دەمارگیریی و توندڕەوی دۆخی سیاسیی عیراق بەرەو نادیار دەبەن

09:07 - 2022-05-17
دووتوێ
299 جار خوێندراوەتەوە
عیراقییەكان چاوییان لە باشبوونی رەوشی گوزەران و خزمەتگوزارییەكان بڕیوە

ئاوێنەی عیراق

توندڕەوی 
بە وتەی شەممەری»لەدوای چەندان مانگ لە دواخستنی پرۆسەی سیاسی بۆ پێكهێنانی حكومەت، تائێستاش هەندێك لایەن پێداگرن لەسەر هەڵوێستی توندڕەوانەی خۆیان سەبارەوت بە كۆتایی هێنان بەم رەوشە، بگرە هەر حزبێك سورە لەسەر هەڵوێستی خۆی، ئەمەش وایكردووە دیمەنی سیاسی وەك خۆی بمێنێتەوە و گۆڕانكاریی بەخۆوەنەبینێت، لەكاتێكدا دەبوو حزب و فراكسیۆنە سیاسییەكان لەكۆتاییدا بگەنە ئاكامێكی وەها كە جێگەی رەزامەندی هەموان بێت و كۆتایی بەم چەقبەستنە سیاسییە بێت كە لە وڵاتدا دروستبووە، چونكە هەردوو لایەنی ناكۆك لەئێستادا لەگەڕخەرن، ئەم لایەنە ئەوی تر لەگەڕدەخات و ئەوی تر بە هەمان شێوە، بۆیە گەیشتن بە چارەسەر و لێكتێگەیشتن تاكە رێڕەوە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی چەقبەستنی سیاسی كە ماوەیەكی زۆری خایەند». 

گەورەترین فراكسیۆن
لای خۆیەوە سەعد موتەڵیبی، سیاسەتوانی سەربەخۆ پێیوایە»سەركردایەتی هاوپەیمانی سێقۆڵی و بەتایبەت رەوتی سەدر، مافی خۆیەتی حكومەت پێكبهێنێت، چونكە خاوەنی گەورەترین فراكسیۆنە و نوێنەری گەورەترین پێكهاتەی كۆمەڵایەتییە، هەروەها مافی هەیە هەندێك بڕیار دەربكات، بەڵام ئەو بڕیارانە سەبارەت بە فراكسیۆنە سیاسییەكانی تری نێو  هاوپەیمانی سێقۆڵی (پارتی و سیادە)، بە بڕیاری تاكڕەوانەن دادەنرێن، لەبەرامبەردا چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشت  بەدیدی خۆی دەبەستێت بۆ پەلكێشكردنی چەند بەشێك لە هاوپەیمانی سێقۆڵی، لەگەڵ دیدی چوونە نێو دانوستانی كراوە لەگەڵ هەموو فراكسیۆنەكانی گۆڕەپانی سیاسی عیراق، بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، حكومەتێك كە نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عیراق بكات». 

بەرنامەیەكی سیاسی 
بە بۆچوونی موتەڵیبی»چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێیوایە، پێویستە لایەنە سیاسییەكان لەنێو خۆیاندا رێكبكەون لەسەر بەرنامەیەكی  رۆشن كە خزمەت بە هەموو پێكهاتەكانی گەلی عیراق بكات، بەبێ‌ جیاوازیی یان پەراوێزخستن، بۆیە زۆرێك لەوبڕوایەدان لەم ماوەیەی دواییدا چاوپێكەوتن و دیالۆگ لەنێوان فراكسیۆنە سیاسییەكان و بەتایبەت سەركردەكانی  رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی سازبكرێن، چاوپێكەوتنەكانیش لەسەر بەرزترین ئاست دەبن لەنێوان سەركردەكانی هەردوولا و دەستپێشخەریی دەبن بۆ هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی تەوافوقی كە رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پاشماوەی فراكسیۆنە سیاسییەكانی تر كە نوێنەرییان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا هەیە بەشداریی تێدا دەكەن». 

