خواردنی سەر عەرەبانەکان ناتەندروستە؟

09:51 - 2023-09-18
ڕاپۆرت
718 جار خوێندراوەتەوە
خواردنی سەر عەرەبانەکان زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

لەم چەند ساڵەی دوایدا بەشێوەیەكی بەرچاو لە شوێنە گشتی و سەر شەقامەكاندا، خواردنی خێرا (فاست فود) لە كۆشك و لەسەر عەرەبانەکان بەشێوەیەكی بەربڵاو دەفرۆشرێت.
بەشێكی زۆری ئەم خواردنانە ناكەونە ناو چوارچێوەی رێنماییەكانی تەندروستی و پاك خاوێنی و بەشێكی زۆریان لە کاتی ئامادەکردن و فرۆشتنی خواردنەکاندا رەچاوی رێنماییە تەندروستییەكان ناکەن، کاتی کارکردنیان زیاتر ئێواران و شەوانە لەبەرئەوە کەمتر لەلایەن لیژنەکانی تەندروستییەوە چاودێری دەکرێن، ئەمەش زیان بە تەندروستی هاووڵاتیان دەگەیەنێت.
لە هەموو شوێنەكاندا بڵاوبوونەتەوە
سەنگەر حەسەن دانیشتووی گەڕەكی دەروازەی شاری كەركوك لەسەر خواردنی سەر عەرەبانە وتی، هەر دەمەو ئێوارەی لێدێت لە زۆربەی شەقام سەرسوچی كۆڵان و شەقامە گشتییەكان عارەبانەی دەستگێڕ بڵاودەبنەوە و تا درەنگانێكی شەو لەو شوێنانەدا كاردەكەن و لە دوای خۆشیان پاشەڕۆیەكی زۆری خواردەمەنی بەجێدەهێڵن بەبێ ئەوەی پاكی بكەنەوە.
 شۆڕش ئەحمەد دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوك وتی، ئەو عەرەبانانەی خواردنی خێرا دەفرۆشن بەشێوەیەكی بەرچاو  بڵاونەتەوە و قەرەباڵغییەكی زۆریان لەسەر شەقام و شۆستەكان دروستكردووە.
وتیشی، ماوەیەك خواردنی سەر عەرەبانەم دەخوارد، بەڵام کاتێک زانیم وەك پێویست پاكوخاوێن نین لەڕووی تەندروستییەوە ئیتر وازم لێهێنا و نایخۆم، چونكە ماوەیەك تووشی هەوكردن بە جۆرە ڤایرۆسێك بووم تا ماوەیەكی دوور و درێژ لە هەوڵی 
چارەسەركردندا بووم.
هەندێکیان شوێنیان نادیارە
سامان یابەعەلی وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك رایگەیاند، لیژنەكانی تەندروستی بە هەموو شێوەیەك چاودێری خواردەمەنی و خواردنەوەكانی دەرەوە دەكەین لە پارێزگاكەدا، دوور و نزیك چاودێری هەموو شوێنەكان دەكەین، بەڵام ئەوەی راستی بێت بەشێك لە خاوەن عەرەبانەكانی خواردەمەنی ناكەونە چوارچێوەی سەرپەرشتییە تەندروستییەكانی ئێمەوە، چونكە بەشێكیان شوێنەكانیان نادیارو گەڕۆكن هەر شەوەی لە شەقامێك و شوێنكدا دەگیرسێنەوە بەمەش چاودێریكردنیان قورس دەبێت و وەك پێویست نابێت و ناكەونە چوارچێوەی رێنماییەكانی تەندروستییەوە.

 

بەشێك لە خاوەن عەرەبانەكانی خواردەمەنی بەهۆی نادیاری شوێنیان چاودێری تەندروستییان لەسەر  نییە

 

سزای مادی دراون
وتیشی، تائێستا چەند جارێك لەسەر ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان تیمەكانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتاوەتە سەر گەلێك شوێن و دەستیان بەسەر كەلوپەلەكانیاندا گرتووە و سزای مادی پێویست دراون، جگە لەوەی چەندین شوێن لەبەر نەبوو مۆڵەتی یاسایی تەندروستی دەستی بەسەردا گیراوە، یان ئەو تیمانەمان دەستگیركردووە كە خواردنی نا تەندروست دەگوازنەوە بۆ عەرەبانە گەڕۆكەكانی سەر شۆستە و شەقامەكان.
باسی لەوەشكرد، لیژنەكانی ڤێترنەری كارەكانیان زیاتر لە رۆژدا جێبەجێ دەكەن، بۆیە چاودێركردنی ئەو ئاژەڵانەی لە دەرەوەی کوشتارگەكان سەردەبڕدرێن شارەزاییان لێی نییە و ناتوانن چاودێری وردی بۆ بكەن كە تا چەندێك چۆتە چوارچێوەی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیانەوە.
نەبوونی مۆڵەت
هاوڕێ زەنگەنە ئەندامی لیژنەكانی قایمقامییەتی كەركوك رایگەیاند، بەشێكی زۆری ئەو عەرەبانە گەڕۆكانە مۆڵەتی شارەوانی و تەندروستیان نییە و لەبەر باری دارایی لە پارێزگاكەدا چاوپۆشی لە رێنماییەكانی شارەوانی و تەندروستی دەكرێت، بۆیە بەشێكی زۆریان لەکاتی ئامادەکردن و فرۆشتنی خورادنەکانیان رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان ناکەن.
وتیشی، لەدوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون تیمەكانمان بەشێوەیەكی چڕ كەوتوونەتە بڵاوكردنەوەی رێنماییەكان و دەستبەسەراگرتنی بەشێكی زۆری ئەو شوێنانە یان ئەو تیمانەی خواردەمەنییە نا تەندروستەكان لەسەر شەقام و شۆستەكان دەفرۆشن.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان