گۆڕانی کەشوهەوا کاری نێگەتیڤی کردۆتە سەر کەمبوونەوەی ئاو، زۆر لە سەرچاوە ئاوییەکان کەمیان کردووە یان بەیەکجاری وشکبوون، بەپێی توێژینەوە زانستییەکان و پێشبینی زانایانی کەشناسی و جیۆلۆجی ئەگەر کار وابڕوات ئەوا لە 25 ساڵی داهاتوودا زۆر وڵات و شوێن بێ ئاو دەبن و کەمبوونەوەی ئەو سامانە مرۆڤایەتییە دەبێتە قەیرانێکی جیهانی گەورە، هەر لە ئێستاشەوە ئاماژەکانی ئەو قەیرانە دیارکەوتوون.
توێژنەوەیەکی نوێی زانکۆی تەکنەلۆژی ڤیەننا TU Wien کە زانیاری و داتای لەسەر 9500 رووبار و دەریاکانی و سەرچاوەی ئاوییە جیاجیاکان لە وڵاتان کۆکردۆتەوە و بۆیان سەلماوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ساڵی 2050 زۆر وڵات تووشی قەیرانی ئاودەبن بە تایبەتیش ئەوانەی سەرچاوەی ئاویان نییە یان کەمە، زانایانی ئەو زانکۆیە دەڵێن: کەشوهەوا پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئاوەوە هەیە، چونکە کاتێک دنیا گەرم بێ و باران کەم ببارێ زەوی وشک دەبێ و ئەمەش وادەکات ئاوی ژێر زەوی کەمبێتەوە، توێژینەوەکەیان ئەو وڵاتانەی دیاریکردووە کە لە سێ دەیەی داهاتوودا تووشی ئەو قەیرانە دەبن ئەوانیش ئەفریقا و ئوسترالیا و هەندێک شوێنی ئەمریکای باکوور، بۆیە ئەو زانایانە داوا لە دەسەڵاتی وڵاتان دەکەن ئەو کەیسە بەهەند وەربگرن و لەڕێی پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی لێچووی گازی ژەهراوی رێ لەبەرزبوونەوەی پلەی گەرما بگرن و خەڵکیش دەست بەئاوەوە بگرن و ئەو سامانە گرنگەی ژیان بەفیڕۆ نەدەن.
سەرچاوە: Nature Water