتوودا بچێتە پێشبركێیەكی گەورەوە لەگەڵ یانە گەورەكانی ئینگلتەرا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و فەرنسا و هۆڵەندا.
لەگەڵ ئەم رەوتە نوێیە لە هێنانی ژمارەیەكی زۆر بەرچاو لە ناوە گەورەكانی جیهانی تۆپی پێ‌، زۆر سروشتییە شەپۆلێکی گەورەی رەخنەش لەم هەنگاوە بێتە ئاراوە، هەر ئەوەش نا تەنانەت هەندێك لە سەركردەكانی تۆپی پێی‌ ئەوروپاش داوای راگرتن و كۆتایی هێنان بەم پرۆسەیە دەکەن یان هەر نەبێت سنور و یاسایەکی بۆ دانرێت، چونكە پێیان وایە ئەوە هەڕەشەیەكە بۆ خولەکانی ئەوروپا و هەندێكیش بە پێچەوانەوە پێیان وایە هیچ مەترسییکی بۆ ئەوروپا نابێت.

سەرۆكی یوفا
سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا سەبارەت بەو کارەی سعودییەکان ووتی؛ ئەمانە هەمووی قسەی میدیاكانە، پێم وایە تا ئەمڕۆ ئەم پرۆسەیە هەڕەشە لە یاریگا و پێشبڕكێكانمان ناكات، هەروەها ووتی؛ پێشتر لە چینیش بۆندی گرانبها و پارەیەكی زۆر بۆ هەمان هەنگاو خەرج کرا، بەڵام ئەنجامەكەی ئەوە بوو هەڵبژاردەی چین نەیتوانی بۆ مۆندیال سەربکەوێت .
پیپ گواردیۆللا
لەو باریەوە گواردیۆللای راهێنەری مان سیتی دەڵیت: ئەو هەنگاوەی سعودییەکان پێشبینی نەدکرا بەو شێوەیە بێت و پێشبینیش دەكەم كە چوونی یاریزان بۆ ئەو خولە بەردەوام بیت، نازانم تاكو كەی ئەو شەپۆلە بەردەوام دەبێت، هەروها گوتی: دەبێ‌ خولی ئینگلیزی لە رووی داراییەوە ئاگادار بێت، ئەوەی ئێستا سعودییەکان دەیکەن تەحەدایەکی گەورەیە و دەتوانن لە داهاتوودا پێشبرکێی یانەکانی ئەوروپا بكەن.

جیمی کاراگەر
جیمی كاراگەری یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلترا و یانەی لیڤەرپوڵ
دەڵێت؛ لە ئەگەری راكێشانی یاریزانە گەنجەكانمان و لە داهاتوشدا راهێنەرە بەناوبانگەكانی جیهانیش، خولە ئەوروپییەكان ناوبانگی خۆیان لە دەست دەدەن، بۆیە داوا لە فیفا و بەرپرسانی وەرزشیی ئەوروپا دەكەم ئەم شەپۆلە رابگرن، کاراگەر سعودییەکەنی بە خوێن رێژ ناوبردوو داواشی کرد بێ بەشیش بکرێن لە رێکخستنی بۆنە گەورەکان کە مەبەستی مۆندیالە.
  وەڵامی میدیاكانی سعودیەش بۆ جێمی كاراگەر و رەخنەگرانی تر لەم پرۆسەیە ئەوەبوو کە ئەوە ئینگلتەرا بوو نیوەی جیهانی داگیركرد و وێرانی كرد، سامانی زۆربەی وڵاتانی دنیای تاڵانكرد، کەچی جیمی كاراگەر و هاوشێوەكانی هەستیان نەجوڵا و ئیدانەیان نەكرد، میدیاکانی سعودییە ئەوەشیان ووت کە یانە ئینگلیزییەكان ئەوە دەیان ساڵە بە بێ‌ هەژمار پارە خەرج دەکەن لە رفاندنی یاریزانان و راهێنەرە مەزنەكان، ئەی بۆ بۆ ئەوان حەڵاڵەو بۆ وڵاتانی تر حەرامە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان