یەکدەنگیی کورد لەسەر ئاستی حکومەت و لایەنەکان لە بەغدا، سەلماندیەوە پرسی بودجە و قووتی هاووڵاتیان پرسێکی نیشتمانییە و داکۆکی لێدەکەن، ئەندامێکی لیژنەی داراییش لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: "وەفدی هەرێم داوای چوار ترلیۆن و 800 ملیار دیناری وەک پشکی هەرێم بۆ شەش مانگی کۆتایی ئەمساڵ لە عیراق کردووە کە لەکۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا یەکلا دەبێتەوە".
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIAی راگەیاند: "یەکهەڵوێستی کورد جارێکی دیکە ئەوەی بۆ لایەنە عیراقییەکان سەلماندەوە کە پرسی بودجە و مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پرسێکی نیشتمانییە و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان کە نوێنەری خەڵکی هەرێمی کوردستانن، پشتگیری لێدەکەن".
وتیشی، "وەفدی هەرێم لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە و لایەنە عیراقییەکاندا داوایانکردووە کە پشکی هەرێم بۆ مانگەکانی (7-8-9-10-11-12)ی ئەمساڵ کە مانگانە 800 ملیار دینارە و تێکڕا دەکاتە چوار ترلیۆن و 800 ملیار دینار بنێردرێت".
راشیگەیاند: "وەفدی هەرێم و نوێنەری لایەنەکان لە بەغدا تەئکیدیان لەوەکردووەتەوە، ئەگەر حکومەتی عیراق ئەو بڕە پارەیەیان بۆ بنێرێت، تەرخاندەکرێت بۆ مووچە و هەوڵدەدرێت مووچەی مانگەکانی 7و 8و 9ی پێ دابەشبکرێت و بۆ مانگەکانی داهاتووش هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا مووچە دابەشبکات".
د.نەرمین مەعروف وتیشی: "ئەگەر ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەکۆبوونەوەی یەکشەممەی داهاتوودا بڕیار لەناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بدات، پێناچێت هەموو ئەو بڕەی حکومەت داوایکردووە بەسەریەکەوە بینێرێت، رەنگە سەرەتا ئەو پشکە بنێرێت کە بەشی مووچەی ئەو سێ مانگەی رابردوو بکات مووچەی تێدا دابەش نەکراوە".