سوربوون لەسەر هەڵوێستەكان 
زۆرێك لە چاودێرانی كاروباری نێوخۆی عیراق لەوبڕوایەدان، ئەمەی وڵاتی پێداتێدەپەڕێت لە پشێوی و لێكترازانی سیاسی كە گەیشتۆتە ئاستی چەقبەستن، هۆكارەكەی هاوپەیمانی سێقۆڵییە كە چەند جارێك دووچاری شكست بوو لە پێكهێنانی حكومەت، و دیالۆگ و لێكگەیشتنی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تردا رەتكردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، لەمڕۆشدا دێت و تۆپەكە دەخاتە یاریگای سەربەخۆكان، بەڵام بەبێ‌ ئەوەی سودی هەبێت. 
پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق زۆر دواكەوت، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر حزمەتگوزاریی و پرۆژەكان و بڕیارەكانی پەیوەست بە هاووڵاتی دروستكردووە، بۆیە پێویستە لەسەر لایەنەكان بگەنە چارەسەرێك بۆ كۆتایی هێنان بەم رەوشە كە لەلایەن گەل و لەلایەن خودی هێزە سیاسییەكانیشەوە نەخوازراوە، لەو پێناوەشدا پێویستە هەموان سازش لەسەر هەندێك لە داواكارییەكانیان بكەن، لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكان. 
 
دەستپێشخەرییەكان 
جاسم عەتوان موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند»زۆربەی لایەنە سیاسییەكان رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ دەستپێخەرییەكەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، جگە لە بەشێكی كەم» كە لەلایەن ئەوەوە بە دەمارگیر وەسفكران. 
موسەوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»دیالۆگی ئەرێنی لەنێوان ئەو فراكسیۆنە سیاسیانە دەستپێدەكات كە دەستپێشخەرییەكەیان بەلاوە پەسەندە، دوای ئەوەش هەموان بەرەو دیاریكردنی وادەیەك دەچن بۆ سازدانی دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، لەپێناو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكومەت». 
موسەوی گەشبینی خۆی بەرامبەر بەو دەستپێخەرییە دەربڕی»بەوپێیەی لەلایەن زۆربەی فراكسیۆنە سیاسییەكانەوە پەسەنكراو بووە و دەكرێت بڕگەكانی بەشێوەیەكی واقیعی جێبەجێ‌ بكرێن». 

لەم ماوەیەی دواییدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستپێشخەرییەكی نیشتمانی بۆ چارەسەكردنی چەقبەستنی سیاسی خستەڕوو كە لێوەی داوای لە هەموو لایەنەكان كرد، لەسەر مێزی دیالۆگ كۆببنەوە بۆ تاوتوێكردنی چارەسەرەكان، بەبێ‌ هیچ كۆتوپێوەند و مەرجێكی پێشینە. 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، محەمەد كەریم پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاندبوو»چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەوانی لەگەڵیدان، جموجۆڵەكانیان دەستپێدەكەن بەئاراستەی بنیاتنانی دەوڵەت و هێنانەكایەی حكومەتێكی بەهێز كە بتوانێت عیراق لە تەنگژەكان رزگاربكات و نوێنەرایەتی هەموان بكات».  
محەمەد كەریم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»جموجۆڵێكی سیاسی لەئارادایە بۆ كۆتایی هێنان بە تەنگژەی سیاسییەكانی ئێستا، لەپێناو بنیاتنانی دەوڵەت و هێنانەكایەی حكومەتێكی بەهێز كە توانای چارەسەركردنی كێشەكانی وڵاتی هەبێت»، جەختی لەسەر گرنگی دووركەوتنەوە لە كڕین و فرۆشتنی پۆستەكان كردەوە لەلایەن هەندێك هێزی سیاسی. 
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی»رەوشی سیاسی رووی لە كرانەوە و چارسەری تەنگژەكانە، لەپێناو هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌ كە حزمەت بە هاووڵاتی بكات و وڵات لەم تەنگژانەی پێیدا تێدەپەڕێت رزگاربكات». 
محەمەد كەریم دەڵێت»خۆكۆكردنەوەی هەندێك لە لایەنەكان بۆ خستنەڕووی پۆستەكان و كڕینیان، بەمەبەستی پەلكێشكردنی هەندێك لە كەسێتییەكان، نابێتە مایەی لەدایكبوونی حكومەتێكی بەهێز، بگرە حكومەتێكی فشەڵ و لاواز دێنێتە كایە كە توانای بەجێگەیاندنی ئەركەكانی  سەرسەرشانی نابێت بەرامبەر بە هاووڵاتی». 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان