مامۆستای زانكۆیە و یاریزانی هەڵبژاردەی عیراقە

11:41 - 2023-09-11
وەرزش
580 جار خوێندراوەتەوە

فەرید دڵشاد

بەهار عوسمان عەبدوڵڵا مامۆستایە لە زانكۆی سلێمانی و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە و یەكێكیشە لە خاتونە وەرزشكارە باشەكانی كوردستان.
ئەم خاتونە ساڵی 1989 لە سلێمانی لەدایكبووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای وەرزش و وەرزشكردن لە ناخیدا درووستبووە، لە یانەی ئەفرۆدێتی شاری سلێمانییەوە چۆتە دنیا بەرفراوانەکەی وەرزش و لەم یانەیە وەك یاریزانێكی باشی گۆڕەپان و مەیدان و فوتساڵ و بالە و باسكە و تۆپی دەست خۆی ناساندووە و جێگە دەستی دیار بووە.
لەنێو ئەو وەرزشانەی كە كردوونی ئەم زیاتر خۆی لە یاریی تۆپی دەستدا بینییەوە و لەم وەرزەشدا لەگەڵ یانەی ئەفرۆدێت، ساڵی 2006 دەبنە پاڵەوانی یانەكانی كوردستان.
هەرلەگەڵ یانەی ئەفرۆدێت ساڵی 2019 پلەی دووەمی كوردستانیان بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستی عیراقیش چەند جارێك پلەی دووەمی و سێیەمیان بەدەستهێناوە، هەرلەبەر ئەم ئاستە باشەی كە لەگەڵ یانەكەی نواندوویەتی، ساڵی 2017 بۆ ریزی هەڵبژاردەی عیراق دەستنیشان كراوە، هەر ئەو ساڵە لەگەڵ هەڵبژاردەی عیراق و لە پاڵەوانێتیی تۆپی دەستی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیادا سێیەم بوون، ئەمساڵیش 2023 هەر لەسەر ئاستی ئاسیا و وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا، پلەی دووەمی و جامی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی دەستی ئاسیا و جارێكی تریش سێیەم بوون.
ئێستا بە گرێبەستێك چۆتە یانەی فەتاتی كەركوك و ئەمساڵیش پاڵەوانی خولی عیراق بوون.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان