هەستی نەتەوایەتی لای فەقێ قادر

10:45 - 2023-09-17
کەلتور
1076 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد هەمەوەندی


ئێمە لامان وایە تێکڕا هەر شاعیر و ئەدیب و ئەدەبدۆستێکی کورد پێش بڵاوبوونەوەی هەستی نەتەواییەتی لەناو کوردا، شیعری بە کوردی وتبێ، هەر مەلایەکی کورد پێش ئەو سەردەمە بەرهەمی ئایینی بە زمانی کوردی نووسیبێت، نەتەوەدۆستی و ئارەزووی خزمەتکردنی نەتەوە ئەو سەودایەی خستووەتە مێشکییەوە. فەقێ قادریش ئەگەر تەنها لە دەلاقەی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی و خێڵەکەیەوە بۆی بڕوانین، دەبێ بیخەینە ناو ئەم چوارچێوەیە و دان بە بوونی ئەم هەستە لەدڵیدا بنێین. خۆ ئەگەر بێت و وردتر و دوورتر بڕوانین، ناتوانین لەبارودۆخی سەردەمی بابانەکان و پەیوەندی هەمەوەند بە بابانەکانەوە و لەبڵاوبوونەوەی دەنگ و باسی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی گەڵانی عوسمانی و دەنگدانەوەی سیاسەتی ئەو چەرخەی لە کوردستانی خواروودا، جیا بکەینەوە.
بەشداریکردنی هەمەوەندەکانیش لەوەپاش لە شەڕەکانی شێخ مەحموددا لە دژی ئینگلیز کە هەموو شارەزایەکی مێژووی ناوچەکە ئاگایی لێیەتی، نیشانەی بوونی ئەو دەنگدانەوەیەیە نەک تەنها لە دڵی خوێندەوارێکی وەک فەقێ قادر، بەڵکو لە دەروونی سەرانسەری خێڵی هەمەوەنددا. کەواتە فەقێ قادر جیا ناکرێتەوە لەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییەی نالی و سالم و حاجی قادری کۆیی تیا خوڵقا و بەرهەمی هەمان زرووفە کە ئەو شاعیرانە و گەلێ شاعیری تری قوتابخانەکەی ئەوانی هێنایە بەرهەم.
هەرچەندە بەرهەمەکانی فەقێ قادر تێکڕا بەرهەمی ئایینی و کۆمەڵایەتی و هەستی نەتەوەیی و نەتەوەپەروەرین، ئێمەش هەوڵ دەدەین لەم سەرەتایەدا ئەو نموونانە بخەینە ڕوو : لەکتێبی پەندی حوکەماکەیدا کە باسی وەرگێڕانی کتیبەکە دەکات لە فارسییەوە بۆ کوردی دەڵێت :
چوون فارسی بێ پەند حەکیمان
بە لەفز کوردی کەردم تەرجومان
سا چوون ئەسڵم سێنف ئەکرادەن
هەرکەس بە ئەمسال وێش خاتر شادەن


واتە: لەبەرئەوەی پەندی حەکیمان ئەسڵەکەی فارسی بوو، من گۆڕیمە سەر کوردی، چونکە من خۆم ئەسڵم کوردە و هەموو کەسێکیش بەهاوچەشنی خۆی و پەندی هاوچەشنی خۆی شادمان و دڵخۆشە. بەم جۆرە فەقێ قادر بەشێوەیەکی سادە و ئاشکرا ڕوونی کردووەتەوە کە بۆچی کتێبەکەی لەفارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر کوردی و هەقی داوە بە هەموو کەس بە بەرهەمی هاوچەشن و هاوزمانی خۆی شاد بێت.
هەروەها لە میعراجنامەکەیدا دەڵێت:
هەرچەند بێحەددەن سییەر نەبی
هەم بە فارسی، هەم بە عەرەبی
جاهێلان کورد بێ حەدد و حێساب
نمەکەن تەفهم فارسی کێتاب
تا دەڵێت :
کێشانم تەسدیع پەرێ هامدەمان
کەردم تەرجومە بە لەفز گۆران


کە لە کتێبی دروودنامەکەیشیدا باسی ئەوە دەکات کە خوالێخۆشبوو کاک ئەحمەدی شێخ لە خوا پاڕانەوەی حەزرەتی خزری لە مەکتووباتەکەیدا کردووە بە فارسی، دەڵێت :
ئەو بە فارسی هەفتاد ئێستێغفار
تەرجومەش کەردەن پەی تەسهیل کار
تا دەڵێت:
من هەم تەرجومەی ئەو پیر کامێڵ
بە لەفز (گۆران) کەردەنم تەکمێڵ


وەک گەلێ لای بەرهەمەکانییەوە دەردەکەوێت، فەقێ قادر رقێکی زۆری لە عوسمانییەکان بووە. هەرچەند ئەو بە ناوی تورک ناویان دەهێنێت، بەڵام مەبەستی ئەوانە، چونکە فەقێ قادر موسوڵمانێکی راست و پاک بووە و لە ئیسلامەتیدا رقی نەتەوەیەک لە نەتەوەیەک بە هیچ جۆرێ نییە و رەوا نییە. رق دەبێ لە زاڵم و ستەمکار و کاربەدەستانی لەخوانەترس بێت. ئینجا فەقێ قادر ئازار و جەزرەبەی لەسەر دەستی حوکمڕانە عوسمانییەکاندا چەشتووە نەک لەسەر دەستی خەڵکی رەش و رووتی تورک کە لە وڵاتی خۆیاندا ژیاون و بە دەرد و ئازاری خۆیانەوە تلاونەتەوە.
بەڵام بە بۆچوونی ئێمە رقەکەی فەقێ قادر تەنها رقی ئەوە نەبووە کە زەلامێکی دیل بووە و دیلی عوسمانی بووە، فەقێ قادری دیل کە قسە دەکات، وەک تاقە کەسێک قسە ناکات، بەڵکو وەک کورد قسە دەکات، واتە: رقەکەی عوسمانی لە گەلەکەیەتی. دیارە ئەمەی لە تەجرەبە و تاقیکردنەوەی ساڵانی خۆی و خێڵەکەی و گەلەکەیەوە بۆ دەرکەوتووە و مێژوو پڕە لە نیشانەی ئەوە کە عوسمانییەکان چیان بە کورد و میرنیشینییەکانی کورد کردووە و چۆن چەندین جار بە گژی یەکیاندا داون و چەند جار لەگەڵ عەجەم دەستیان لە دژیان تێکەڵ کردووە و هیچ گوێیان بەوە نەداوە کە هیچ نەبێ ئەمانیش موسوڵمانن وەک ئەوان خۆیان ئیددیعای موسوڵمانەتی دەکەن. بۆیە ئەوەتە لە میعراجنامەکەیدا سەرزەنشتی خۆی دەکات کە پێیان هەڵخەڵەتا و داوا لە خەڵک دەکات ئەوانیش وەک ئەم پێیان هەڵنەخەڵەتێن :
بەدام و تەزویر، بەحیلە و بە فەن
ها کەفتی نە دام تورک ئەهرێمن
هەرکەس بە تورکان بکەرۆ باوەڕ
ئەحمەق ئەو کەسەن جە من ئەحمەقتەر

هەروەها هەر لەم کتێبەدا دەڵێت :
هەم کورد چەنی تورک بگێرۆ ئولفەت
ئەڵبەت وێنەی تۆ مەمانۆ خەجڵەت


تا پاشان هەر لەم کتێبەدا لە باسی سەرگوزەشتەی کەو و بازدا بەراوردی پێوەندی کورد و تورک بە هیی کەو و باز دەکات و دەڵێت :
چوون کەبک و بازەن ئونس کورد و تورک
مەر کێ جە سایەی تورکان بی بزورگ 
مەعلوومەن جە لای عارێفان کار
دۆستی تورک و کورد نیەن پایەدار


سەرچاوە :
دیوانی فەقێ قادری هەمەوەند، کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و فاتێح عەبدولکەریم، ئامادەکردن و رێکخستنەوەی، کاروان عوسمان خەیات، چاپی دووەم 2021، لاپەڕە 65-68


#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان